هەڵە تێگەشتن

سامان وەستا بەکر

08/10/2021

ووشەی پەرلەمان لە زمانی فەڕەنسیەوە ھاتووە و واتە ئاخاوتن. پەرلەمان بە شاندێک ئەوترێت کە لە ھەر وڵاتێک لەلایەن خەڵکەوە ھەڵئەبژێررێ  بۆ دانانی یاسا و چاودێریکردن بەسەر چۆنیتیی بەڕێوەچوونی. لە کوردیا ئەنجومەنی نیشتمانیشی پێئەوترێ. پەرلەمان چاودێریی ھەموو کاروبارێکی دەوڵەت ئەکات و بە گەورەترین و باڵاترین سەرچاوەی دەسەڵاتی وڵات ئەژمێررێت، هەڵبەتە لەو وڵاتانەی کە دیموکراتی ڕاستەقینە ئەزموون ئەکەن.
پەرلەمان بەواتای فراوانکردنی پانتایی بڕیار و حوکمداری، دانپیانان بەبوونی جیاوازی لەکۆمەڵگایا، پەرلەمان ئەو ناوەندەیە کە جیاوازەکان لەڕێگای ووشە گۆڕینەوەو دانوستانەوە ململانێی یەکدی ئەکەن.
چەندبارە خۆ کاندیدکردنەوەی پەرلەمانتار:
پەرلەمانتاری تازە هەڵبژیراوی بێئەزموونی پێشتر پێویستی بە ساڵێک تا دوو ساڵ ئەبێ تا بەتەواوەتی فێروبێ و قاڵبێ لەکاری پەرلەمانتاری، لە هەرێمی کوردستان لەڕێی مێدیاوە بەگشتی وە بەتایبەتر سۆسیال مێدیا کارێک کراوە کە خۆ کاندیدەکردنەوەی پەرلەمانتار بۆ خولی دووەم بووە بەنەنگی  و خولی سێیەم هەرنابێ باسکرێت وەک کفرێکی سیاسی و ئەخلاقی لێی ئەڕوانرێ لەکاتێکا ئەمە کارێکی ئاساییە لەزۆر وڵات.
پەرلەمانتار تا زیاتر کاری پەرلەمانی بکات شارەزای زۆرترئەبێت، زاڵترئەبێت بەسەر کارەکەیا و لەڕێی ئەو ئەزموونەی پێشترییەوە ئەتوانێ سود لەهەڵە و بۆشاییەکان بکات و بەسودی دەنگدارانی بیشکێنێتەوە.
کاتێک پەرلەمنتارێک خۆی کاندید ئەکاتەوە تا ئاستێک ئازاییەکی زۆری تیایە، چونکە ئەوە تاقیکردنەوەیەکە کە دەنگدەر لەسەر تواناو کارەکانی پێشووی هەڵسەنگاندنی بۆئەکات، ئەگەر کاندید لەخولی پێشوترا سەرکەوتوونەبووبێ ئیتر ئەوەکاری دەنگدەرە لەڕێی دەنگیانەوە وەڵامی بەنەوە و سەرینەخەن بۆ خولێکیتر، نابێ هەموو ئەوانەی خۆیان کاندید ئەکەنەوە بەوە تاوانبار بکرێن کە بۆ گیرفان پڕکردن و کێکی ئەندام پەرلەمانی ئەچن.
هەڵەی خۆ کاندیدکردنەوە:
کاندیدکردنەوەی پەرلەمانتاری حیزب کاتێک هەڵەیە کە ئەو حیزبە کەسانێک دووبارە کاندید ئەکەنەوە کە پێشتر سەلماندوویەتی توانای ئەو شەڕە سەختە دیموکراسییەی ناو پەرلەمانی نیە، نە خودی خۆی خاوەنی هیچ پرۆژەیەکە نە توانای کارکردنی لەسەر پرۆژەی حیزبەکەشی هەیە، بەڵام حیزب دووبارە کاندیدی ئەکەنەوە چونکە ئەندامێکی چالاک و بەرگریکارێکی باشی حیزبە، یان خزمایەتی و نزیکی لە بەرپرسێکی ناو حیزبەکان هەیە. بەشێک لەمە بۆ کاندیدی سەربەخۆش هەر ڕاستە بەتایبەتی کەسێک کە ئەزانێ لەماوەی خولی پێشووا هێندەی ڕۆژێکی ئەندامێکی چالاکی هاورێی لەهەمان خول کاریگەری نەبووە ئیتر گومان دروست ئەبێ ئایا بۆ دەسکەوت وداهات ئەچێ یان پرۆژەی هەیە لەکاتێکا لەماوەی چوار ساڵا هیچ شتێکی ئەوتۆی نەکردووە بێجگە لە دەست بەرزکردنەوە.
