پێنج ساڵە دوو بەنداو هیچ كارێكیان تێدا نەكراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

18/06/2018

لەسنوری قەزای پێنجوێن پێنج ساڵە بەنداوی كانی سارد كەدەكەوێتە نزیك گوندی كانی مانگ توێژینەوەو نەخشەسازیەكەی تەواوبوە، بەڵام هیچ كارێكی تێدانەكراوە .
بەنداوەكە لەبەرواری7-1-2013، دەستكراوە بەنەخشەسازی وتوێژینەوە تێیدا لەلایەن (اتحاد المستشارين للهندسة و البيئة المحدودة) و لە 18-11-2013،  واتا بە 316 ڕۆژ توێژینەوەو نەخشەسازییەكەی تەواوبوە، كە بڕی تێچوەكەی بریتیە لە 307 ملیۆن و 267 هەزار و 350) دینار .
ئەم بەنداوە بەپێی نەخشەسازییەكەی توانای گلدانەوەی  10ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیەو بەرزییەكەشی 20 مەترە.
لەسنوری سەیدسادقیش بەهەمان شێوە پێنج ساڵە توێژینەوەو نەخشەسازی بەنداوی (كەوڵۆس) تەواوبوە، كە لە 9-10-2012، لەلایەن كۆمپانیای ( ژیناب عرب) دەستكراوە بەتوێژینەوەو نەخشەسازیەكەیی و لە 12-12-2013 تەواوبوە ، واتا توێژینەوەو نەخشەسازییەكەی 439 رۆژی خایاندوە و تێچوی توێژینەوەو نەخشەسازییەكەی 454 ملیۆن دینارە.
بەنداوەكە گەر تەواوبكرێت بەیەكێك لە بەنداوە گەورەكان هەژمار دەكرێت، چونكە توانای گلدانەوەو كۆگاكردنی 50 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیەو بەرزییەكەی  55 مەترە.
هەردوو بەنداوەكە پێنج ساڵە نەخشەسازییەكەیان تەواو بوەو خرابونە پلانی بەردەوامی 2014، واتا دەبوایە لەو كاتەوە ساڵانە بەقۆناغی جیاجیا كاریان تێدا بكرایە، بەڵام بەهۆكارو بیانوی قەیرانی دارایی و نەبونی بودجە هیچ كارێكیان تێدا نەكراوە بەوهۆیەشەوە لەسنوری ئەو دوو قەزایەدا هیچ بەنداوێك بونیان نییە، لەكاتێكدا چەندین شوێنی شیاو لەناوچەكەدا بەتایبەت سنوری پێنجوێن و ناوچەی شلێر هەیە بۆ دروستكردنی بەنداو كە بەتێچوی كەم بەنداوی گەورەو گرنگی تێدا دروستدەكرێت .
مەبەست لەدروستكردنی هەردوو بەنداوەكە گلدانەوەو كۆكردنەوەی ئاوە تێیاندا، چونكە ساڵانە بڕێكی زۆر بەفرو باران لەسنورەكەدا دادەبارێت و بەهۆی كۆنەكردنەوەیان و نەبونی شوێن بۆ گلدانەوەی ئاوەكە ناتوانرێت وەك پێویست سودییان لێوەربگیرێت .
ئامانجی سەرەكی بەنداوی كەوڵۆس ئاودێریكردنی زەوییە بەپیت و دەشتە كاكی بەكاكیەكەی شانەدەری و دەوروبەریەتی. ئەمەجگە لەوەی بەتەواوبونیان ناوچەكە لەڕووی گەشتیارییەوە بوژانەوەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و هەلی كاریش بۆ سەدان و هەزاران هاووڵاتی دەڕەخسێت لەسنورەكە.
لەئێستاشدا لایەنی پەیوەندیدار دەیەوێت لەڕێی قەرزی درێژخایەنەوە و لەڕێگەی كۆمپانیاكانی تایبەتمەند گەر ئامادەسازی دەرببڕن بەو شێوەیەی داوادەكرێت ئەوا دەستبكات بەكاركردن لەدروستكردنی 18 بەنداو ، كە بەنداوی (كەوڵۆس) یەكێك دەبێت لەو بەنداوانە .
ماوەتەوە بڵێین لەئێستای هەرێمی كوردستاندا تەنها 17 بەنداومان هەیە كە بتوانرێت ئاویان تێدا كۆگا بكرێت و بەهەموشیان توانای گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەترسێجا ئاویان هەیە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەئێستادا دەبوو خاوەنی 350 بەنداوی جۆراوجۆر لەوێنەی گەورە، مام ناوەند، بچوك بوایە، هێندەش ئاویان تێدا كۆگا بكرایە كە كەمتر نەبوایە لە 20 ملیار مەترسێجا .چونكە ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ( 7 بۆ 8 ) ملیار مەترسێجا ئاوە بۆ سێكتەرە جیاوازەكانی ژیان.
بەهیوای بەگرنگ تێڕوانینی بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ سێكتەری ئاو كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەبەردەوامی ژیانەوە هەیە، تەنانەت ئەوانەی لە گرنگیەكەی بەباشی تێگەیشتوون بەزێڕی شین پێناسەیانكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group