هۆکارە گرنگەکانی دروستبوونی لۆد لە شەقامەکانی شاری سلێمانی

كاروان محەمەد سدیق

22/09/2019

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەیەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگا و زانکۆو پەیمانگاکان گرفتی هاتووچۆ لە بەشی زۆری شەقام و یەکتربڕو گۆڕەپانەکان بەدی دەکرا، لەهەندێک شوێن گەیشتە خنکانی هاتووچۆ وەلەکاتی تەواو بوونی دەوامی ئەو شوێنانە هەمان گرفت بەدی کرا، لۆدو قەرەبالغییەکی زۆر دروست بوو، وە هۆکاری دروستبوونی ئەم گرفتە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:
1. زۆربوونی ژمارەی ئوتومبیل کە ئامارەکان دەری دەخەن تۆماری ئوتومبیل لە ئێستادا (552،781) ئوتومبیل تەنها لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە جگە لە ئوتومبیلە میرییەکان، ئەمە جگە لەوەی کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئوتومبیلی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، شارەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی شاری سلێمانی دەکەن، وە تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (2019) تۆماری یەکەمجاری ئوتومبیل لە هاتووچۆی سلێمانی (26،415) ئوتومبیل تۆمار کراوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەم ژمارە ئوتومبیلە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان و دۆخی ئێستای شەقامەکان دەگونجێت!
2. هاوکات لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئوتومبیل پڕۆژەی گرنگی ستراتیجی لە شاری سلێمانی بەدی ناکرێت، شەقام و گۆڕەپان و یەکتربڕو ڕێگاوبانەکان تا ڕادەیەک هەمان دۆخی ساڵانی پێشووتریان هەیە، فراوان بوون و نۆژەنکردنەوە بە پێی پێویست بەدی ناکریت.
3. نەبوونی پڕۆژەی گرنگ لە بواری هاتووچۆ کە هاوکار و یارمەرتیدەر بێت بۆ بەردەوام بوونی جوولەی هاتووچۆ و دروست نەبوونی لۆدو قەرەبالغی، وەک دروست کردنی (ئەندەرپاس، ئۆڤەرپاس و نەفەق)
4. خراپی سیستەمی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بۆیە هاوڵاتییان بە گشتی بۆ هەموو کارەکانی خۆیان ئوتومبیلی تایبەتی بەکاردەهێنن، ئەمڕۆ ئەم هۆکارە بە ئاشکرا بەدی کرا کە دایکان و باوکان ئوتومبیلی خۆیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی قوتابییەکانیان و ژمارەیەکی زۆری ئوتومبیل لە شەقامەکان بەدی کراو بووەهۆی دروستبوونی لۆدو قەرەباڵغی.
5. باش دیراسەنەکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لەبواری هاتووچۆ لە ماوەی رابردوو لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە وە دیارینەکردنی بەدیلی گوونجاو بۆ ئەو پڕۆژانە بە نموونە دانانی ترافیکی پەڕینەوەی پیادەکان لە هەندێ لە شەقامەکان بووەتە هۆی دروستکردنی لۆدو قەرەباڵغی، دەکرا لە رابردوو پێشبینی ئەم حالەتانە بکرایە لە جیاتی دانانی ترافیک پردی پەڕینەوەی کارەبایی دابنرایە. هەروەها دروستکردنی تاسەی دەستکرد (لەمپەری دەستکرد) کە ئامانج لە دانانی کەمکردنەوەی خێرایی و رووداوی هاتووچۆیە بەڵام لە هەندێ لە شەقامەکان بووەتە هۆی دروستکردنی لۆدو قەرەباڵغی.
6. هاتووچۆکردنی ئوتومبیلی بارهەڵگری گەورە بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی و کەل وپەلی بیناسازی و...هیتر لە شەقامەکان لەکاتی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی و لەکۆتایی دەوامی فەرمی هۆکارە بۆ دروست بوونی لۆد لەسەر شەقامەکان.
7. کار نەکردن و دەست پێنەکردن لە دروستکردنی پڕۆژەی شەقامی 100مەتری شاری سلێمانی کە دەکرێت بڵێین بە دروستکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکی باش لە گرفتی لۆدو قەرەباڵغی شاری سلێمانی چارەسەر دەکرێت.
8. زیادەڕەوی (تجاوز) لەسەر شۆستەو شەقامەکانی ناوشار وە زیادبوونی ئەم سەرپێچییە بە ئاشکرا بەدی دەکرێت.
9. کار نەکردن بەپێی پێویست بە پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، دروستکردنی چەندین پڕۆژەی گەورە لەسەر یەک شەقام و لە یەک ناوچە و ڕەچاو نەکردنی ژمارەی سەردانیکەرانی ئەو پڕۆژانە، بۆ نموونە دروستکردنی چەندین قوتابخانەو خوێندنگە لە یەک شوێندا.
تێبینی/ مەرج نییە هۆکاری دروستبوونی لۆدو قەرەباڵغی تەنها بۆ ئەم خاڵانە بگەڕێتەوە کە ئاماژەم بۆ کردووە، زۆر هۆکاری هەیە بەڵام من ئەم هۆکارانەم لە کاتەدا بە گرنگ زانی بۆ دروستبوونی ئەم کێشەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group