چیرۆكی سعودیە

هەندرێن شێخ راغب

پێش 3 هەفتە

دەوڵەتی سعودیە، دروستكراوی روداوەكانی دوای جەنگی جیهانی یەكەم ‌و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. دەوڵەتێكە ئەوانی دی دروستیان كردووە بۆ بنەماڵەی ئال سعود‌و ناوی دەوڵەتەكەش هەر بەناوی ئەم بنەماڵەیەیە‌ و لە ئال سعودەوە پێی دەڵێن سعودیە.
ئەم دەوڵەتە تۆمارێكی خراپی هەیە لە برەودان بە فكری توندوتیژی‌و بڵاوكردنەوەی گروپە تیرۆریستیەكان‌و پارەداركردنیان، بۆ نمونە ئەوەی لە ئەفغانستان كردی. لەڕوی مافی مرۆڤەوە تۆمارەكانی زۆر خراپن، نزیكەی پێنج ملیۆن شیعە مەزهەبی هەیە كە تەواو پەراوێزكراون، لە 15%ی هاووڵاتییەكانی لە خوار هێڵی هەژاریەوەن. ساڵانە ملیار دۆلاری لە وەرزی حەج‌و عەمرەكارانی تەواوی موسوڵمانانی جیهان دەستدەكەوێت، بەڵام زۆر كەم لە كاری ئاشتی‌و ئیسلامدا خەرجی دەكات. بەهەرحاڵ باسكردنی دیوی ناوەوەی سعودیە زۆر مەبەستی ئێمە نیە لەم بابەتەدا، بەڵكو مەبەستمان زیاتر نەوت‌ و سعودیەیە.
نەوت ئەم دەوڵەتەی پاراست، دروستی كرد، نوخبەی دەسەڵاتداری زۆر بەهێزكرد، بیابانی حوشترو خورما، ئەگەر نەوت نەبوایە تاوەكو ئێستا دەمێك بوو بۆ وڵاتانی دەوروبەر كۆچیان كردبوو، هەر بۆ نمونە ئەگەر نەوت نەبوایە جیاوازی سعودیە‌و بەنگلادیش چییە؟ سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكەری نەوتە لە جیهاندا، كە رۆژانە نزیكەی (11) ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرێتە دەرەوە. نەوت وایكرد عەرەب لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. ئەگەر غازو نەوت نەبوایە حەوت زەمان بوو ئیمارات‌ و كوێت‌ و قەتەر و سعودیە بیابانێكی خێڵ نشین ‌و بەدەوی‌ و خاوەن مەڕوماڵات‌ و حوشتربون، چەند خێڵێكی پەرتەوازە دەبون. زۆرجار گوتومە نەوت عەرەبی لە فەوتان ‌و پەرتەوازەیی پاراست. نەوت وایكرد عەرەب ببنە خاوەنی سەرمایەی هێندە زۆر كە نمونەی شاری دوبەیان بۆ دروستبكرێت. بۆیە ئەوەی ئێستاش هەیە چیرۆكی نەوت ‌و غازە، ئەگینا هیچ دەوڵەتێكی دنیا ئامادە نییە بەم شێوە راستەوخۆیە بەرگری لە سعودیە بكات.
رۆژانی رابردوو گوایە حوسیە شیعەكانی یەمەن پەلاماری نەوتی سعودیە‌ و ئارامكۆی سعودیەیان داوە، ئەمەش جیهانی هێنایە سەرخەت، بەتایبەت ئەمریكا‌و ئەوروپا. كەواتە نەوت بۆتە پەرژینی مانەوەی سعودیە.
ئێستا ئێمەی كورد خەریكی نەوتین، ئابوریمان نەوتیە. ئایا چۆن دەتوانین وەك سعودیەكان چیرۆكی نەوت بكەینە چیرۆكی مانەوە و گەشەكردن‌ و پەیداكردنی دۆستی بەهێز؟ چۆن وەك سعودیە نەوت بكەینە چەكی بەهێزی دەستمان؟ ئابوری گەورەی پێدروستبكەین؟ هەرێمی كوردستانی پێ بكەینە دورگەی خۆشگوزەرانی‌ و دۆستی پێدروستبكەین، نەوەكو قەیران. ئێمە بەهۆی نەوتەوە لە قەیران دەژین، نەوەكو نەوت هۆكاری هێزمان بێت. دەبێت ستراتیژیی بیربكەینەوە، نەوت دۆسیەیەكی زۆر سەخت‌ و ورد‌و پڕ دەستكەوت ‌و هەڵبەز‌ و دابەزە، ئابوری ئێمە پشت بە نەوت دەبەستێت، وەك چۆن سعودیە توانای دروستكردنی هیچی نییە، ئێمەش لە هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوەین و كەرەوز‌ و تەماتەشمان لە دەرەوە بۆ دێت. نەوت بووەهۆی بڕینی بەشە بودجەی لە 17%ی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، دواتر كەمكرایەوە بۆ لە 12%.
نە نەوتی خۆمان بۆ ئێمە بوو، نە بودجەی عیراقیشمان ما. كەواتە نەوت مایەی ئارامی سیاسی‌و ئابوری ئێمە نەبووە. چیرۆكی نەوتی سعودیە بۆ ئێمە مانای خۆی هەیە، راستە سعودیە دەوڵەتە، ئێمە هەرێمین. ئەوان خاوەنی سیادەی خۆیانن، بەس تۆ لە چوارچێوەی عیراقی. كەواتە دەشێ لەگەڵ عیراق لەبارەی نەوتەوە لاپەڕەیەكی تازە هەڵدەینەوە. نەوت بخەینە خزمەت هەرێمی كوردستان ‌و خزمەت چارەسەری قەیرانەكانمان لەگەڵ حكومەتی عیراق، چونكە ئێستا نەوتی خۆمان بۆتە چەكی دەستی حكومەتی عیراق ‌و لە دژمان بەكاردەهێنێت. نەوتی خۆمان لەدژی خۆمان بەكاردەهێنرێتەوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە سەد دەر سەد پێچەوانە بكرێتەوە، نەوتی خۆمان لەناوەوە بوژانەوەی گەورە دروستبكات‌ و هاووڵاتیان لە دەوری ئابوریەكەی كۆبكاتەوەو مایەی ئارامی بازاڕ‌و ئابوری هەرێم بێت، بۆ دەرەوەش چەكی دەستی هەرێم خۆی بێت. ئەگەر وا نەكەین لە داهاتودا زەبری نەوت دەخۆین ‌و یارییەكان لە دژی ئێمە دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group