تویتەکانی سافایاو عێراقی ٢٠٢٦

كاروان یاروەیس

10 کاتژمێر پێش ئێستا

*کاروان یاروەیس
لەبنەڕەتدا پرسیارە جدییەکە ئەوەبوو، مادام لەعێراق و هەرێمی کوردستان گەورەترین بالوێزخانەو کونسولخانەی ئەمریکا هەیە، ئیتر نێردەی تایبەتی سەرۆک ئەمریکا بۆ عێراق چیە؟
نێردەی تایبەتی هەمیشە وابووە بۆ پرسێکی تایبەت یاخود بۆ  ڕاپەراندنی ئەرکێکی دیاریکراو و نووسینی ڕاپورت لەبارەی کێشەیەکەوە لە قۆناغێکی راگوزەر یاخود بارێکی لەناکاو دیاری دەکرێ. هەندێجاریش تا دۆخ هێور و جێگیر دەبێت و بالوێزخانە دەکرێتەوە نێردە ڕەوانە دەکرێ.
هەموو بۆچوونەکان بۆ ئەوەبوو، مادام ترامپ نێردەی تایبەتی بۆ عێراق دیاری کرد، مانای وایە وڵاتەکە لەبەردەم گۆڕانکاری بنچینەییدایە، پێشبینی هەندێک تائاستی هەڵتەکاندنی سیستەمی حوکمڕانی و لێدانی سەربازیش ئەرۆیشت، بەڵام هێشتا روون نیە ئەرکی مارک سافایا چیە و چۆن ڕایدەپەرێنێت؟ 
جگە لە چەند توویتێک و بڵاوکردنەوەی وێنەی دیداری خۆی و ترامپ و سێلفی خۆی و سودانی، مارک سافایا هیچی تری لەرووی کردارییەوە نەکردوە. پێدەچێت نە لەسیاسەت و نە لەوردەکاری عێراقدا زۆر شارەزابێت.
لەهەموو لێدوان و توویتەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات عێراق لە بەردەم ساتی یەکلاکەرەوەیەو وا قسە دەکات، کە گۆڕانکاری روودەدەن. ئەگەر مەبەستی لەگۆڕانکاری قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لە عێراقە، ئەوە خودی ئەمریکا لەسەرەتاوە تائێستا هیچی بەباش و خراپ لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە نەووتوەو پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دابەشکردنی سەرۆکایەتیەکان هیچ لە دۆخەکە ناگوڕێت و وەکو پێشوو و پێشووتر دەبێت و گۆڕانکاری بچینەیی روونادات. ئەگەر مەبەستیشی لەگۆڕانکاری ئەوەبێ ئەمریکا بەرنامەی خۆی هەیە بۆ گۆڕانکاری، ئەمە شتێکی ترەو هێشتا هیچ ئاماژەیەک نیە، نە بەسزای ئابوری نە بەلێدانی هەندێک لە ملیشایاکان و نە بەدەستێوەردانی راستەوخۆ بەپێکهێنانی حکومەتێک بەخواستی ئەوان بێت.
حکومەت لەعێراق وەکو عورفە سیاسیەکە و سازانی لەمێژینەی پێکهاتەکان و هەتا وەکو پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەرکەوتەی شیعەیە، شیعەکانیش لەژێر هەژموون و کاریگەری راستەوخۆی ئێراندان، ئەوەی بڕیار دەدات کە کێ دەبێ بەسەرۆک وەزیران چوارچیوەی هەماهەنگیە، ئەمریکا تائێستا هیچ کاندیدێکی دڵخوازیان نیە لەو ناوانە لەبەردەم چوارچێوەدان، بەڵام لەئەنجامدا ئەوەی دیاری دەکرێ بۆ هەردوولا (ئەمریکا و ئێران) کەسێک بێت بتوانێ هاوسەنگی نێوانیان رابگرێ. سودانی وویستی ئەمە بکات بەڵام جارێ لای ئێران ئەسووتاو جارێ لای ئەمریکا، چونکە دۆخی عێراق و هاوکێشەکان هێندە ئالۆزن سەختە ڕازی کردنی دڵی هەردوولا.
