لەنێوان سەروەریی عیراق و هەژمونی ئەمریكادا

هەڤاڵ عارف

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەنێوان سەروەریی عیراق و هەژمونی ئەمریكادا، خوێندنەوەیەك بۆ قۆناغی پاش كشانەوە
پاش نزیكەی چارەكە سەدەیەك لە ئامادەیی چڕی سەربازی، لۆجستی و مەیدانی، هەروەها سەرباری ئەزموونی كشانەوەی پێشوو و گەڕانەوەی دووبارە لە شەڕی دژ بە داعش، لەژێر هەر پاڵنەر و سیناریۆیەكدا بێت، دواجار هێزەكانی ئەمریكا بۆجارێكی دیكە بەتەواوی لە عێراق كشانەوە و دۆسیەی ئەمنی وڵاتەكەیان ڕادەستی حكومەتی بەغدا كردەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم هەنگاوە ستراتیژییە لە قۆناغێكدا نراوە ناوچەكە بە یەكێك لە ئاڵۆزترین و نادیارترین دۆخەكانیدا تێدەپەڕێت، لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا و هەرچەندە كاردانەوە و لێدوانە سیاسییەكان جیاوازن، سەرەنجام بەم پاشەكشێـیە ڕووە بینراوەكەی ئەم پرسە گەیشتە كۆتایی، بەڵام بە دڵنیاییەوە دیوە شاراوەكەی، چەندین گریمانە و ئەگەری نوێی بۆ ئایندەی سیاسی، ئەمنی و جوگرافیای عێراق و  ناوچەكەش هەڵگرتووە.

لەئێستادا ناوەندە فەرمییەكانی بەغدا ئەم كشانەوەیە وەك گەڕانەوەی سەروەری دەوڵەت وێنا دەكەن، لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی شەقام و هەندێك لە ناوەندە شیكارییەكان، باس لە پاشەكشێی ڕۆڵی ئەمریكا و كۆتاییهاتنی هەژموونی واشنتۆن دەكرێت بۆ قۆناغی داهاتوو، لێرەدا ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە، تا چەند ئەم كشانەوەیە دەبێتە زامنی دەستەبەركردنی سەروەرییەكی ڕەها و وەستانی عێراق لەسەر پێی خۆی؟ بەدیوەكەی دیكەشیدا تاچەند بەمانای پاشەكشێی ڕاستەقینەی ڕۆڵ و كاریگەری ئەمریكا دێت؟

بۆ تێگەیشتن لەم هاوكێشەیە، دەبێت ڕووبەڕووی واقیعێكی حاشاهەڵنەگر ببینەوە، كە ڕەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم ئەزموونی حكومڕانی لەدوای گۆڕانكارییەكانی ساڵی (2003) ئەویش ئەوەیە لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ و لە هیچ قۆناغێكدا عێراق  سەروەرییەكی ڕاستەقینەی بەدەست نەهێناوە، بێگومان بۆ داهاتوویەكی نزیكیش گەیشتن بەو ئامانجە زەحمەتە، چونكە تا ئێستا كاربەدەستانی بەغدا نەیانتوانیوە بە ئالیەتێكی دامەزراوەیی تۆكمە مومارەسەی كایەكانی حوكمڕانی بكەن و سێكتەرە بنەڕەتییەكانی دەوڵەت سەرپێ بـخەنەوە.

ئەگەر تەماشا بكەین لەسەر ئاستی ئابووری، عێراق بەدەست ژێرخانێكی لەرزۆكەوە دەناڵێنێت و جڵەوی سیستەمە داراییەكەی لەدەست خۆیدا نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ لەژێر ڕكێف و هەژموونی ئەمریكادایە، لەپاڵ ئەم لاوازییە ئابوورییەدا، كە دێینە سەر كایەی سیاسی، دەبینین گۆڕەپانی عێراق بەسەر چەندین تەوژم و جەمسەری جیاوازدا دابەش بووە، بەشێك لەم جەمسەرە سەرەكییانە بڕیار و ئاراستەی سیاسییان ڕاستەوخۆ لە وڵاتانی ئیقلیمییەوە وەردەگرن، ئەمەش خاڵێكی دیكەی لاوازیی سیستەمەكەیە و وای كردووە سەقامگیریی سیاسی وڵاتەكە بەردەوام لە قەیران و ئاڵنگاریدا بێت.

