ساڵێک دەڕواو ساڵێک دێ چی لە ژیانی ئێمە دەگۆڕێ ؟

عومەر عەلی

28/12/2021

بە قەولی خۆمان بێت داپیرە گیان کوڕە شوان دەبێ هەرشوان بێ و ڕەنجدەریش هەر بەشی ڕەنجدان بێ .
کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سیاسییە . لەوکاتەوەی کە کوردستان دابەشی سەر وڵاتەکانی دیکە بووە . 
هەر لەو کاتەشەوە بەشێوازی جۆراو جۆر کنە لەبڕنی پەتی دیلێتی دەکات . زۆرکات وادەکات لەبری ئەوەی گرێی ئەوپەت بکاتەوە لە ناشارەزایی خۆی زیاتر تووندی دەکات ، تا ئێستاش هەروایە .
کۆمەڵگایەکی سیاسییە ئەما فڕی بە سیاسەتەوە نیە ، بەڵکوو ئەوە وڵاتانی دیکەن لەسەر هەلومەرجی کوردستان سیاسەتی خۆیان پێش دەخەن .
بۆیە ئەم ئازادییەی لە باشوردا بەدی هاتووە ، هیچی لە بارودۆخ نەگۆڕیوە گەر لە دەستی وڵاتێک دەرهێنرابێ ئەوا خراوەتە دەستی وڵاتێکی تر ، وەک ئەوە وایە سێوێک لەم دەستەکەوە بخەیتە ئەو دەستەکەی تر ، بۆیە ئەم ئازادییە نەبۆنی ئازادی نەتامی ئازادی ئەدا . 
ئێمەیش هەروا سەرپێی لێی ئەڕوانین و هیچی لێ نازانین هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە . 
کێشەکان : 
کێشەی کورد کێشەی میللەت نیە ، ئازادی هەرچی ویستووە میللەت بەخشیویەتی ، بۆیە کێشەکان لە دەستی سەرۆکدایە . کورد بێ سەرۆکە ، سەرۆکەکان ڕەمزین هەڵگری خەم و مەینەتیەکانی میللەت نین ، میللەت ناپارێزن خۆیان دەپارێزن . ئەمە لە خوارەوە ناڕواته سەرەوە ، بەڵکوو لەسەرەوە وەک پەیژە دائەبەزێتە خوارەوە بەشێوەیەکی هێشوەیی هەموو کۆمەڵگای کوردی داگیرکردووە . ئەوەی ئەمە بەرهەمی هێناوە ناشیرین کردنی ئازادی و بەها انسانیەکانە ، ئەم ناشیرین کردنەش پەلوو پۆی کوردی بۆ ئازادیەکی واتادار شکاندووە . باوەڕی بە ئازادی نەماوە . ئەمە بۆ ؟
ئەمە ئەو دەستەیە کە ئازادی و بەها انسانیەکان ناشیرین دەکات . وا ئەخلاق و شیرازەی کۆمەڵگا تێک دەشکێنێ . ئەمە وای کردووە کۆمەڵگای کورد لە نێو کێشەکانی دا وونبێت پەی بەڕێگا چارەکانی نەبات چوونکە ئەمە خۆکردە ، خۆماڵیە بۆیە بڕوای پێ دەکرێ من بڕوانەکەم تۆ و ئەم و ئەو بڕوادەکەن . گەر دوژمن بیکردایە بڕوای پێ نەدەکرا . 
دوژمنەکانی کورد زۆڵن بەدەستی خۆیان ئەوکێشانە ناخوڵقێنن بەدستی کورد دەیخوڵقێنن بۆیە تۆ بڕوا دەکەی .
ئەگەر وانیە لەسایەی ئابوریەکی داتەپیودا . بێ هیچ پایە و بنەمایەک دەوڵەتی چی ؟ ئاخر کورد نەخوێنەدەوارە و نە نەخوێندەوار . باشە گەر کومەڵگایەکی خوێندەوارە چون لەو حاڵەتەدا کە هیچ ئاسۆیەکی دەوڵەت داری دیارنیە هەموو تێکڕا ئەڵێ بەڵێ بۆ دەوڵەت ، گەر نەخوێندەواریش بێ خۆ ئەو پەندە دەماو دەمەی بیستووە ئەڵێ :
ئەسپ بە تورەکەی بەتاڵەوە ناگیرێ .
ئەمانە گەر کێشەی سەرۆکبن ، سەرۆکایەتیش هەڵقوڵاوی ئەو میللەتەیە . وەک تاکێکی ئاسایی ئەو بۆخۆی ئەژێ بۆ میللەت ناژێ . چونکە گەر بۆ میللەت بژێ ڕێگە بەو پاشا گەردانیە نادات ، میللەت روەو ئاسۆیەکی تاریکەوە ناکات . 
لێرە کێشەکان لە هەڵ ئاوسانی سەرمایەدایە کۆمەڵگای پارچە پارچە کردووە چینی سەرەوە ، چینی ناوڕاست و چینی خوارەوە . چینی خوارەوە بوەته زۆرینە کێشەکانیش بوەته کێشەی ئەو چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدێنن . ئەما کلیلی چارەسەری له دەستی چینی سەرەوەدایە ، ئەوان ئەتوانن چارەسەری بکەن بەڵام نایکەن چونکە مەترسی لەسەر سەرمایەکانیان دروست دەکات بۆیە ئازادی بەم شێوەیە بەدی نایەت خۆت و سەرمایەکەت بپارێزی ، ئازادی قوربانی و لە خۆبردووی دەوێ ، ئەمە نە پرسێکی ئەمڕۆیە بەڵکوو ڕگێکی مێژووی هەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئایندەش دەبێت . له وڵامی چارەسەریدا بیرم بۆ ئەو وتەیە چوو کە ئەڵێ :
بیر ، بزوتنەوە ، شۆرش . ئەگەر نوزەیەک هێز مابێت ئەبێ لەو ڕێگەیەوە بەکار بهێنرێ ، ئەگەرنا ئەو نوزە هێزەش نامێنێ .
ساڵ چی لە ڕەوش دەگۆڕێ ؟ 
ساڵ هیچ لە ڕەوش ناگۆڕێ تەنها ژمارەیە و هیچی تر ، سبەیش هەر ئەمڕۆیە . 
ئەمە نا وەرچەرخان نابێت ، ئەمە لە رووی بنیادنانی کۆمەڵگاو کەسێتی کوردەوە . ئەگەر وەرچەرخانێک سبەی ڕووبدا بێ هیچ ئامادەکاریەکی تۆ ئەوا ڕێک ئەمڕۆیەکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە ، بەڵام رۆژێکی تر لە بەرژەوەندی وڵاتانێکی تردا .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group