لەخولی رابوردوی پەرلەماندا، بەشی زۆری شیعەکان نەیانوویست راستەوخۆ رووبەروی ئەمریکا ببنەوە لە تێپەراندنی پرۆژەیاسای پێکهاتەی حەشدی شەعبی، بەشێکان بیانوویان ئەوەبوو لەبەر هەستیاری دۆخی عێراق و تێکنەچوونی بوو، بەشێکیان ئێستا وەک جاران بەدیدی مجاهیدی بیر ناکەنەوە، بەرژەوەندی زۆر کاریگەری هەبووە، لەوەی ئەوەی ئێستا هەیانە لەخۆیان تێکی نەدەن.
ئەو سیڤیانەی پێشکەشی چوارچیوەی هەماهەنگی کراون، ڕەنگە لە ئەنجامدا هیچیان شانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان نەبێت و لەدوا ساتەکاندا ناوێک بهێنن لە پێشبینی کەسدا نەبووبێ، سوودانی بەهۆی ئەوەی حزب اللە و حوسیەکان خرانە لیستی گروپ و رێکخراوە بلۆک کراوەکانی بانکی ناوەندی لای شیعەکان سووتا، کاتێکیش وویستی بارەکە راست بکاتەوە لای شیعە، پەشیمان بوویەوە، ئینجا لای ئەمریکیەکانیش سووتا، هەرچی نوری مالیکیە، دەزانێ هێزە سیاسیەکانی شیعە شانسی سێیەم بە مالکی و حزبی دەعوە نادەنەوە لەکۆتاییدا بەمەرجی ئەوەی نە خۆی و نە سوودانی بن پاشەکشە دەکات.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەسێک هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆک وەزیران فەرمانبەرێکی پلە باڵای موحتەرم بێت، بەکورتی کورس ووتەنی «زیانی بۆ پەزەکان نەبێ»، تمووحی سیاسی و دروستکردنی لیستی هەڵبژاردنی نەبێت، کە ڕەنگە بۆ ئەمەیان بەڵێنامەی نوسراو بەدەستوخەت لێوەرگرن.
ئەوەی پەیوەستە بەرکەوتەی سووننەکان، کە سەرۆکی یەنجومەنی نوێنەرانە، بەهەموو ئەگەرێکەوە وەکو هێزی براوەی یەکەمی سووننەکان دەدرێتەوە بە تەقدووم، بەڵام هەم لەناو سووننەکان و هەم لەناو شیعەکان و لەناو کوردیش پارتی ڤیتۆیان لەسەر حەلبووسی هەیە، بۆیە حەلبووسی ئەگەر خۆی نەبێت ئەوە خۆی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکات کە پێدەچێت بیدات بە کەرکوک و محەمەد تەمیم، حەلبووسی هەرگیز رازی نابێ سەرۆکی پەرلەمان کەسێک بێت خەڵکی پارێزگای ئەنبار بێت چونکە نایەوێ جێگرەوەی بۆ دروست ببێ و سەرکردەی سیاسی گەورە لە ئەنبارو لەناو سووننەکان پەیدا ببێت.
سەبارەت بە سەرۆکی کۆمار، روونە پۆستەکە بۆ کوردو لەناو کوردیش بۆ یەکێتی ئەبێت. پارتی دووجار ئەوەی تاقیکردەوە بە هەڵبژاردن و بەململانێی سیاسی، کە پۆستی سەرۆک کۆمار ببات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
سیاسیە ژیرەکانی ناو پارتی باش دەزانن سەرۆک کۆمار نادرێ بەپارتی، هەرچەندە وویستیان بەبیانووی ئەوەی بۆیە پۆستی سەرۆک کۆماریان دەوێ تا ئەوە کاڵ بکەنەوە کە دەوترا پارتی ئینفسالیە و گرنگی بە بەغداد نادات. بەڵام بەپووختی شیعەکان و ئێران رازی نابن لەسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دووانیان (سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار) لەبەرەی سووننە و نزیک لە تورکیا و کەنداو بێت، لەلایەکی تریشەوە مەسەلە هاوسەنگیە ناکرێ پارتی دوو سەرۆکایەتیەکەی هەرێم ببات و هی عێراقیشی بوێ، جگە لەوەش بۆ هاوسەنگی عێراق سیاسەتی یەکێتی بە ژیرانەترو هاوسەنگتر دەزانرێ.
