کۆتـــــاهەفتە، لــە نێوان هەولێرو بەغدا

سەركۆ یونس

04/02/2021

هەرێم، بۆ چەندین جار وەفدی حکومی ڕەوانەی بەغدا کردووە، هەموو ئەم هاتوچۆیانە هێشتا بەفەرمی ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتی  لێ پەیدا نەبووە، لەم هاتن وچوون وکات کوشتنەدا، ئابووری وبازاڕی هەرێم و هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایین.

هەرێم، ئامادەیە ڕۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت یان بەهاکەی بەنرخی سۆمۆ، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و ڕێژەی (50%) داهاتی دەروازەسنوریەکان و داهاتی ناوخۆیش ڕادەست بکات، لەبەرامبەردا بەغدا پێویستە سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات، کەمانگانە خۆی لەنزیکەی یەک تریلیۆن دینار دەبینێتەوە.بەڵام وادەردەکەوێت لایەنەسیاسیەکان و کوتلەپەرلەمانییەکان، داواکاری تریان هەبێت، تائێستا بە هیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی سیاسی و یاسایی نەگەشتوون،پێ دەچێت ماڵی شیعە،پێداگیری لەسەر مەلەفی نەوتی هەرێم بکەن،ئەمەش لەلای هەرێم هێڵـــی سوورە..
لــــەم ماوەیەدا، پێشنیارو ئەگەری زۆر لەسەر مێزی گفتوگۆکان خراوەتەڕوو، زۆربەیان لەدژی حکومەتی هەرێمن، بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش هاوهەڵویست نین،لەنێوان ڕادەستکردن و ئابوری سەربەخۆدا یەکدی تاوانبار دەکەن.هەرئەم ناکۆکی و دژایەتی کردنی یەکترییە، بووەتە خاڵی لاوازی کورد لە بەغــــدا.

لیژنەی دانوسانکاری هەرێم، بۆ کۆتاجار لە بەغدای پایتەختن، کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی دارایی و کوتلەکانی ناو پەرلەمان چڕوپڕکردوەتەوە، بە ئومێدی دواین گەڕی دانوسان.

زیاتر لە مانگێکە، ڕەشنووسی بودجەی گشتی عێراق، لەئەنجومەنی نوێنەرانە،ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا وادەیە، بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە، پشکی هەرێم بە(12.67%)ی بودجەی گشتی دانراوە.کەنزیکەی 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، ئەگەر بڕی خەمڵێنراوی بودجەی گشتی کەمبکرێتەوە، ئەوا بێ گومان پشکی هەرێمیش کەمدەبێتەوە بەهەمان ڕێژە.

لە ماوەی پێشوودا و دەرئەنجامی کۆبونەوەکانی هەردوولا، بێ منەتی بەغدا بەئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، کەپێمان وایە لەبەر سێ هۆکاری سەرەکییە.

یەکەم: عێراق ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیکە و پابەندە بەبریاڕەکانی ئەو ڕێکخراوەوە، کەلەئێستادا بڕیار دراوە بەڕێژەی (23%)نەوتی هەناردەکراوی ئەندامانی ئۆپیک کەمبکرێتەوە، بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت و پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ، لەبەرئەوە بەغدا لەم قۆناغەدا خۆی بەبێ نەوتی هەرێم، هێشتا بەرهەمی زیاتری هەیە و ڕەوانەی دەرەوەی ناکات، نەوتی هەرێم بۆی بووەتە بارگرانی و سەرئێشە، چونکە خۆی دەتوانێت، ڕۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل ڕەوانەی دەرەوە بکات.

دووەم: بەغدا باش دەزانێت، بەهۆی کۆرۆنا  ڤایرۆس و لێکەوتەکانی لەئێستادا داهاتی خاڵەسنورییەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێم، بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە و بڕەکەی کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی(100)ملیار دیناری مانگانە. هەر بۆیە تێبینی دەکەین، بەغدا بێ منەتی پێوە دیارە و بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم، زیاتر شان شل بکات لەبەردەم داواکارییەکانیاندا.
سێ یەم: لایەنەشیعەکان بەگشتی دەیانەوێت پێگەو قەوارەی سیاسی و ئابوری هەرێم، بچوک بکەنەوە،هەروەها جۆرێک لەجۆرەکان پەشیمان بوونەتەوە لە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵی بەهێزکردنی ناوەند دەدەن، بێ گومان ئەم هەوڵە مەرامی هەندێ لە دەوڵەتانی ئیقلیمیشە.

ئەمە جگە لەوەی کازمی خۆی باری لاسەنگە، دەیەوێت بەردەوام بێت لەکابینەکەی، لەم پێناوەدا ناچارە گوێرایەڵی لایەنە سەرەکیەکان بێت، هەمیشە لەژێر هەڕەشەو گوشاری سیاسی و زۆربەی جاریش شەقامدایە.
هەڵوێستی کوتلەپەرلەمانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی جیاوازە وهەر ئەندامە ونوێنەرایەتی کوتلەیەک دەکەن، بۆیە ڕێکەوتن لەئێستادا ڕەهەندێکی سیاسی قووڵیشی وەرگرتووە.

هیوادارین، سەردانی ئەمجارەی لیژنەکە، کۆتاجار بێت و ڕێکەوتنی کۆتایی بکرێت.بەشەبودجەی هەرێم بەیاسا دابین و مسۆگەر بکرێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم، لەپاش حەوت ساڵ نەبوونی بودجە، دەیەوێت بۆ ساڵی دارایی (2021) پڕۆژە یاسای بودجەی هەبێت.


*ئابووریناس

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group