گەمەی ئێران لە دەریایەكی ئاڵۆزدا
مشاری الزائیدی
3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاشتییەكی بەردەوام یان هێوركردنەوەیەكی كاتی؟ گەمەی ئێران لە دەریایەكی ئاڵۆزدا
مشاری الزایدی
هیچ كەسێكی ژیر نییە ئاواتی كۆتاییهاتنێكی خێرا بۆ ئەو جەنگە نەخوازێت كە ئەمڕۆ لە نێوان (ئێران، ئەمریكا و ئیسرائیل) و لە لایەكی دیكەوە لە نێوان ئێران و پاشكۆكانی دژی ناوچەكە و دراوسێكاندا بەرپا بووە. وەك "ئیمرولقەیس" دەڵێت: "جەنگ لە سەرەتادا وەك كچێكی گەنج و ڕازاوە خۆی دەنوێنێت، بۆ ئەوەی سەرنجی هەموو نەزانێك ڕابكێشێت."
بەڵام ئەگەر ئەم جەنگە نەگاتە زەمینەیەكی نوێ و وێنەیەكی جیاواز لەوەی پێشتر هەبوو، ئەوا ئێمە تەنها خەریكی دروستكردنی "ئاگربەستێكی كاتی" و پشوویەكین بۆ خۆئامادەكردن بۆ جەنگێكی داهاتوو كە بێگومان ئەنجامەكەی وێرانكەرتر دەبێت.
ڕەنگە بەرگەگرتنی ئازاری ئێستا ـ مادام تێی كەوتووین ـ زیانی كەمتر بێت لەوەی كێشەكە بۆ داهاتوویەكی نزیك دوابخەین، بەتایبەت كە بینیمان ڕژێمی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا چۆن سوودی لە هەر خاوكردنەوەیەكی فشار و سزا وەرگرتووە؛ نەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات و خزمەتی گەلەكەی، بەڵكو بۆ زیادكردنی ئامرازەكانی پشێوی و كاولكاری.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پاكستان میوانداری كۆبوونەوەیەكی چوارقۆڵی كرد (بە بەشداری سعودیە، میسر، توركیا و پاكستان) بۆ تاوتوێكردنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر هەوڵی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە ئارامی و ڕاستگۆییان لە هاوكاریكردنی ئێران و تەواوی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە كەناری ئاشتی، بەڵام دەبێت ئێران خۆی یارمەتی خۆی و جیهانی دەوروبەری بدات.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاكستان، بە گەشبینییەوە باسی لە ڕێگپێدانی "سوپای پاسداران" كرد بۆ تێپەڕبوونی ۲۰ كەشتی بازرگانی هەڵگری ئاڵای پاكستان لە گەرووی هورمز، ئەمەشی وەك ئاماژەیەكی باشی ئێرانی وەسف كرد، هەرچەندە سەرۆك ترەمپیش ئەم هەواڵەی بڵاوكردەوە، بەڵام قەیرانەكە زۆر لە ۲۰ كەشتی گەورەترە، گەرووی هورمز دەروازەیەكە كە دەستوەردانی زۆرێك لە وڵاتانی جیهانی لێ دەبێتەوە، لەبەر هۆكارێكی سادە: پێنج یەكی بازرگانی جیهانی بەوێدا تێپەڕ دەبێت، هەربۆیە ڕۆژنامەی "سەندەی تایمز" بڵاویكردەوە كە بەریتانیا خۆی ئامادە دەكات بۆ ناردنی كەشتییەكی دەریایی بۆ گەرووی هورمز كە تەیار كراوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی مینە دەریاییەكان.
زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، كۆتاییەكی خۆش بۆ ئەم جەنگە دەخوازن، بەڵام بەبێ پشتگوێخستنی هۆكاری سەرەكی قەیرانەكە، كە لە دیدگای زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكەدا خۆی لە "توندڕەوی و سەركێشییەكانی ئێران"دا دەبینێتەوە، بۆیە لە هەر وتووێژێكدا، دەبێت چارەسەری "بەردەوام" بدۆزرێتەوە نەك تەنها هێوركەرەوەی كاتی، ئاشتی كاتێك دێت كە كردارەكان ڕاستگۆ بن.
له شرق اڵاوسگەوە وەڕگێڕدراوە بۆ كوردی
شەپۆلەکانی نەوا