تاران و واشنتۆن لە شەڕی كاتدا

هەڤاڵ عارف

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ململانێكانی نێوان تاران و واشنتۆن پێیان ناوەتە قۆناغێكی ئاڵۆزو نادیارەوە سەرەڕای خستنەگەڕی تەواوی بژاردەكان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ ڕامكردنی تاران لە هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسییەوە بگرە تا دەگاتە گەمارۆی سەختی ئابووری هیچ كام لەم میكانیزمانە نەیانتوانیوە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی یان ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنن.
درێژەكێشانی ئەم بنبەستە باجێكی قورسی بەسەر ئێران و ناوچەكەدا سەپاندووە، لەلایەك تان و پۆی ئابووری وڵاتەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، ڕووبەڕووی هەڵاوسانێكی توند و داڕمانی بەهای تمەنی كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە، زیانێكی گەورەی بە سەقامگیریی سیاسی، ئاسایش و ئابووری وڵاتانی ناوچەكە گەیاندووە،
هێشتا هیچ ئاسۆیەكیش بۆ سازشكردن یان نزیكبوونەوە بەدی ناكرێت. لە ئێستاشدا هەردوو جەمسەری قەیرانەكە بە دوو ئاراستەی جیاواز، ئیدارەی ململانێكە دەدەن. تاران لەڕێگەی بەرپەرچدانەوەی هێرەشەكان، دروستكردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز و بەكارهێنانی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا كار لەسەر ستراتیژی بەڕێكردنی كات دەكات، هەوڵ دەدات تا كۆتاییهاتنی خولی سەرۆكایەتی ترەمپ خۆی ڕابگرێت و چارەنووسی ململانێكە بخاتە بەردەم ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا.
لە بەرامبەردا، واشنتۆن بۆ زوو یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە، پشتی بە سیاسەتی سەپاندنی ئابڵوقەی سەختی ئابووری و وەشاندنی گورزی ناوبەناوی سەربازی بەستووە، ئەم پەلەكردنەی ئەمریكاش سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئاڵەنگاری ئاڵۆز لەبەردەم ئیدارەكەی ترەمپدا.
ئاڵنگاری یەكەم: نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و سینات)ە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا، كە ڕەهەندێكی چارەنووسسازی هەیە.
ئاڵنگاری دووەم: بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە لە بازاڕەكانی جیهان و بەتایبەت ئەوروپا  تەنانەت بەشێویەكی ناڕاستەوخۆ لە ناوخۆی ئەمریكاش نرخی سووتەمەنی بەدیاریكراوی گازوایل بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە، ئەم هەڵكشانەی  نرخی ووزەش خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ڕووسیا دەكات
لەبەر ئەمەش مانەوەی دۆخەكە بەم شێواوییە مەترسییەكی گەورەیە بۆ داكشانی دەنگی كۆمارییەكان، چونكە ئەگەر دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكان مسۆگەر بكەن ئەو ترافیكە سەوزەی بەڕووی دەسەڵاتە ڕەهاكانی ترەمپدا هەڵكراوە بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێت و لەمپەری گەورە لەبەردەم پرۆژەكانیدا دروست دەبێت، هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ كەوتووەتە پێشبڕكێیەكی توندەوە لەگەڵ كاتدا.
سەرئەنجام، گردوكۆی ئاماژە و پێشهاتە مەیدانییەكان تائەم سەروبەندە، بەو ئاراستەیەن، كە تاران لە گەمەی كاتدا باڵادەستە و توانیویەتی ململانێكان لە خزمەت مانەوەی خۆیدا درێژ بكاتەوە.
ئەمەش واشنتۆنی خستووەتە بەردەم تەنگژەیەكی ستراتیژیی قووڵەوە، كە نە دەتوانێت لە ڕێگەی بژاردەی سەربازییەوە ململانێكە یەكلایی بكاتەوە نە دەتوانێت پاشەكشەیەكی ئابڕوومەندانە بكات بێ ئەوەی باجی سیاسی بدات، بۆیە  پێشبینی و ئەگەرەكان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە ئایندەی ئەم قەیرانە و چارەنووسی یەكلاكردنەوەكەی بكەوێتە سەر مێزی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا، بێگومان تا ئەو ساتەش ناوچەكە لەسەر لێواری ئاگر دەبیت و لە نێوان ئاڵۆزی و نیمچە هێوربوونەوەی كاتیدا دەمێنێتەوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group