مەشخەڵی تاریكی

خالد سلێمان

14/06/2023
(I)
هیچ شوێنێكی دنیا بەدەر نیە لە كاریگەرییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا لەسەر زەوی، ئەوەی بۆ ماوەی پێنج هەزار ساڵ زیاترە مرۆڤ بنیادی دەنێت و ناوی لێناوە شارستانیەت، ئاگرێكەو ناكوژێتەوە؛ لەگەڵ خۆشیدا كۆمەڵگەی زەوی دەسووتێنێت. ئەوەی خۆی لەم ئاگرە ڕزگار دەكات و توانای قورتاربوونی هەیە تەنها مرۆڤە، بەڵام لەو شوێنەش كە پەنای بۆ دەبات، دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوەی تر، هیچ شتێك نیە ئەم مرۆڤە ژیرە لە چالاكی و گەرمكردنی زەوی بووەستێنێت!
(II)
ئەوانەی بڕوایان بە سەروەرێتی مرۆڤ بەسەر زەوییەوە هەیە، بەردەوام ئەوەمان بەگوێدا دەخوێنن كە ئاگركەتنەوە بەبێ مرۆڤیش هەر هەبووەو هەر دەبێت. ئەمەش ڕاستییەكەو نكوڵیی لێناكرێت، بەڵام لەو دەمەی كە ئاگر لە فۆرمێكی كێویانەوە بۆ ناو ئەشكەوتەكان دەگوازرێتەوەو دەستەمۆ دەكرێت و دەبێتە بنەمای جڤاكی و شارستانیەت، ئیتر لەدەستی زەوی دەردەكرێت و مرۆڤ خاوەندارێتی دەكات.
(III)
لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ دووا جۆرە لەسەر زەوی دەركەوتووەو بە چەند ملیار ساڵێك لەدووای دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی زەوییەوە (بەكتیریا و میكرۆب) دەركەوتووە، بەڵام چارەنووسی هەموو شتێكی گرتووەتە دەست و ڕەنگی ئاسمان لە شینەوە دەكاتە پرتەقاڵیی. 
(IV) 
مرۆڤ لە جۆرێك لە جۆرەكانی كۆمەڵگەی زەوییەوە، گۆڕاوە بۆ نمایشكارێكی زۆرخۆرو بارگاویی بەدەنكە شقارتە. بەرگە هەوای بە گەرما تەنیوە، زەوی ڕووتاندووەتەوە، ئەندامانی تری جڤاكی زەوی جێلەق كردووە یان لەناوی بردوون. چۆن؟
لەماوەی 500 ساڵدا، شارستانیەتی مرۆڤ ئەوەندە قەبەو زەبەلاح بووە، هیچ شتێك بەشی ناكات، دەبێ گڕی كورەكەی بەردەوام بێت و نەكوژێتەوە. شەوی دارستانەكانی كردووەتە ڕۆژ، شێی لێ بڕیون و تەمەنی كورت كردوونەتەوە. بەڵام ئەمە ڕاستییەكە مرۆڤ بەلای ناچێت. ئەو كە بە ئاگرو وزە، تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە، گڕی هەمان ئاگرەكەی بەرداوەتە زەوی و جۆرەكانی تر. 
(V) 
مەشخەڵ لە مێژووی مرۆڤدا، سیمبۆلی سەركەوتن بووەو دەستەمۆكردنی سروشت و جۆرەكان، بەڵام لەپاڵ هەر سەركەوتنێكدا پارچەیەك لە زەویش بووەتە خۆڵەمێش. مەشخەڵ سیمبۆلێكیشە بۆ ترساندن و لەناوبردنی كۆمەڵگەی زەوی، لەگەڵ ڕووناككردنەوەی هەر ڕێگەیەكدا، جۆرەها ئەندامی جڤاكی سەر زەوی خستووەتە ناو تاریكییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group