لە ڕووی ئەمنیشەوە، ئاشكرایە عێراق كۆنتڕۆڵی بەسەر ئاسمانی خۆیدا نییە و ناتوانێت ڕێگری لە بەزاندنی كایە ئاسمانییەكەی بكات، لەسەر زەویش، هێزە چەكدارەكانی یەكگرتوو نین و بەشێكیان بەسەر  گرووپ و ئایدیۆلۆژیای جیاوازدا دابەش بوون، ئەمە جگە لە ئامادەیی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی توركیا لە قووڵایی خاكی عێراقدا، كۆی ئەم فاكتەرانەش (ئابووری، سیاسی و ئەمنی) ئەوە دەسەلمێنن، كە سەروەری عێراق هێشتا زۆر دوورە لەوەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەكرێت.

هەرچی پەیوەندی بە ڕۆڵی ئەمریكاوە هەیە لە عێراق لەم هاوكێشە نوێیەدا، دەبێت لەو واقیعە تێبگەین، كە ئەم هەنگاوە بە واتای كۆتاییهاتنی هەژموونی واشنتۆن نایەت، بەڵكو تەنیا میكانیزم و ئامرازەكانی پاراستنی ئەو هەژموونە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، واتە لە قۆناغی هێزی زبر و مانەوەی سەربازییەوە، دۆخەكە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی هێزی نەرم و فشاری ئابووری و دیپلۆماسی، بۆیە لەمەودوا، لەبری ئامادەیی سەربازی لە عێراقدا، ئەمریكا دەتوانیت بەئاسانی لە ڕێگەی كارتی دۆلار و داهاتی ووزەوە ئاراستەی گۆڕەپانەكە بكات بەتایبەت، كە داهاتی نەوتی عێراق نزیكەی 90%ی داهاتی بودجەی دەوڵەت پێكدەهێنێت، بۆیە واشنتۆن ئەگەر بیەوێت، توانای ئەوەی هەیە بە یەك هەنگاوی دارایی، تەواوی سیستەمی ئابووریی وڵاتەكە پەك بخات، هەروەك چۆن لە ساڵانی (2023 تا 2025) بەسێ قۆناغ (27) بانكی عێراقی لە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریكیەوە سنووداركران، ئەوەش بازاڕی دراو و سێكتەری دارایی عێراقی توشی پەشۆكان و  جوڕێك لە شڵـژان كرد.

ئەمەش ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەكات، كە كشانەوەی سەربازی تەنیا گۆڕانكارییەكی تاكتیكییە بە ئامانجی كەمكردنەوەی تێچوو و دوورخستنەوەی هێزەكان لە مەترسیی ڕوبەڕوبونەوە و هەندێ مەرام و پرۆژەی دیكە، نەك جێهێشتنی گۆڕەپانەكە بۆ نەیارەكانی، چونكە واشنتۆن لە دووریشەوە دەتوانێت هێڵی سوور بۆ هەموو ئەو هاوكێشانە بكێشێت، كە بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا دەخەنە مەترسییەوە

لەكۆتاییدا، دەبێت دان بەو واقیعەدا بنێین، كە گۆڕانكاری ڕوویداوە و عێراق پێی ناوەتە قۆناغێكی جیاوازەوە. بەڵام جەوهەری ئەم گۆڕانكارییە سەروەری ڕاستەقینە بە وڵاتەكە نابەخشێت، بەڵكو دەرهاویشتەی جیاوازتری لێ دەكەوێتەوە، لە ناوخۆدا دەكرێت وەك پاساوێك بەكار بهێنرێت بۆ كۆمەڵێك هەنگاو و گۆڕانكاری سیاسی و ئەمنی، بەتایبەت بۆ یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی پرسی گرووپە چەكدارەكان، كە لەئێستدا بەجددی كاری لە سەردەكرێت.

لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، ئەم هەنگاوە دەبێتە كارتێكی فشاری قورس بۆ بەرتەسككردنەوەی ژینگەی دەستێوەردان و ناچاركردنی هێزە ئیقلیمییەكانی دیكە بە پاشەكشە لەناو قووڵایی خاكی عێراقدا، لەهەمانكاتدا تاقیكردنەوەیەكیش بە بەغدا دەدات، كە تا چەند دەتوانێت ئەم پرسە بكاتە دەرفەتێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی پێشتر دەرفەتی دەخالەت و نفووزیان بە دەرەوە دەدا، بێگومان ئەم پرۆسەیەش لێرەدا ناوەستێت و كاریگەری و ڕەهەندی دیكەی بەدوادا دێت، سەرەداوی ئەمەش لە لێدوانەكانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراكدا بەڕوونی هەستی پێ دەكرێت، بۆیە ڕۆژانی داهاتوو وێنە گشتییەكەی ئەم قۆناغەمان زیاتر بۆ ڕوون دەكاتەوە.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group