ئابووری چارەسەر، گرێبەستی سەدە

هونەر تۆفیق

22/07/2018

چەندین کێشەی نەتەوەیی ، ئایینی ، نێودەوڵەتی هەیە ، لە نێوان گەلانی جیهاندا نەگەیشتوون بە چارەسەر . بەڵام لە هەندێک ئەزمووندا لەو جۆرە کێشانە چارەسەری درێژخایەنی بۆکراوە ، لە نمونەی ئەزموونی سویسری .
زۆربەی ئەو کێشە چارەسەرکراوانە لە جیهاندا ، بەهۆی ئابووری هاوبەشەوە گەیشتوون بە خاڵی هاوبەشی نێوانیان . 
لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەدەیەکە کێشە و ناکۆکی نێوان گەلان بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە . بەتایبەتی لەنێوان عەرەب - فەڵەستین و ئیسرائیلدا . هەروەها کورد و عەرەب - تورک - فارسدا .
دۆناڵد ترامپ لە پرۆژەیەکدا پێشنیاری کردووە ئەو کێشەی سەدەیە بە گرێبەستی سەدەیەک چارەسەربکات . 
گرێبەستی سەدە ( صفقة القرن) ەکەی ترامپ بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل ، میسر ، سعودیەی عەرەبی ، ئوردن و هەردوو دەستەڵاتداری فەڵەستینی فەتح و حەماسدا گەڵاڵەکراوە .
لەماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا دەیان پرۆژەی چارەسەری ناکۆکی نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینی پێشنیارکراوە و فەشەلی هێناوە . بەڵام ئەم پرۆژەیەی گرێبەستی سەدەیە ، چانسێکی زۆری سەرکەوتنی هەیە . بەهۆی پاشکۆ ئابووریە هەمەلایەنەکەیەوە .
کورتەی پرۆژەی چارەسەری گرێبەستی سەدە ئەوەیە . میسر ٧٢٠ کیلۆمەتر دوجا لە خاکی خۆی (سینا) ەوە بدات بە کەرتی غەزە . غەزەییەکان دەستبەرداری ئەو ناوچە بەجوولەکە نیشتەجێکراوانە بن بۆ ئیسرائیل . لەبەرانبەردا ئیسرائیل لە باکووری کەنداوی عەقەبەوە بە درێژای ٧٢٠ کلم بە درێژی بدات بە میسریەکان . هەروەها دەروازەیەکی ژێر زەمینی ( تونێل) بە درێژی ٣٠ کلم بخاتە ژێر ڕکێفی سەروەری میسرەوە لەنێوان ئوردن و میسردا بۆ بەستنەوەی زەمینی ئەو دوو وڵاتە بەیەکەوە . 
قازانجە ئابووریەکەی گرێبەستی سەدە بۆ هەموو لایەنەکان لە پێش قازانجە سیاسیەکەیەوەیە . فەڵەستینیەکان لە بەشە نوێ کەی کەرتەکەیاندا ( سینا) دەبنە خاوەنی مینایەکی جیهانی گەورە کە میسر ، ئوردن ، عێراق ، سعودیەی عەرەبی ، سوریا لە ڕێگای تونێلە میسریەکەی نێوان ئوردن - میسرەوە دەبەستنەوە بەیەکەوە . دەرچەیەکی نزیکی دەریایی ئەو وڵاتە عەرەبیانە لە غەزە نوێ کەوە بەرەوە ئەوروپا و جیهانی دەرەوە دروست دەکەن . ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق و کەنداو بە هەرزانترین تێچوو ئەنجام دەدەن .ئەوەش دەبێتە هۆی بەستنەوەی ئابووری و بازرگانی هەریەک لەو وڵاتانە لەڕێگای مینای پێشنیارکراوی غەزەوە . 
قازانجە سیاسیەکەی بۆ هەموولایەنەکان بەپلەی دووەم دێت . ئیسرائیلیەکان خەونە مێژووییەکەیان دێتەدێ ، کە ئۆرشەلیم دەبێتە پایتەختی دەوڵەتەکەیان . ترامپ یەکەم هەنگاوی گرێبەستی سەدەکەی بە گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم ناوە . هەروەها ئیسرائیل لە ناکۆکی نێوان خۆی و فەڵەستین - عەرەبەکان ڕزگاری دەبێت . میسریەکان بە گەرمی دێنە ناو سیاسەت و جیهانی عەرەبی خۆرهەڵاتی ( شێوە دورگەی عەرەبی ) کەبەهۆی سنووری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دابڕاون . فەڵەستینیەکان دەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە پشتیوانی ئیسرائیل و ئەمریکاشەوە . ئوردنیەکان لە ئاوارە فەڵەستینیەکان ڕزگاریان دەبێت ، چونکە لە بەندێکی گرێبەستی سەدەدا هاتووە فەڵەستینیە ئاوارەکان لەو غەزە سیناییەدا جێگیر بکرێن کە میسر پێشکەشیان دەکات . سعودیەکان خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەرەبی لەڕێگەی بۆریە نەوتیەکانیەوە دەکەوێتە ژێر نفوزیانەوە و ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و حەماس دادەبڕێت . ڕوسەکان گەرچی دوورن لە وردەکاری پرۆژەکەی گرێبەستی سەدەکەی ئەمریکاوە . بەڵام بە وردی چاودێری دەکەن . بەپێ ی دەنگۆی ناو میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکاییەکان ، ڕوسیا لاری لەو پرۆژەیە نیە، بەمەرجێک ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی سوریا بکشێتەوە و سوریا بۆ ژێر نفوزی ڕوسیا جێبهێڵێت . وەک باسکراوە ، لە کۆبونەوەی هلسنکی نێوان پوتین و ترامپدا ، ئەمریکاییەکان بەو داواکاریەی ڕوسیا ڕازی بوون بەمەرجێک ئێران لە سوریادا لاوازبکرێت .
تەنیا دوو لایەنێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە وابەستەی کێشە و ناکۆکیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن کە تورکیا و کوردە لەو پرۆژەیەدا سودمەندی ئابووری و سیاسی نابن .
تورکیا زەرەرمەند دەبێت چونکە ڕۆڵی میسر لە ناو جیهانی عەرەبیدا ئەکتیڤ و کاریگەر دەبێتەوە . حەماسیەکان کە لایەنگری پرۆژە ئیخوانیەکەی ئەردۆغانن ڕوو دەکەنە میسر و سعودیەی نەیاری تورکیا . هەروەها دەروازەیەکی ئابووری لە غەزەوە لەبری دەروازە جیهانی تورکیا بۆ عێراق و سعودی عەرەبی دەکرێتەوە کە زیان بە ئابووری تورکیا دەگەیەنێت . کوردەکانیش جگە لەوەی وەک سەدەی ڕابردوو لەم سەدەیەشدا دوادەکەون . لە داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و سیاسی ناوچەکەدا بەبێ چارەسەری کێشەکانیان فەرامۆش دەکرێن ، لەنێوان تورکیا و عەرەبەکاندا کوردەکان جارێکی تر دەبنەوە بە قوربانی سەدەیەک .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group