هەرێم و سەركێشیەكانی دەسەڵاتدارانی

دانا حامید

28/05/2018

لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 و دروستبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی، لە ئەنجامی ئەو پشتیوانییە، گەلی كورد لە باشوری كوردستان قەوارەیەكی فیدرالی بەناوی (هەرێمی كوردستان) دامەزراند.
وێڕای هەڕەشەو گوڕەشەكانی وڵاتانی ئیقلیم و كۆبونەوەكانی (بەغدا-ئەنقەرە-تاران) و پلانەكانی (ئێران و توركیاو سوریاو رژێمی پێشووی عیراق) چونكە ئەم قەوارەیە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەبوو، پلانەكانی دەوڵەتانی ئیقلیم بۆ لەباربردنی، سەریان نەگرت و ئەوە بوو لەساڵی 2003 رژێمی سەدام حسێن روخاو بەمەش پایەیەكی گرنگی هەڕەشەو مەترسییەكانی سەرئەزموونی سیاسی و حوكمداری هەرێمی كوردستان رووخا، ئەمجارەیان كورد توانی بچێتە ناوەندی حوكمڕانی لە عیراق و بوو بەبنیاتنەرێكی سەرەكی عیراقی دوای سەدام، هەر لەداڕشتنەوەی دەستور و چەسپاندنی پایەكانی حوكمڕانی و تەنانەت رزگاركردنی عیراق لەو شەڕە تائیفییەی كە تێی كەوت.
لەدوای 2003 ئاسۆی كورد رووناكتر دەركەوت، ئەو دەوڵەتانەی پێشتر كۆدەبوونەوە دژی ئەم قەوارە سیاسییەی هەرێم، بۆچوونیان گۆڕاو كەوتنە بەستنی پەیوەندی دیپ4لۆماسی و بازرگانی و ئابوری لەگەڵ هەرێم، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین قۆرخكردنی جومگەكانی دەسەڵات لەلایەن هەردوو حزبی باڵادەست نەیانهێشت ئەم پەیوەندییانە لەچوارچێوەی حزبی دەربهێنرێن و بەنیشتمانی بكرێن.
روداوەكان بەسەرهەڵدانی داعش و روبەڕوبونەوەی هێزی پێشمەرگە لەدژی، دۆخێكی دیكەی سیاسی بۆ كورد هێنایە گۆڕێ، چ لەسەرئاستی عیراق و چ لەسەرئاستی نێودەوڵەتی.
بەستنی پەیوەندی سەربازی و لۆجستیكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی دژی داعش، دەكرا سودێكی زۆری لێ وەربگیرێت و لەدوای داعش ببێتەمایەی پێشكەوتنی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەرئاستی نێودەوڵەتی، ئەمە ئاسان نەبوو، بەڵكو پێویستی بەمامەڵەیەكی زۆر هەستیاری دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو، بەداخەوە ئەمە نەبوو.
دەسەڵاتدارانی هەرێم لەماوەی رابردودا توشی غروربون، ئەمەش وایكرد سەركێشییەكی گەورە بە قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە بكەن، كە دەكرێت لەدوو خاڵی سەرەكیدا بیخەینەڕو:
خاڵی یەكەم / بڕیاری ئابوری سەربەخۆ و هەناردەكردنی نەوت، پرسێكی هەروا سادە نییە، وەكو دەسەڵاتدارە مەغرورەكانی كورد بیریان لێكردەوە.
هەموو زلهێزەكانی جیهان لەسەروویانەوە ئەمریكا، چاویان لەسەر نەوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، تەنانەت گرێكوێرەی هەموو جەنگ و شەڕەكانی ئەم ناوچەیە، هۆكارەكەی ململانێی وڵاتانی زلهێزە بۆ بەدەستهێنانی نەوتی ئەم ناوچە، یان هیچ نەبێت بەشێكی.
