ئێمەش پێمان خۆشە دەستخۆشیتان لێبكەین

محەمەد فاتیح

23/09/2021

لەقێزەوەنترین هەڵسوكەوتەكانی كۆمەڵگە، فریودان و هەڵخەلەَتاندنی مرۆڤەكانە، چ نێر یان مێ لەرێگای ئارەزوە سێكسیەكانیەوە.
ئەم هەنگاوە وەكو كارێكی بازرگانی لێهاتوە و لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ژنان و كچان و كوڕان و پیاون هەڵدەخەڵەتێنین و فریویان دەدەن بەكاری سێكس و ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوە و دواتر هەڕشەی بڵاوكردنەوەیان دەكەن ئەگەر بێت و بڕێك پارە نەدەن.
من كارم بە لایەنە ئایینیەكەوە نیە و ئەوە بۆ پیاوانی ئایینی بەجێدەهێڵم، بەڵام لەروی پێكهاتەی لەشی مرۆڤەوە، هەمومان پێویستم بە سێكس و چێژ وەرگرتن هەیە، ئەمە سروشتی مرۆڤە و ئەمە ئازادیەكی تاكەكەسیە كە چۆن بتەوێت ئەو حەز و ئارەزوەت بە جێبهێنیت بەراستەوخۆ، لەرێگای تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە و هتد.
قۆستنەوەی ئەم ئارەزوە لەلایەن هەندێك كەسی لەیاسا دەرچو كارێكی دژ بە مرۆڤایەتی و بنەماكانی مافی مرۆڤە و دەچێتە خانەی تاوانە قێزەوەنەكان.
ماوەیەكی زۆرە دەبینم و دەبیستم خۆشبەختانە لەهەرێمی كوردستان ئەو كەسانە دەستگیردەكەن كە ئارەزوی خۆشەویستی و سێكسی مرۆڤەكانی دیكە دەقۆزنەوە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدۆیی و وێنەكانیان لێدەكەن ئەگەر بێتو بڕێك پارە نەدەن، كە دواهەمینیان گەنجێك بوو لەدهۆك و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، دانپێدانانی كوڕێكی تەمەن 21 ساڵانی بڵاوكردەوە كە لەرێگەی ئینستاگرامەوە كچان و ژنانی هەڵخەڵەتاندوە و پاشانیش هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لێكردون.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە تەمەنی 21 ساڵە و سەرەڕای ئەوەی مۆبایلێكی لە هاوڕێیەكی خۆی دزیوە، چەند پەیجێكی بەناوی جیاواز و بەناوی چەند هۆزێكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دروستكردوە، لەگەڵ ژنان و كچان قسەی كردوە و چەندین ڤیدیۆ و وێنەی لێوەرگرتون.
ئەم هەنگاوانە جێگای دەستخۆشیە و هیوادارم سزای توند بەسەر ئەو كەسانە بسەپێندرێت كە ئازادی تاكە كەسەكان لەكەدار دەكەن و رێگە نادەن خەڵك بە ئازادی بژین!
باشتر وایە ئەم جۆرە ئەركانەی پۆلیس و ئاسایش فراوانتربكرێن و تەنانەت رێگە لەو كردەوە قێزەوانانەش بگرن و ئەو كەسانە بە سزابگەیەنن كە گێچەڵ بە كچان و ئافرەتان دەكەن یاخود بەزۆر دەستدرێژی سێكسیان دەكەن سەر، بەهەمان شێوە بە یەكێك لە تاوانە قێزەوەنەكان لەقەڵمبدرێت و بكەرەانی سزای توندبدرێن!
نا بۆ دەستدرێژیكردن بۆ سەر ئازادی تاكە كەسەكان و بەڵێ بۆ ژیانكردن بەئازادی و پەیوەستبون بەیاساكان و بە یاسای مرۆڤایەتیەوە!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group