وەهمی ئەنجامی خێراو بەپەلە لە پەرلەمان:
ڕوناکی زۆر ئەبێتە هۆکاری نەبینین بەبۆچوونی هایگدەر، بەڵام زۆر قسەکردن لەسەر دیاردەیەک ئەبێتە هۆکاری تاریک بوون یان باش نەنینین لای ئارێنت.
پەرلەمان دەزگایەکی یاسا دەرکردن و چاودێری لایەنی دەسەڵاتدارە، واتە نە پەرلەمانتار گۆچانی سیحری پێیە نە پەرلەمانیش لایەنی  جێبەجێکەرە. پەرلەمان دەزگایە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی گوزەران کە لەسەرخۆو بەهێمنی و پلەبەندی کاری بۆئەکات، پەرلەمان توانای گۆڕانکاری یان ئینقلانی نیە، بەڵکو هەر خودی دروست بوونی پەرلەمان بۆ نەهێشتنی ئینقلاب و گۆڕانکاری بەپەلە و چاوەڕوانەکراوە.
پەرلەمان شوێنێکە بۆ یەکلای کردنەوەی پرسە سیاسیەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی، کاریگەری لەسەر مووچە، بژێوی، خزمەتگوزاری...هتد دائەنێ. مەرجیش نیە هەمیشە خاوەن هەق سەرکەوتووبێ بەڵکو یەکێک لە نەنگییەکانی پەرلەمان ئەوەیە کە زۆرینە براوەیە ئەگەرچی لەسەر هەقیش نەبێ هەربۆیە پەرلەمانتاری چالاک و بوێر و خاوەن ئەزموون گرنگە تا بتوانن زۆرینە لەسەر پرسە گرنگەکان دروست بکەن.
کاندیدی جۆراوجۆر:
مەرج نیە تەنها خەڵکانی یاساناس و خاوەن بڕوانامەی باڵا کاندیدبن، پەرلەمان شوێنێکە بۆ دەرکردنی یاسا بۆ کۆی کایە جیاوەزەکانی ژیان. ناکرێ تەنها یاساناس ئەندام پەرلەمانبن چونکە ئەمان تەنها پسپۆڕی بوارێکن بەڵام بەشەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، پەروەردە...هتد پێویستیان بە خەڵکانی پسپۆڕی بوارەکانی خۆیان هەیە. ئەکرێ خەڵکانی چالاک و بوێریش کاندیدبن بێ هیچ ئەزموونێکی پێشووتر و پشت بەخۆیان و چالاکیان لەماوەیەکی دیارکراوا پسپۆڕی لەیەکێک لەبوارەکانا وەرگرن و زۆر سەرکەوتوانەش کارەکانیان ئەنجامبەن.
زمانزانی:
ڕاستە عێراق وڵاتێکە زۆرینەی عەرەبە و زمانی عەرەبی زمانی زۆرینەیە، بەڵام لە دەستوری عێراقا زمانی کوردیش زمانێکی فەرمی دانپیانراوە.
ئەگەر کاندیدێکی کورد زمانی عەرەبی نەزانێ نە نەنگییە، نە لەدەرەوەی مەرجەکانی خۆکاندیدکردنە، چونکە ئەکرێ کەسێکی کورد ئەندام پەرلەمانی عێراقی بێت و زمانی عەرەبیش نەزانێ، چونکە بەپێی یاسا مافی ئەوەی هەیە کە داوای وەرگێرىکات و کارەکانی ئەنجامبات.
بەڵام زۆر باشتر و گرنگتر و کارئاسانکەرترە بۆ ئەندام پەرلەمان کە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئنگلیزیش بزانێ، هەڵبەتە تا ئێستا دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی بە زمانی عەرەبی بەڕێوەئەچێ و نوسین و یاسا نوسراوەکانیش هەر بەو زمانە دەرئەچن و بڵاوئەکرێنەوە، ئەندام پەرلەمان لەڕێگەی سەردانکردنی دەرەوەی وڵات یان ئەو شاندە جۆراوجۆرە جیهانیانەی سەردانی پەرلەمان ئەکەن و زۆربەی هەرە زۆریان زمانی ئنگلیزی وەک زمانێکی جیهانی بەکارئەهێنن، زمانی کوردی کە زمانی دایکە بۆ کورد، گرنگە ئەندام پەرلەمان شارەزاییەکی زۆری تیاهەبێ لە ڕەوانبێژی و نوسینیش، بەداخەوە هەموو ئەندام پەرلەمانە کوردەکان ئەو شارەزاییە پێویستەیان لەزمانەکەی خۆیانا نیە.