هەربۆیە ئەمە زەنگێكی مەترسیداربوو دەسەڵاتدارانی هەرێم لێیاندا، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی كورد دەیانتوانی لەماوەی 26 ساڵی رابردودا بەشێوەی تر ئابوری هەرێم بەهێزبكەن، بۆ نمونە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری هیچی لە نەوت كەمتر نییە، كە هیچ ئاوڕێكیان لێ نەداوەتەوە.
 ئەمان بێ ئەوەی بتوانن ئابورییەكی بەهێز بنیاتبنێن، هاتن و بەشێوەیەكی رۆمانسیانە جاڕی ئابوری سەربەخۆیاندا، وایانزانی بەڕەوانەكردنی چەند سەد تەنكەرێكی رۆژانە بۆ بەندەر عەباس و راكێشانی هێڵێك بۆسەر بەندەری جەیهان، ئیدی ئابوری سەربەخۆ دروست دەبێت.
ئەنجامی ئابوری سەربەخۆ چی بوو؟
قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی و ئیفلیجبونی سێكتەرە ئابوری و بازرگانی و پیشەسازییەكانی لێكەوتەوە، تائەوەی مەهزەلەی نیوموچە و  چارەكە موچەشی بەدواداهات، لەگەڵ قەرزێكی زۆری كەڵەكەبووی كۆمپانیا نەوتییەكان و راوەستانی یەكجاری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبوو بیانزانیایە بەدەستهێنانی ئابورییەكی بەهێز دەبووە بناغەی ئابوری سەربەخۆ بەبێ ئەوەی بەئاشكرا جاڕیشی بۆ بدەن.
خاڵی دووەم/ ئەنجامدانی ریفراندۆم:
ئەمەش سەركێشییەكی دیكەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو، بەجۆرێك لەنێوان دوو بژاردەی بەڵێ و نەخێردا هاووڵاتیانی هەرێم و حزب و لایەنە سیاسییەكانیشیان خستە نێو دووڕیانێكی پڕ لە تەنگژەوە كە هەر زوو ئەنجامە شكستهێنەكەی دەركەوت.
ریفراندۆم بابەتێك نەبوو تەنها نەیارەكان دژی بن، یارەكانیش لەناوخۆو دەرەوە هۆشیاری زۆریان بەدەسەڵاتدارانی هەرێم دا، ئەمیش بەهەمان شێوەی ئابوری سەربەخۆ، چونكە بەهەستیارییەوە دیراسەنەكراو مامەڵەی لەگەڵ نەكرا، شكستێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
قەرەبووی لەدەستدانی 51% ی خاكێك چۆن دەكرێتەوە لەكاتێكدا لەشەڕی داعشدا زیاتر لە 1800 شەهیدی بۆدراوە جگە لەبرینداربوونی نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگە، لەماوەی شەوو رۆژێكدا ئەزموونێكی 26 ساڵە كەوتە بەردەم هەڕەشەی سڕینەوەوە، كە ئەمە دەرەنجامی پرۆسەی بەهەڵە ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو.
قەرەبووی شكستێك چۆن دەكرێتەوە كە پەیوەندییەكانی دەرەوە گەشتبووە ئاستێك لەبواری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكاندا وڵاتان وەكو نیمچە دەوڵەتێكی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین، بەڵام ئێستا پەیوەندییە دەرەكییەكانمان تا رادەیەكی زۆر پاشەكشەی كردووە.
غرورێكی وا دەسەڵاتدارانی هەرێمی گرتبوو كە لەماوەی شەو و رۆژێكدا پەیكەرەی دەوڵەتی سەربەخۆ دادەنێن و لەگەڵ عیراقدا دەبنە دوو وڵاتی دراوسێ!! كە چی ئێستا چاوەڕوانی مەرحەمەتی بەغدان.
ئەو شكستانەی روبەڕوی هەرێم بووەتەوە، ئەنجامی ئەو غرورەیە دەسەڵاتداران تووشی هاتن، بۆیە ئێستا لەڕووی ئابوری و سیاسی و حوكمڕانییەوە پاشەكشەمان كردووە.
ئەمە جگەلەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو تەوقیتەدا سوتاندنی كارتێكی چارەنوسسازی گەلی كوردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group