بژاردەكانی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا، نەخشەڕێگای دانوستان

ئەحمەد حاجی رەشید

16/09/2019

بەشی یەكەم : كێ لاوازە
لە دونیای سیاسەتدا هەمیشە ئەوە باوە وەك پێناسە كە سیاسەت كردن هونەری ئەوەیە كە دەكرێت،(فن الممكنات). خۆ ئەگەر لەوە زیاتر و وردتر پێناسەیەكی تازە بكەین بۆ سیاسەت كردن كە پێناسەیەكی وردترو مەنتیقی تر بێت ئەوا دەگەینە ئەو پیناسەیەی كە دەڵێت: سیاسەت كردن بریتیە لە دۆزینەوەی ئەو دەرچەیەی  لەنیوان واقع و مومكندا هەیە.
بەواتای ئەوەی ئەوەی دەمانەوێت و هەوڵی بۆ دەدەین مەرج نیە واقع ڕێگەمان بدات بەدەستی بهێنین، یان هەندی دەسكەوت بەدەست دەهێنین كە مومكن نەبوە لەو زەمەنە بەدەستی بهێنن لەناكاو واقعێك روی داوەو بوەتە مومكن وەك روخانی رژێمی پێشوو یان شەڕی داعش و ناوچەكانی دەرەوەی ناوچە كوردستانیەكان یان ئەوەی دوای ریفراندۆم و 16 ئۆكتۆبەر ڕویدا.
لێرەوە دەبێت ئەوە ڕون بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم، چی مومكنە كەهەوڵی بۆ بدرێت لە چوارچێوەی ئەو واقعەی كەهەیە.
سەرەتا با وینەی واقعی عێراق بخەینە بەردیدی هەموان لانی كەم ئەوەی كە ئێمە دەیبینین تابزانرێت چ شتێك مومكنە هەوڵی بۆ بدەین لەم كات و سات ئەم واقعەی ئیستا
عێراق لە ئێستادا
لەسەر ئاستی دەرەوە، بە ئاڵۆزترین بارودۆخی سیاسیدا گوزەر دەكات و بەرپرسەكانی خۆیان بۆ یەكلایی ناكرێتەوە لە چ بەرەیەك یان میحوەرێك هەڵبژێرن، میحوەری ئەمریكی خلیجی یان میحوەر و بەرەی روسی ئێرانی .
لەسەرئاستی ناوخۆیی، عێراق وەك دەوڵەت لەهەندێ جومگەو بڕگەدا لەقۆناغی (الدولە العمیقە) وە هەنگاوی ناوە بۆ قۆناغی (اللا دولە) و حكومەتیش رفێندراوە (اختگاف) لە لایەن هێزە چەك بەدەستەوەكانەوە.
رۆژانە سیادەی عێراق پێشێل دەكرێت لە هەموو سنورەكانیەوە، ئیسرائیل بە ئاشكراو بێ پەردە بۆردومانی گەنجێنەكانی حەشدی شەعبی دەكات لە قوڵایی عێراقدا و ناشتوانێت هیچ وەمێكی بدەنەوە چونكە نە هێزی فڕۆكەوانی عێراق دەتوانیت سنوری وڵاتانی دیكە ببەزێنێت و نە دۆستەكانیشی لە سوریاو لوبنان ئەوەی بۆ دەكەن و كار گەشتوەتە ئەوەی بەهانە دەهێننەوە بۆ ئیسرائیل و عێراق تاوانبار دەكەن كە گوایە ئەو گەنجینانەی كەلێیان دراوە جبەخانەی وڵاتانی دراوسێ ئەم لێدوانانەش لەلایەن هێزە شیعیەكانی ترەوە باس كراون ، بۆیە شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی نیشتمانی ، ڕاستە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیمان هەیە بەڵام هێندەی لە خزمەت تایەفەو گروپ و حیزب و كەسایەتیەكاندایە هێندە لەخزمەت بەهای نیشتمانپەروەریدا نیە.
