دووانەی (رەخنە و گۆڕان)

كاوە محەمەد

26/02/2019

پێشکەشە بەوانەی کاک نەوشیروانیان هەر نەناسی

 

جارێ قسەم لەسەر رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی نیە و حەواڵەی رۆژگاری دەکەم، بەڵام ئەو هەموو بەشانوباڵ هەڵدان و شانامەیەی میدیای گۆڕان بەسەر رێککەوتنەکەدا دەیهۆنێتەوە (لەکاتێکدا پارتی و میدیاکەی مێش میوانی نیە)، لەرووی سایکۆلۆژیای راگەیاندنەوە دەتوانین بڵێین دەرخەری ئەوەیە گۆڕان خۆی بەدگومانە لەرێککەوتنەکە، هەم گومان لەوەی بڕیارەکەی لەگەڵ پرەنسیپ و ئامانجە سیاسییە دوورمەوداکانی تەبابێت و هەم گومان لەوەیش پارتی راستگۆیانە هاتۆتەپێش و دەیەوێت رێککەوتنەکە جێبەجێی بکات. سەیرەکەیش لەوەدایە کە زۆربەی ئەوانەی مەدح و سەنایەکی زۆری رێککەوتنەکە دەکەن و تیۆریزەی دەکەن، ئەو فیگەرانەن کە پێشتر لەهەمووان دژە پارتی-تر بوون و هەمیشە کە قسەیان لەسەر دۆخی هەرێم دەکرد، بەقەد سەری دەرزیش مەجالی نزیکبوونەوە لەپارتی-یان نەدەهێشتەوە، ئێستاش تەواو پێچەوانە، دنیایەکی هاوبەشی گوڵگوڵینی وایان لەنێوان گۆڕان و پارتی نەخشاندووە، کە قەد پێشبینی نەکرێت ئەو دنیایە تۆزی لێ بنیشێت. واتە نە لەشەڕدا بواری ئاشتی دەهێڵنەوە و نە لەئاشتیشدا، بواری شەڕ دەهێڵنەوە، هەر بۆیەش ئێستا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەر بە بەراوردکردنی قسە و لێدوانەکانی پێشوو و ئێستایان، جیاوازیی جەوهەری و مەبدەئی لەهەڵوێستەکانیان دەردەخەن.
ئینجا ئەوەی لەو هەڵمەتە ئیعلامیەدا مەترسیدارە، ئەو نەفەسەیە کە بەشێک لەو هاوڕێیانە رێک وەک پارتی و یەکێتی قسەی پێ دەکەن و هەرچی نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و کەناڵی میدیایی هەیە لێیان بۆتە دوژمنی گۆڕان و پێیانوایە ئەوانەی رەخنە لەرێککەوتنەکە دەگرن، دەستی خەڵکانی دیکە لەپشتیانەوەیە و پیلان لەگۆڕان دەگێڕن و بوونەتە پیاوی ئەم لایەن و ئەو لایەن ! لەکاتێکدا بەشێکی دیاری ئەو نووسەر و رۆشنبیرانە نەک هەر لەسەرەتاوە پشتیوان و رێنیشاندەری گۆڕان بوون، بەڵکو ئەسڵەن گۆڕان لەسەر زەمینەی فکریی ئەوان دروستبوو کە هەر لەسەرەتای نەوەدەکانەوە خاوەنی خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی کایەی سیاسی و کاری حزبی بوون و رۆژ بەرۆژ بە پرۆژەی فکری وەک (رەهەند) و میدیای ئازادی وەک (هاووڵاتی و دواتریش ئاوێنە و هیدیکە) برەویان بە گیانی رەخنەگرانەی ناو کۆمەڵگای کوردستانی دا، هەر بۆیەش رەوانشاد نەشیروان مستەفا لەهەموو کەس زیاتر قەدری ئەو رۆشنبیرانەی دەزانی و بە کەسانی هەرە نزیکی خۆی و گۆڕانی دادەنان و بە را و رەخنەکانیان خۆشحاڵ دەبوو، بەڵام بەداخەوە بە ماوەیەکی کەم دوای کۆچی دوایی ئەو، میدیای گۆڕان بە رێنمایی هەندێ ناوەندی بڕیاربەدەستی بزووتنەوەکە، کەوتنە کاردانەوەی ناجۆر بەرامبەر رەخنەی هەندێ لەرۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئەهلی و دیوارێکیان لەنێوان گۆڕان و ئەواندا هەڵچنی، ئەویش لەبەرئەوەی ئەوانەی لەدوای کۆچی دوایی رەوانشادەوە بڕیاری بزووتنەوەکەیان کەوتە دەست (چ هاوڕێ کۆنەکانی، چ کوڕەکانی و چ ئەو گەنجانەی بە ئێستاشەوە خۆیان بە نەوشیروانی ناوزەد دەکەن) لەکاک نەوشیروان (وەک فکر و دنیابینی) نەگەیشتن کە بۆ چی سیاسەت دەکات و دەیەوێ بە چی بگات..باشترین و سادەترین بەڵگەش ئەو هەناسەسواریەیە کە ئەو گروپە لەگۆڕانخوازان تێیکەوتوون بەرامبەر بەو رەخنانەی لەگۆڕان و بەتایبەت لەرێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دەگیرێت، لەکاتێکدا کاک نەوشیروان نەک بە رەخنە تووڕە نەدەبوو، بەڵکو بەردەوام خەریکی دروستکرنی رەخنەگر بوو و ئەوەیشی بە وەزیفەی گۆڕان دەزانی، چونکە بەلای ئەوەوە (رەخنە و گۆڕان) دووانەی راستەوانەی یەکتر بوون (هەریەکەیان ئەویدیکە بەهێز دەکات و هێزی لێ وەردەگرێت)، ئەوانەی هەمنشینی بوون باش دەزانن کە ئەو هێندە بە رەخنە خۆشحاڵ دەبوو و گوێی لەکەسانی رەخنەگر دەگرت، هێندە دڵی بە موجامەلە نەدەکرایەوە و گوێی لەکەسانی ماستاوچی نەدەگرت.
بۆیە هیوادارم ئەو هاوڕێ گۆڕانخوازانە، ئەگەر رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی-یان زۆر پێ باشە، ئاساییە با دوور لەزیادەڕۆیی و خۆشخەیاڵی-ەوە باسی( باشییەکان)ی بکەن، بەڵام گوێش لەرەخنە و راکانی دیکە بگرن و نەیانکەن بە شەیتان و موئامەرەچی، ئاخر بەدڵنیاییەوە بەشێکی ئەو رەخنانەی ئەو رۆشنبیر و گۆڕانخوازانە لەگۆڕان و رێککەوتنەکەی دەگرن، لەخەم و پەرۆشییانە بۆ گۆڕان (وەک گەورەترین پرۆژەی رەخنەگرانەی کوردی)، وەکچۆن بەشێکیش لەپیاهەڵدانەکان بە رێککەوتنەکە، لەخەمی شەخسی-ەوە سەرچاوە دەگرن، نەک خەمی گشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group