بچوککردنەوەی حکومەت..هەنگاوێک بۆ چارەسەر

سەركۆ یونس

06/01/2021
حکومەتی هەرێم لە (19) وەزارەت و پێنج فەرمانگەی باڵا و (6)دەستەی سەربەخۆ پێکهاتوە. جگە لەوەی کە هەرێم خاوەنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و چەندین نوێنەرایەتی دیبلۆماسییە لەوڵاتانی ناوچەکەو جیهان.
بەپێ ی ئامارەکان نزیکەی (680)هەزار فەرمانبەر لەدامودەزگاکانی حکومەتدا هەن، سەرەڕای (30)هەزار فەرمانبەری گرێ بەستی کاتی، کە داوا دەکەن ببن بە فەرمی.
بۆ مووچەی یەک مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەران، بەبێ لێبڕین هەرێم پێویستی بە (894)ملیار دینار هەیە. بەلێبڕینی ڕێژەی(21%) پێویستی بە نزیکەی (754)ملیار دینار هەیە.
بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و مووچە لەلایەک، سەرهەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆس و لێکەوتەکانی لەلایەکی ترەوە، زۆربەی کاروچالاکییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، تاڕادەی ئیفلیج بوون گەشتوون.
بەپێ ی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی؛ لە هەر پێنج فەرمانبەرێکی میری، چوار فەرمانبەر زیادەن! واتە بەرهەمداری ڕۆژانەیان یەکسانە بە سفر، کە تەنها بارگرانین بەسەر بودجەی گشتییەوە، وە بەبێکاری شاراوە ھەژمار دەکرێن.

ئەم شێوازی ئیدارەدانە لەهەرێمدا، زیاتر ڕەهەندی سیاسی زاڵترە، تاڕەهەندی ئابووری و کارگێڕی، زۆربەی کات بۆ ڕازیکردنی لایەنێکی سیاسی، پۆستی وەزیر و تەنانەت هەندێجار وەزارەتێکی بۆ دادەتاشرێت، کە ئەمە خۆی بۆخۆی لەدوو لاوە سەرچاوەی ئاریشەکانە.
لەلایەک بنکەفراوانی کابینە و زۆری ژمارەی وەزارەت؛ لەئێستادا بەهەدەردانی دارایی گشتییە، لەئایندەدا خانەنیشینی چەندین پلەدار دروست دەبێت، کەدیسان بارگرانی دروست دەکات بۆ بودجەی گشتی. هەرێمی کوردستانیش لەم ڕووەوە پێشەنگە لەخانەنیشینکردنی پلەداری نائاسایی و حزبی.
لەلایەکی ترەوە زۆروبۆری کابینە، بۆ خودی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی کێشەو سەرئێشەیە. بەتایبەت لەکاتی بڕیاردان لەسەر بابەتی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی، چونکە ڕازیکردنی ئەو ژمارە زۆرە ئەستەمە.
لەڕووی کارگێڕییەوە، سەلمێنراوە هەتا فەرمانبەرانی حکومی کەم بێت، کاروچالاکی کارگێڕی و ڕۆتیناتی ڕایکردنی هاوڵاتیان باشتر و خێراتر و سەرکەوتوتر دەچێت بەڕێوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە؛ هێشتا حکومەتی هەرێم، لەسەر ڕەوتی کارکردن بەردەوامە و چارەسەری واقعی و زانستی پەیدا نەکردوە بۆ دەربازبوون لەم هەموو محنەتانە.
یەكێک لەچارەسەرە ئیدارییەکان لەکاتی تەنگەژە و قەیرانی دارایدا؛ بچوککردنەوەی کابینەی حکومەتە. دەکرێت و زۆر بەئاسانی، وەک ڕێگاچارەی کاتی هەموو ئەو وەزارەت و دەستە و دامەزراوانەی کەپەیوەندییان بەیەکەوە نزیکە و لەکاروباری ڕۆژانەدا پەیوەستن بە یەکەوە پەیوەست بکرێن وکاروبارەکانیان یەکبخەن. بۆ نمونە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێشمەرگە و ناوخۆ، کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی...
بێگومان، بەم هەنگاوە ڕێژەیەک لەخەرجییە زۆر و ناپێویستییەکانی حکومی کەم دەبێتەوە، هەر لەمیزانیەی مانگانەی وەزارەت و پلە و پۆستی وەزیر و بەڕێوەبەرەگشتییەکان وڕاوێژکاران و فەرمانبەران و کرێی بینا و ئۆتۆمبیل و سوتەمەنی و پێشینەکانی سەردان و لیژنەکان و... هتد.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەڕۆتیناتی ڕۆژانەی ئیش و کاری هاوڵاتیان کەم دەبێتەوە و گەندەڵی سنوردار دەکرێت.
دەکرێت ئەم هەنگاوە کاتی بێت تا ئەوکاتەی لەقەیرانی دارایی و مووچە وکۆرۆنا دەرباز دەبین.
هەر بۆیە داواکارین، ئەم پلەو پۆستە سیاسیانە وەلا بنرێت تا کاتی خۆی و لەم بارودۆخە قورس و ناهەموارەدا، بارگرانی زیاتر بەسەر بودجە و قوتی هاونیشتیمانیانەوە نەکرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group