بەشداریکردن:
خەڵکی بەگشتی چاوەڕێی گۆڕانکاری ئەکەن لەڕێی پەرلەمانەوە بەڵام خەڵکانی ناڕازی ئەو چاوڕێیەیان زیاتر و زۆرترە کەچی بەشداری دەنگدانیش ناکەن! ناکرێ بتەوێ گۆڕانکاری بەدڵ و خواستی تۆ ڕووبات وبەشداریش نەکەی.
لە پەرلەمانا چەندین حیزب و ئایدیای جیاواز بوونی هەیە، ئەمانە هەموویان لە ڕکابەرایەتی بەردەوامان تا بتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن بۆ سەرخستنی کارو پرۆژەکانیان. واباوە زۆرینە حکومەت پێکئەهێنن و کەمینەکانیش لەڕێگەی ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەوە یان ئەبن بە هاوبەش یان هاوکاری زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یان ئەبن بە ئۆپۆزسیۆن.
لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە ڕکابەرایەتی لایەنی دەسەڵاتداران لەڕێگەی ڕەخنەو پرۆژەی جێگرەوە، یان وەک هەندێک وڵات ئۆپۆزسیۆن حکومەتی سێبەریش دروست ئەکەن.
خەڵکانی ڕەخنەگری هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش، بەگشتی چوار ساڵ جارێک دەرفەتێکیان بۆ رێئەکەوێ کە تۆڵەی خۆیان لە هەموو ئەوانە بکەنەوە کە سەرکەوتوونەبوون و نەیاتوانیوە ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بکەن، تۆڵەش لەوانە بکەنەوە کە پانەبدی ئەو بەڵێنانە نەبوون کە بە خەڵکیاناوە، بەڵام سەیر ئەوەیە کەهەندێک لە ڕەخنەگران بە نەچوونە سەر سندوقەکان و بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن پێیان وابێ کە تۆڵەی خۆیان ئەکەنەوە، بێئاگا لەوەی بەو جۆرە ئاو ئەکەنەن ئاشی هەموو ئەوانەی لەماوەی چورا ساڵی پێشوترا بوونەتە هۆکاری ئەو هەموو ناڕەزاییەی کە لای کەسی ناڕازی دروست بووە، بە بەشداری نەکردنی هاوکار ئەبێ بۆ چوار ساڵی تری هاوشێوەی پێشوو، ئەمە ئەگەر خراپتریش نەبێ.
شەڕی پەرلەمان:
پەرلەمان شوێنێک نیە بۆ بۆ شەڕی نەتەوە جیاوازەکان، بەڵکو ڕاست ئەوەیە کە لەچوراچێوەی ئەو دەزگا گرنگەیا لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەشتن بۆ داواکاری و پێویستییەکانی نەتەوە جیاوزەکان بکرێ.
نابێ ئەندام پەرلەمان بە مەبەستی تۆڵە و کێشەی نەتەوایەتی بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵکو گرنگە هەم حیزبەکان هەم سەربەخۆکان بەمەبەستی زۆرترین دەستکەوت لەچوراچێوەی دەستورا ڕوو لەو دەزگایەبکەن تا ئاستی بەدەسیهێنانی سەربەخۆیش کە دەستور ڕێگەی پێیاوە، زۆرترین و شارەزاترین پسپۆڕی جیاواز کاندیدبێ تا بتوانێ لەو ململانێ دیموکراسییەیا سەرکەوتووبێ، بەپێی پسپۆڕی و شارەزای بەشداری لیژنە جیاوازەکان بکەن نەک شتیتر.
نوێنەرایەتی:
ڕاستە حیزب خەڵکانێکی نزیک و ئەندامی حیزب کاندید ئەکات، سەربەخۆش هەوڵئەیا پشت بەخۆی ببەستێ، بەڵام خەڵکی هۆشیار لەچوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردنەکانا بانگەشەی بۆئەکەن دەنگیان ئەیەنێ، بۆیە دوای بوونیان بەئەندام پەرلەمان نە حیزبییەکان نوێنەری حیزبین، نە سەربەخۆش نوێنەری خۆیانن، بەڵکو هەموو ئەوانە قەرزاری ئەو بەڵێنانەن کە بەخەڵکیاناوە و ئەبێ ببن بە نوێنەری بەڵێنەکانیان و نوێنەری دەنگدەرەکانیان.
ڕوناکی زۆر ئەبێتە هۆکاری نەبینین ، بەڵام زۆر قسەکردن لەسەر دیاردەیەک ئەبێتە هۆکاری تاریک بوون یان باش نەنینین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group