بەهەمان ڕیتم ڕێژەی گەندەڵی و فەساد گەشتوەتە ئاستە مەترسیدارەكانی ستانداردی جهانی، ناشەفافی حكومەت و پشك پشكێنە شۆر بوەتەوە بۆ جومگە سەرەتاییەكانی بەڕێوەبەراتیەكان، خزمەت گوزاریەكان لە خراپترین ئاستدان .
ئابوری عێراق لە دۆخێكی پڕ مەترسیدایە و بڕی قەرزەكانی عێراق لە (124٤) ملیار دۆلارەوە ڕێژەكەی بەرەو هەڵكشان دەڕوات بەهەردوو تەوەرەكەیەوە چ قەرزی دەرەكی بێت كەلەبوجەی 2019  ڕێگریمان لێكردوە چیتر نابێت عێراق قەرزی دەرەكی نوێ بكات ئەگینا زیاتر دەبوو، چ قەرزە ناوخۆیەكان بێت كەدەزگاو دامەزراوەی دارایی و بانكی نەماوە پارەی لێ وەرنەگیرابێت بەقەرز تاكار گەشتوەتە ئەوەی ساڵی 2019 بڕی  7 ترلیۆن دینار قەرز كراوە لەسندوقی خانەنشین.
كەدێنە سەر گومرگ ئەوا بۆ زانینی دۆخی خراپی گومرگ وتەكەی كازم العقابی، كە لە لیژنەی دارایدا باسی كرد بەسە بۆئەوەی بزانین دۆخی گومرگ چۆنە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرپرسی دەروازە سنوریەكانی عێراق وتی لە باكوری بەسرە لەكۆی 9 دەروازەی سنوری لە 5 دەروازەدا لەدوای نیوەڕۆ حكومەتیان تێدا نامێنێت و میلیشیا چەكدارەكان بەكەیفی خۆیان كاڵاو كەل و پەل هاوردە دەكەن.
سەبارەت بەداهاتە نەوتیەكان، عێراق لە سەقفی هەناردەكردنی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت نزیك بوەتەوەو هێشتا تەهریب هەرهەیە كەرۆژانە خۆی دەدات لەنزیك 200  هەزار بەرمیل نەوت كەئەمەش وتەی عدنان الجنابی سەرۆكی لێژنەی نەوت و ووزەی پەرلەمان لە خولی دووەمدا.
ئەگەر باسی دەسەڵاتی نەختینە بكەین (البنك المركزی) تەنها ئەوەندە بەسە لێژنەی دارایی پەرلەمان هەرچەند دەكات لەو بابەتە تیناگات كەبۆچی ئەم بانكە لەماوەی تەنها 4  رۆژدا نزیكەی 1 یەك ملیار دۆلار دراوی قورسی دۆلار دەخاتە بازار لەم كاتەدا كەچالاكی بازرگانی لەعێراقدا لە ئاستێكی لاوازدایە ، بەپێی ئەو شیكاریەی سەرۆكی لێژنەی دارایی دەیكات بۆ مەزادی دراوی دۆلار كە ساڵانە نزیكەی 40 بۆ 50  ملیار دۆلار لەڕێگەی بانكی مەركەزیەوە دەخرێتە بازار بەمەبەستی وەبەرهینان و هاوردەكردن خۆ ئەگەر لانیكەمی گومرگ بخەمڵێنین كە5% بێت دەبێت وەزارەتی دارایی نزیكەی  10  ملیار دۆلار گومرگی دەست بكەوێت كەلە راستیدا بری گومەرك لە 3 تێپەڕ ناكات ئەی باقی ئەو داهاتە لە كوێیە یان ئەو دراوە دەخرێتە بازارەوە بۆ كوێ حەواڵە دەكرێت!!
هەموو ئەمانەی پێشوو كە خستمانەڕوو كە مستێكە لە خەروارێك پێمان دەڵێن بەزمانی ڕون و ڕاشكاو: عێراق وەك وڵات و حكومەتەكەی وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن وڵاتێكی لاوازی بێ ئیرادەی سیادە نوقسانی تاسەر ئێسك گەندەڵی ناشەفافی شپرزە، بەڵام دەبێت بەرپرسانی هەرێم بزانن ئەم لاوازیە بەرانبەر كێیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group