كورتەیەك لەسەر 48 ملیۆن دینارەكە

هاوژین عەبدوڵڵا

07/11/2018

بە حوكمی ئەوەی بەكالۆریۆسم لە ژمێریاری و لە یاساشدا هەیە، حەزدەكەم لەو دوو روەوە چەند رستەیەك بڵێم:

1-لە هەرێمی كوردستاندا هەر فەرمانبەرێك خانەنشین بكرێت "پاداشتی كۆتایی ڕاژە"ی پێ ئەدرێت بەپێی یاسا ئیتر یاساكان بەپێی پیشەكەت ئەگۆڕێت بۆ نموونە لە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 18ی ساڵی 2011 مادەی 45 باسی ئەوە ئەكات، فەرمانبەری مەدەنی یاسای خۆی هەیە، پەرلەمان تایبەت بە خۆیان هەیە.
2-هەر بابەتێك بە یاسا رێكبخرێ هەر ئەبێ بە یاسا لاببرێت یان گۆڕانكاری لە مادەكەدا بكرێ، بۆیە وەرگرتنی ئەو 48 ملیۆن دینارە بە یاسا رێكخراوە تەنها بە یاسا ئەگۆڕێت.
3-لە ڕووی ژمێریاری و پلانی درێژخانەوە ئەگەر قسەبكەین ئەم پاداشتی كۆتایی ڕاژەیە كێشە نییە ئەوەی كێشەیە خانەنشینكردنی پلە باڵاكانە، كە ساڵانە ‏3.8% لە كۆی گشتی بودجەی خانەنشینانە، هەر چوار ساڵێك زیاد ئەكات. كەسێك لە ساڵی 1996ەوە كە خانەنشین بووە بە پلەی باڵا 22 ساڵە ئەو پارەیە وەرئەگرێت ئەمە كێشەكەیە، بەڵام وەرگرتنی 48 ملیۆن دینارەكە یەكجارە، بەڵام خانەنشینیەكەیان كارەساتە كە هەشت مانگ خانەنشینی وەربگرێ یەكسانە بەو 48 ملیۆن دینارە. گریمان ئەندام پەرلەمانی ئێستا كە خانەنشین بووە، 40 ساڵە، گریمان 70 ساڵ بژی، واتە 30 ساڵ خانەنشینی وەرئەگرێت 30*12= 360 مانگ. 
360 مانگ * 6 ملیۆن دینار = 2 ملیار و 160 ملیۆن دینار ئەكات، ئەمە بۆ یەك ئەندام پەرلەمان، ئینجا هەموویان كۆبكەرەوە و دوایی هەموو خولەكان كۆبكەرەوە ئینجا وەزیرەكان.
بۆیە ئەگەر گۆڕانكاری لە یاسای خانەنشینكردنی پلە باڵاكان نەكرێ، دوای چەند ساڵێكی تر ئەم كوردستانە بودجەكەی هەمووی بۆ موچەو خانەنشینی ئەچێ و هەموو سێكتەرەكانی تر وێران ئەبن.
بۆیە باشترین چارەسەر لەمكاتەدا ئەمەیە:
لە جیاتی باسكردنی ئەو 48 ملیۆن دینارە، هەموو حزبە براوەكان بە ئەندامە دەرچوەكانیان بڵێن گۆڕانكاری لە یاساكەدا بكەن.
ئەگەریش نەیانزانی چۆن چارەسەری بكەن لە جیهاندا چەندەها كۆمپانیای راوێژكاری هەیە ئەتوانن بانگهێشتیان بكەن و سەرلەنوێ گۆڕانكاری تێدا بكەن و خەرجی و داهات رێكبكەنەوە، ئەگینا لەمكاتەدا حەزرەتی یوسف بكەیت بە سەرۆك وەزیران و پۆل سامویلسۆن و ادم سمیس بكەیت بە جێگری سەرۆك وەزیران و هەریەك لە كینیپ ارو و مارشال بكەی بە وەزیری دارایی و جێگرەكەی هیچیان بۆ ناكرێ، چونكە لە سەرەتاوە بە هەڵە هاتووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group