ژیان لەنێوان زانست و چاكسازی و ئایینەكاندا

محەمەد فاتیح

19/08/2019

زانست و زانیاری لەهەمو شت گرنگترن چونكە تەنها بەو دوو شتە دەتوانین بگەینە دەرئەنجامی هۆشمەندی ئەگەر زانست و زانیاری نەبێت ژیان و بگرە گەردونیش پڕدەبن لە جەهالەت و هەمو شتێك پوچ و بێ واتا دەبێت.
لە ڕوی ئایینیشەوە یەكەم سورەت كە بۆ پێغەمبەری مەزنمان دابەزیوە "العلق" ە كە بە وشەی "اقرأ" دەست پێدەكات واتا بخوێنە ، ئەمە بێجگەلە لەچەند ئایەتێكی دیكە لەم بارەیەوە یەكێك لەوانە " قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ " ، واتا " ئایا ئەوانەی ئەزانن و ئەوانەی نازانن یەكسانن " ، هەروەها فەیلەسوفی ئیسلام علی كوڕی ئەبی تالیب دەڵێت " زانیاری سەرمایەمە ، عەقڵیش رەچەڵەكی ئایینمە ، زانستیش چەكەكەمە" هەروەها فەیلەسوفی یۆنانی سوقرات دەڵێت " زانست واتای خێرە، جەهالەتیش واتای شەڕە" ، بەهەمان شێوە فەیلەسوفی زانستی فرانسیس بیكون دەڵێت " زانیاری واتای هێزە".
لێرەدا ئەو دەرئەنجامەمان دەست دەكەوێت كە دەبێت لە ژاینماندا بە پلەی یەكەم پشت بە زانست و زانیاری ببەستین تاكو بەشێوەیەكی هۆشیارانە و دوور لە توند و تیژی رووبەڕووی ئەو كارانە ببینەوە كە رۆژانە لە ژیاندا رومان تێدەكەن ، بەهەمان شێوە پێویستە پێداگری لەسەر چاكسازی بكەین ، كە بە زانست و زانیاری دەگەینە ئەو باوەڕەی كە چاكسازی و بانگەشەكردن بۆ چاكسازی یەكیەكە لەهەرە خاڵە گرنگەكانی هاوسەنگی راگرتنی ژیان ، چونكە هەمو ئایینەكان و هەروەها هەمو دەستوری شارستانیەت و مرۆڤایەتی جەخت لەسەر چاكسازی كۆمەڵگا و ژیانێكی ئاسودە و پارێزرا و ئاشتی خوازانە دەكەنەوە ، هەروەها هەمو ئایین و پەرتوكە ئاسمانیەكان و عیلمانیەكان و چەپ و راستەكان پێداگری لەسەر چاكسازی دەكەنەوە و چاكەكاریان پێباشترە لەكەسانی دیكە ، دور لە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای ئەو كەسە ، گرنگ ئەوەیە چاكەكاربێت.
ئەمەش سەركەوتوترین بیرۆكەیە بۆ گەشەسەندن و بڵاوبونەوەی خۆشەویستی و ئاشتی لەنێوان مرۆڤایەتیدا، تەنانەت ئامانجی ئایین و پەرتوكە ئاسمانیەكان هەر ئەوەیە كە چاكسازی و چاكەكاری لەنێوان خەڵكدا بەر بڵاوبێت نەوەك بڵاوكردنەوەی توند و تیژی و رق و كینە ، بۆ نمونە هیندستان لەڕوی روبەرەوە گەورەترین حەوتمین وڵاتە لە جیهاندا و لەڕوی ژمارەی دانیشتوانیشەوەی گەورەترین دووهەمین وڵاتە لە جیهاندا و وڵاتێكی كۆماری دیموكراسیە و قەرەباڵغترین وڵاتە لە جیهاندا لە ڕووی دانیشتوانەوە ، ئایینی هیندۆسی و بوزی و جاینیە و سیخیە و زەردەشتی و یەهودی و مەسیحی و ئیسلامی تیا پەیڕەو دەكرێت و تاكو ئێستاش نەمان بینی جەنگێكی ئایینی یاخود تایەفی و هتد تیا دروست ببێت ، سەرەڕای وڵاتە پێشكەوتوەكان كە دور لەبیرۆكەی توند و تیژی دەژین و تەنها گرنگی بە مرۆڤ دەدەن.
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە توند و تیژی بە تایبەتی توند و تیژی ئایینی زەنگێكی مەترسیدارە و هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەكات و پێویستیش سنورێكی بۆ دابنرێت ، پیاوانی ئایینی و هەمو كەسێكی تریش بۆیان نەبێت دەستدرێژی بكەنە سەر كەس و بە ئارەزوی خۆیان مافی تاكەكان پێشێل بكەن ، ئێمە لەسەرەكی ترین ئەركەكانمان ئەوەیە یارمەتی یەكتری بدەین نەوەك هێرش بكەینە سەر یەكتری و یەكتری ئازار بدەین و پێویستیشە سنورێك بۆ ئەو هەڵسوكەوتە ناشرینانە دابنرێن كە زیان بە كۆمەڵگا دەگەیەنێنن و ئەو كەسانە سزا بدرێن و رێگە بەهیچ كەسێكیش نەدرێت رق و كینە لەنێوان خەڵكی بڵاوبكەنەوە.
هەمو ئەو دواكەوتویی و نەهامەتیانەشی كە دەیچێژین هۆكارەكەی توند و تیژیە بە تایبەتی توند و تیژی ئایینی ، ئەگەر بێتو پشتمان بە زانست و چاكسازی و چاكەكاری ببەستایە ، ئەمڕۆ لە ریزی وڵاتە پێشكەوتوەكان دەبوین ، ئەبێت لەمەودوا ئێمە ئەو بوێریەمان هەبێت و بەڕووی ئەو كەسانە بوەستینەوە كە لەجیاتی بونیادمان بنێین وێرانیان كردین ، لەمڕۆ بەدواوە لەو كەسەنە قبوڵ نەكەین كە پێمان پێدەكەنن چ جای لە لایان حكومەتەوە بێت یاخود بەرپرسان و سیاسیەكان ، یان لەلایان رۆشنبیران و پیاوانی ئایینی .
باهەمومان پێكەوە ئەم دروشمە بەرزەوەكەین " كاتێك هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتری دەكەین ، خۆمان لەهەمو شتێك رادەماڵین ، تەنها لە مرۆڤایەتی نەبێ "، چونكە مرۆڤ پێش هەمو شتێكە و لەهەمو شتێكیش بەنرخترە، وەكو خوای بەبەزەیی دەفەرموێت "وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَم" ، واتا ئێمە رێزمان لە مرۆڤ ناوە و شەرفمەندمان كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group