کەواتە پارتی ئەم ڕاستیانەش دەزانێ ئەی بۆ هەر داوای سەرۆک کۆمار دەکات؟ پارتی داوا کردنی سەرۆک کۆمار و دیاری کردنی کاندید بۆی تەنها وەک کارتی گووشار بەکاردێنێ بۆ دوو مەبەست، یەکەم لەپێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دابەشکردنی پشکی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق زۆرترین پۆست ببات و یەکێتی لەبەرامبەر مسۆگەرکردنی سەرۆک کۆمار سازشیان بۆ بکات، دووەم بۆ ئەوەیە کاندیدێک دابنرێ کە دڵخوازی ئەوان بێ وەک دەوترێ کاندیدی «تەسوییە».
دوای سەری ساڵ و کۆتایی هاتنی پشووەکان لەئاستی هەرێم و بەغداد جموجولە سیاسیەکان گەرم دەبنەوە تاڕادەی یەکلایی کردنەوە.
لەکوردستان یەکێتی و پارتی دوای سەری ساڵ کۆبونەوەکانیان دەست پێدەکاتەوەو ئەگەری بەهێز ئەوەیە رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پۆستەکانی بەغداد، کە ئێستا بوون بەیەک پاکێج.
بەپێی تەوقیتاتی دەستوری تا پێش ٢٦ ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدرالی ناوی کاندیدە سەرکەوتوەکان پەسەند دەکات « ئەگەر گۆڕانکاری روونەدات و ناو ڕەد بکاتەوە بۆ پەسەند کردن!»، لەماوەی (١٥) ڕۆژ سەرۆک کۆمار وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکات لە ڕۆژانی (٥) تا (٨)ی مانگی یەک، واتا سووننەکان ئەبێ بگەنە رێکەوتن بۆ دیاری کردنی کاندیدی هاوبەشی سەرۆکی پەرلەمان، ئەگەر یەکێتی و پارتی تا ئەوکاتە لەسەر سەرۆک کۆمار نەگەیشتبوونە رێکەوتن، ئەوە وەک دوو خولی رابوردوو بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کورد و پارتیە، یەکێتی دەنگی بۆ نادات، کە بەگووتاری ئێستایان بێ نەوەی نوێ و هەڵوێست و کۆمەڵیش دەنگ بەکاندیدی پارتی نادەن. 
تەوقیتاتی دەستوری لەعێراق وادەکات پرۆسەکە خێرا بکات و پێکهاتەکان ناچار دەکات دەستوبرد بکەن و لەسەر کاندیدەکان رێکبکەون. بەپێی مادەی (٧٦) دەستور دوای پەسەندکردنی لیستی ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە، لەماوەی (١٥) رۆژدا سەرۆک کۆمار وادەی یەکەم دانیشتن دیاری دەکات کە نابێ رۆژی (٨)ی مانگی یەک تیپەرێنێ، چونکە لە رۆژی (٩)ی مانگی یەکەوە بۆشایی دەستوری دروست دەبێت. بەپێی مادەی (٧٢)ی دەستور. لەرۆژی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە لەماوەی (٣٠) ڕۆژدا ئەبێ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. بەپێی مادەی (٧٦) ی دەستور سەرۆک کۆمار داوا دەکات لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەماوەی (١٥) ڕۆژدا ناوی کەسی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی رادەست بکرێ، دواتر بەپێی هەمان مادەی دەستور کەسی راسپێردراو (٣٠) ڕۆژی لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی کارنامە و ناوی کابینە وەزارییەکەی و متمانە پێدانی لەلایەن پەرلەمانەوە.
بەڵام پێشێلکردنی تەوقیتاتی دەستوری هەمیشە ئەگەرێکی کراوەبووە، چونکە کێشە هێزە سیاسیەکان ناو پێکهاتەکان و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکتریدا بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن هۆکار بووە.
ئەگەری بەهێز تەقینەوەی ناکۆکیەکانە، هەموو هێزەکان هێشتا لە قۆناغی دانوستاندنن، نەگەیشتوون بە ساتی یەکلاییکەرەوە «حانت لحڤە الحسم»، بەشێک لەوانە ئێستا بە ئاواتی وەرگرتنی پۆست و بردنی بەشی زۆری کێکە لەتکراوەکە باسی سازان و یەکریزی ئەکەن، کاتێ بێئومێد دەبن ناکۆکیەکان دەتەقنەوەو قووڵ دەبنەوە! 
*ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group