عەبدولمەهدی و قەومیەت...بۆریس جۆنسن و جوتێ گۆرەوی!

هۆشیار عەبدوڵڵا

26/07/2019

رۆژی 24-7 وەک فراکسيۆنی گۆڕان بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق دکتۆر عادل عەبدولمەهدی کۆبوینەوە ، گفتوگۆیەکی قوڵی سیاسیی و فکری لە نێوانماندا بەرێوەچو.
دەربارەی فکری قەومی و قەومیەت قسەیەکی کرد جێگەی سەرنج بوو.
وەک رەخنەیەک گوتی ((لە روی مێژوییەوە،ئیوەی کورد دوای هەمو نەتەوەکانی تری ناوچەکە دەستتاندایە مەسەلەی قەومیەت و رەنگە دوایی هەموانیش دەستی لێهەڵبگرن)).
عادل عەبدولمەهدی گوتی؛ هەمو کەس شانازی بە نەتەوەکەیەوە دەکا ، ئینتیما بۆ نەتەوە وەک هەست وەک بەشێکی شوناسی مرۆڤ هەتا بەشەریەت بمێنێ هەر دەمێنی ، بەلام کاتێک قەومیەت وەک ئایدۆلۆژیایەکی داخراو دەبێتە تەرح و تێروانینی فکری و سیاسیی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی قەومی و کیانی قەومی ئەوە مەسەلەیەکە گەلان دەمێکە جێیانهێشتوە و چەقین لەم پرسەدا سود بەنەتەوە ناگەیەنێت بەڵکو لاوازی دەکا.
ئەو گوتی : بە نامە بە رونی بۆ بەرپرسێکی باڵای کوردم ناردوە کە ئێوە لە نێوان گرفتی (جوگرافیا) و ( بەرژەوەندی) دا دەبێ بزانن سود و مەصلەحەتی خەلک و هەرێمەکەتان بەرەو کوێ ئاراستە دەکەن و گرنگە دور کەونەوە لە چوارچیوە تەسک و بچوکەکان وێنە گەورەکەی بەرژەوەندی خۆتان ببینن بە گویرەی ئەم قۆناغ و زەمەنەی کە پێیگەیشتوین.
ئەو پێی وابوو پرسی کورد ئێستا پرسێکی گەورەی جیهانییە داخستنی جوگرافیا و گیرخواردن لە گرێ مێژوییەکاندا پرسی کورد گەورەتر ناکا بەڵکو بچوکی دەکاتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نمونەی چەند نەتەوەیەکی لە مێژوی کۆن و نوێدا هێنایەوە کە کاتێک لە گرێکانی مێژوو و جوگرافیا نەجاتیان بوە چۆن پێشکەوتون و چونەتە ئاستیی باڵای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.
کە عەبدولمەهدی ئەو قسانەی کرد بیرم لەوە دەکردەوە فعلا ئایا کەی لەو بازرگانیە بەناوی قەومیەت رزگارمان دەبێت ؟!
لە ئەمریکا ئۆباما کە ئەسڵى دەچێتە سەر عەرەب کەس نەیگوت نابێ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا چونکە ئەسڵى ئەمریکیی نیە، بۆریس جۆنسن کە تازە بو بە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا باپیرە گەورەی تورکە کەس ناڵێ نابێ ، تازە بە تازە لای ئێمە دەڵێن نابێ ببێتە سەرۆک ؟! کەدەپرسی بۆ نابێ؟ دەڵێن ئاخر (جوتێ گۆرەوی) بۆ شۆرش نەناردوە!.
نزیکەی سەدەیەک خەبات بەناوی قەومیەتەوە (بەسەردەمە باش و خراپەکەیەوە، بەدیوە تاریک و رونەکەشیەوە) لە بارێکیدا نەتیجەکەی ئەمڕۆی باشوری کوردستانە،لە رۆژگاری ئەمڕۆدا (بەشێک) لە شۆرشگێرە بازرگانەکانی شاخ کە هەمان گوتار دەبەن بەرێوە خەمی خۆیانە نەک پرسی کورد ، چونکە سور دەزانن کێشەی کورد بە گوتارێکی داخراوی قەومی لەم رۆژگارەدا ناگاتە هیچ کوێ بەڵام دەستیپێوەدەگرن چونکە بۆتە بازرگانی لای بەشێکی زۆریان ، هەر بەو کاسبیەشەوە لە 1991ەوە بێ هێچ بەهرەیەکی سیاسیی و ئیداری و زانستی توانیویانە لەسەر شانۆی دەسەڵاتی حزبی و حکومی بمێننەوە و هەرێم لە شکستێکەوە بدەنە دەست شکستێکی خراپتر.
گرنگ ئەوەیە ئەو بازرگانیە قەومیە بۆ ئەوان باشترین رێگەی مانەوە و ئاسانترین گوتاری سۆزداریشە بۆ راکێشانی هەستی خەلک و یاریپێکردنی، ئیدی بەرژەوەندیەکانی خەڵک و خاکی هەرێم و بەرەوپێشچون و بونی گوتارێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست و کراوە بە روی مێژو و جوگرافیادا،بایەخێکی ئەوتۆی نیە.
کورت و پوخت قەت نایانەوێ کورد وەک نەتەوە شت بێت،چونکە ئەوکاتە خۆیان وەک ئێستا هەمو شت نابن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group