رۆژی جیهانی ئاو

سەركاو فەیروز

5 کاتژمێر پێش ئێستا

22ی ئاداری هەمو ساڵێك دانراوە بە ڕۆژی جیهانی ئاو . بۆ یەكەم جار ئەم ڕۆژە لە ساڵی 1992 دیاریكراوە. كاتێك لەم ڕۆژەدا كۆنگرەیەكی تایبەت بە ژینگە و گەشەپێدان لە ڕیۆدی جنیرۆی پایتەختی ئەرژەنتین بەستراو هەر ئەو ڕۆژەش  بە ڕۆژی ئاو ناسێنرا.
ئامانج لە دیاری كردن و  دانانی ڕۆژێك بۆ فاكتەرە ژینگەییەكان زیاتر ناساندنیانە بە دانیشتوانی سەر زەوی و ئەنجامدانی چالاكی جۆراو جۆر . بۆ ئاشنا كردن و هاندانی خەڵكی كە زیاتر ڕۆڵ بگێڕن لە پاراستنی سەرچاوە ژینگەییەكان و ئاگادار ببنەوە لە مەترسیەكانی سەر ژینگە ، ئاویش یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكیەكانی ژیانی مرۆڤ.
_ ئاو لە هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناوچەیەكی جوگرافی كە ڕێژەی دابارین تێیدا لە ئاستێكی باشدایە. هەرچەندە بە هۆی گۆڕانكاریە ژینگەییەكانەوە لە چەند ساڵی ڕابردودا كوردستان توشی كەمی دابارین بویەوە ، بەڵام خۆشبەختانە لەم ساڵی ٢٠٢٦ دا تا ئێستا ڕێژەیەكی باش باران باریوە مەترسی وشكەساڵی و كەم ئاوی ڕەواندوەتەوە . ئەوەی مەترسیە لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵكەوتەی جوگرافیەكەیەتی كە دابەش كراوە بەسەر چوار وڵاتدا و سەرچاوەی ئاوی ڕوبارەكانی لەم وڵاتانەوەن ، مەترسی سەرەكیان بۆ هەرێم دروستكردووە بەتایبەتی توركیا و ئێران كە لەڕابردودا وایكرد شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە سەرئاوی شەتوڵعەرەب كە ئێران ناوی لێنا خلیجی فارس ڕوبدات ، مەترسیەكانی ئێستای سەر عێراق و هەرێم زۆر لەو كاتە زیاترن ، لە ڕێگەی دروستكردنی بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ئەو ڕوبارانەی كە درێژدەبنەوە و دەڕژێنە هەرێمی كوردستانەوە كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر قەیرانی ئاو و گۆڕانكاری ژینگەیی بە هۆی وشك بونی دار و درەخت و نەبونی ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵ و وشكبوونی زێو ڕوبارەكان كە دەبێتە هۆی كەمی شێ و كەمی ئاوی ژێر زەوی ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سوڕی دابارین . دوور نیە لەساڵانی داهاتودا مەترسیەكی زۆر لەسەر ئاو لە ناوچەكەدا دروست ببێت ئەویش بەهۆی پڕۆژەی  (گاپ) لە توركیا كە بریتیە لە بونیاد نانی 14 بەنداو لەسەر ڕوباری فورات كە نزیكەی %97 ئاوی فوراتی لە ژێر دەست دایە. دروستكردنی  8 بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە كە لە %60 ئاوی دیجلەی لەبەردەست دایە. ئێرانیش بەدروستكردنی سەدی داریان لە پارێزگای كرماشان لەسەر ڕوباری سیروان لە %75 ڕێڕەوی ئاوەكە دەگۆڕێت ، ئەم پڕۆژانە ڕێگری تەواو دەكەن لە گەیشتنی ئاو بۆ عێراق. بەشێكی زۆریان تەواو بوون مەترسیەكانیان لەسەر ژینگەی ناوچەكە وەدەركەوتون.
بۆ كەم كردنەوەی كاریگەریەكانی كەم ئاوی پێویستە هەرێمی كوردستان چەند ڕێكارێك بگرێتەبەر:
١- دروستكردنی بەنداو  لەبەردەم تاڤگە و سەرچاوە ئاویە ناوخۆییەكان ئەوانەی كە سەرچاوەكانیان دەكەونە ناوخۆی هەرێم.
٢- سود وەرگرتن لە ئاوی باراناو لەوەرزی زستاندا بە گلدانەوە و پاشەكەوت كردنی ئەو ئاوە.
٣- بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بەشێوەیەكی سەردەمیانە و ڕێگە گرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو.
٤- پێدانی ڕێنمایی كشتوكاڵی سەردەمیانە بەجوتیاران بۆ ئاودان و پەیڕەوكردنی شێوازی نوێ لە ئاودێری كشتوكاڵدا.
٥- ڕێك كەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گرتنەبەری میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو بەتایبەت لەگەڵ توركیا و ئێران.
٦- هاندان و بڵاوكردنەوەی وشیاری ژینگەیی بەفیڕۆ نەدانی ئاو لە ڕێگەی پەروەردەو و پێگەیاندنی نەوەیەكی  ژینگە دۆست.
_ چەند زانیاریەك دەربارەی ئاو
1- ڕێژەی (97%)ی ئاوی ئەم جیهانە ئاوی سازگار نییە و بۆ خواردنەوە ناگونجێت و ڕێژەیەكی زۆر خوێی تێدایە.
 2- ڕێژەی (2%)ی ئاوی سازگار بەستەڵەكە و لەناو بەفردایە.
3- ڕێژەی (1%) ی ئاوی سازگار  كە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ گونجاوە لەسەر ئەم هەسارەیەیە.
4- یەك مەتر سێجا ئاو یەكسانە بە هەزار لیتر .
5- ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ساڵانە 1.4ملیۆن كەس بەهۆی نەخۆشیەكانی پەیوەست بە ئاو گیان لەدەست دەدەن.
6- نزیكەی 2 ملیار كەس لە جیهاندا بەپێی پێویست خزمەت گوزاری ئاویان پێناگات.
7- پێویستە ڕۆژانە ژن ( 2.5 ) دوو لیتر و نیو پیاو ( 3.5 ) سێ لیتر و نیو ئاو بخواتەوە. چاوەڕێ مەكە تینوت بێت بەردەوام ئاو بخۆرەوە.
8- پێشبینی دەكرێت تاساڵی 2050 بە ڕێژەی %55 خواست لەسەر بەكار هێنانی ئاو زیاد ببێت.
9-  %58ی دانیشتوانی ڕۆژ هەڵات و باشوری ئەفریقا ئاویان بە خراپی دەست دەكەوێت.
10- كەرتی كشتوكاڵ لە %70ی ئاوی  جیهان بەكار دەبات.
11- كەرتی پیشەسازی %22 ی ئاوی جیهان بەكاردەبات.
12- ئاو سێیەكی لەشی مرۆڤ پێك دەهێنێت.
13- بەپێی ستاندەری جیهانی ڕۆژانە هەرمرۆڤێك پێویستی بە 200 لیتر ئاو هەیە.
14- كەم ئاوی تاساڵی 2050 هەڕەشە لە 5 ملیار مرۆڤ دەكات.

*فەرمانبەر لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە

سەرچاوەی وتار/ دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group