بۆچی زۆربەی منداڵەكانمان حەزیان لە قوتابخانە نییە؟

محەمەد فاتیح

21/10/2019

منداڵەكانمان كەوتونەتە نێوان فشاری پەروەردە و فێركردنی ئێمە و مامۆستایانیان. ئەوەمان بیرچوە منداڵیش وەكو ئێمە جیهانێكی تایبەت بە خۆیان هەیە، دەبا لێیان گەڕێین با بەئارەزوی منداڵیی خۆیان بژین.
ئەوەی جێگای نیگەرانیشە تاكو ئێستا مامۆستاكانمان نەیانتوانیوە كەشێكی وا بەدیبهێنن بۆ منداڵەكانمان، كە ئەوەندەی حەزیان لە نەچونە بۆ قوتابخانە، حەزیان بكردایە بچن بۆ قوتابخانە و هۆگری بونایە.
هەرچەندە لە رووی پەروەردە و فێركردنەوە زۆر لە شوێنێكی وەكو عیراق و چەند وڵاتێكی دیكەش باشترین كە تاكو ئێستا بەڕێژەیەكی زۆر توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان بەكاردەهێنن، بەڵام خۆ ئێمەش تاكو ئێستا كەموكوڕیمان زۆرە و مامۆستاكانمان نەیانتوانیوە وا لە قوتابی بكەن قوتابخانەیان خۆش بوێت، هەروەكو چۆن حەزی لە یاریكردنە ئاواش حەزی لە قوتابخانە بوایە، ئیتر نازانم هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەروەدە و فێركردنی هەرێمی كوردستان یان بۆ خودی مامۆستاكان خۆیان.
من بۆ خۆم باوكم لە مامۆستا كۆنەكان بوو، ئەوكاتەی بە گوێڕاكێشان و بە دار، پەیامی پەروەردە و فێركردنیان پێدەگەیاندین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی باوكم مامۆستا بوو، لە ماڵەوە تەنها یەك وشەشی فێرنەكردوم، ئەوەی فێربوم تەنها بەهەوڵی خۆم و مامۆستاكانم بوو، ئێ خۆ ئێستا ئەو ئەركەشمان لەسەر مامۆستاكان كەمكردوەتەوە، كە لەسەر داوای خۆیان ئێمەش بوین بە مامۆستا و لە ماڵەوە دەبێت وانە بە منداڵەكانمان بڵێینەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر لە پەروەردەكردنیشیان كەموكوڕییەك هەبێت هەر ئێمە بەرپرسیارین، ئەی ئیتر منیش دەپرسم: بۆچی زۆربەی قوتابیەكانمان حەزیان لە قوتابخانە نییە؟
كاتی خۆی بە تێهەڵدان و شەق و زللـە مامۆستاكان پەروەردە و فێركردنیان فێرەكردین، بۆیە حەزمان لە قوتابخانە نەبو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ ئەوەی داوا لەدایك و باوكان بكەن بەجوانی وانەكانیان فێردەكردین، ئەی ئێستا هۆكارەكە چییە؟ كە زۆربەی منداڵەكانمان حەزیان لە قوتابخانە نییە و ئاستی فێربونیشیان زۆرباش نییە؟
هەرچەندە تێهەڵدان و شەق و زللـەكە ئێستا كەمبۆتەوە و لەچاو زۆر شوێنی تریش باشترین، بەڵام مامۆستاكانمان تاكو ئێستاش هەڵسوكەوتێكی وا نەرمونیان نانوێنن كە منداڵەكانمان حەزیان لە قوتابخانە بێت و شەیدای قوتابخانە بن و بەهەمان شێوەی جارانیش تێهەڵدان و توڕەبونی مامۆستایان لە هەندێك لە قوتابخانەكان هەر ماوە، لەو شوێنانەشی كە نەماون، رەگ و ریشەكەی هەر ماوە، ئارەزوەكەی ماوە، بیرۆكەكەی ماوە.
زۆرجار قوتابیان باسی ئەوەش دەكەن لەنێوان منداڵی مامۆستاكان و قوبایەكانی دیكەدا جیاوازی دەكرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر مامۆستایەك و داواكاریەكی تایبەتی هەیە لەدایك و باوكی قوتابیان، زۆرجار واهەست دەكەم خەریكە قوتابخانەش هێندە یاسا و رێسای بۆ دانراوە بۆ گەورەش بێزاركەرە چ جای منداڵ!
لە رووی پەروەردەشەوە منداڵەكانمان داماون بە دەستی ئێمە و مامۆستایانەوە و بە هەردولامان پێمانوایە دەبێت ئەوانیش وەكو منداڵیی خۆمان هەڵسوكەوت بكەن و واز لە هەموو یاریەكانی سەردەمەكەیان بهێنن و چوار مشقی دانیشن و تەنها گوێ لە رێنمایەكانی ئێمە بگرن!
 لەم بارەیەوە فەیلەسوفی ئیسلام ئیمامی موسڵمانان عەلی كوڕی تاڵیب دەفەرموێت "منداڵەكانتان لەسەر رەوشتی خۆتان پەروەردە مەكەن، چونكە ئەوان بۆ سەردەمێك بەدەر لە سەردەمەكەی خۆتان دروستكراون".
ئەركی مامۆستا پیرۆزە و پێویستە هەموان رێز لە مامۆستا بگرین، لە هەمانكاتدا پێویستە ئەوانیش لە ئاستی ئەو پیرۆزی و قودسیەتەدا مامەڵە بكەن و پێش هەموو شتێك قوتابخانە لەلای قوتابیان شیرین و خۆشەویست بكەن .
پێویستە شارەزایانی بواری پەروەردە هەڵمەتێكی بەرفراوان دەستپێبكەن لەپێناو دروستكردنی نەوەیەكی تەندروست و داڕشتنەوەی ئیدارەیەكی نوێ كە لەگەڵ ئەم نەوە نوێیەدا بگونجێت. هەتاكو منداڵەكانمان فێری خۆشەویستی قوتابخانە نەكەن و پڕبەدڵ حەزیان لە قوتابخانە نەبێت، هەرگیز پەروەردە و فێركردن هیچ واتایەكی نامێنێت و بەڕێڕەوی راستی خۆیدا نەڕۆیشتوە.
مامۆستایان زویر نەبن لە قسەكانم، پێویستە هەمومان فێری پەروەردە و فێركردن ببین!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group