لە زۆرێک لە وڵاتان و دوابەدوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە چوارچێوەی گواستنەوەی دیموکراسیدا، دیاردەی “پارەی ڕەش” سەری هەڵداوە. وە ئەمە تەنیا زاراوەیەک نییە کە باس لە پارەی نەختینەیی نایاسایی بکات، بەڵکو یەکەیەکی بەرجەستەیە کە بە قووڵی لە پەیکەری حوکمڕانی و ئابووریدا چەسپاوە. ئەم دیاردەیە تازە نییە، بەڵکو ڕێکخراوتر و ڕەگ و ڕیشەی قووڵتر لەو وڵاتانەدا داکوتاوە کە سەروەری یاسا خەریکە دەڕوخێت و دامودەزگاکانی دەوڵەت لە بەرژەوەندی تۆڕە سیاسی و ئابوورییە نافەرمیەکاندا هەڵدەوەشێتەوە. حاڵەتێکە لە تۆڕە داراییەکانی پەیوەست بە لایەن یان گروپە کاریگەرەکان کە دەسەڵاتی خۆیان بەكارئەهێنن بۆ وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیا و پڕۆژە و کەسانی دەوڵەمەند. چەمکی " دەستبەسەرداگرتنی پارە " کە لەلایەن ئابووریناس" گۆردۆن تولۆک"ەوە داڕێژراوە، ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی قازانج یان سامانی دارایی لەڕێگەی دەستکاریکردنی ژینگەی سیاسی یان ئابووری بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات یان سەرچاوە بەبێ زیادکردنی بەهای بەرهەمهێنان بۆ کۆمەڵگا (وەک بەدەستهێنانی یارمەتییەکانی حکومەت، باج، یان مۆڵەتی قۆرخکاری). ئەوەی ئەم جۆرە لەدەستبەسەراگرتنە بۆ پارەی ڕەش جیا دەکاتەوە لە تاوانە ڕێکخراوە تەقلیدییەکان ، ئەوەیە كە نهێنی نییەو دەرکەوتنێتی بە ئاشكرایە. ئەم گروپانە لە سێبەردا کار ناکەن بەڵكو بەئاشکرا کار دەکەن، زۆرجار بە ناو و پۆست و پەیوەندی ناسراون. خاوەن کارەکان، بەڵێندەران و وەبەرهێنەران بە باشی ئاگاداری ئەوەن کە دەبێت پەیوەندی بە کێوە بکەن، دانوستان لەگەڵ کێ بکەن. ئەو کۆمپانیایانە کە پڕۆژەی گشتی یان تایبەت جێبەجێ دەکەن، زۆرجار ناچار دەبن لە ژێر پەردەی "هاوبەشیی سیاسی" یان "گەرەنتی ئەمنی"، یان "کرێی ئاسانکاری" دەستبەرداری ڕێژەیەکی قازانجەکانیان بن. بەردەوامی ئەم پراکتیزانە بەهۆی بۆشایی یاسادانانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی داڕمانی بە ئەنقەستەوەیە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا. ئەم گروپانە بە پاراستنی تەواوی حزبە دەسەڵاتدارەکان قەڵغان دەکرێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پارەی چالاکیی یان تۆڕی دڵسۆزیی بۆ دەسەڵاتداران دابین دەکەن، یان وەک چەکی نافەرمی بۆ هەژموون و کۆنترۆڵکردن بەکاریان دەهێنن. لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەڵگەیان لەسەر چۆنیەتی پەرەسەندنی ئەم سیستێمانە بۆ ئابووری هاوتەریب بەڵگەدار کردووە. وە دەركەوتوە كە پارتە سیاسییەکان لیژنەی ئابووری یان نێوەندگیری متمانەپێکراو دادەمەزرێنن بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان و گرێبەستە گشتیەکان و کەرتە ستراتیژییەکان. کاردانەوەی ئابووری ئەم دۆخە توند و درێژخایەنە. بازاڕەکان بێ بەرهەم دەبن و بڕیارەکانی وەبەرهێنان دەشێوێنرێن، ئاراستەی سەرمایە بەرەو ئەکتەرەکان دەڕوات کە بە کاریگەری سیاسی پارێزراون . ئەو کۆمپانیا بچووک و مامناوەندانەی کە توانای پارەدانی نافەرمییان نییە، زۆرجار ناچار دەکرێن لە بازاڕ دەربچن یان بچنە کەرتی نافەرمی. وەبەرهێنەرانی بیانی ، یان دەکشێنەوە یان داوای گەڕانەوەی زیاتر دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی مەترسییەکان. هەروەها کاریگەری لەسەر دارایی گشتیش دەبێت. لەگەڵ سووڕانەوەی پارە نایاساییەکان لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان، داهاتی باج کەم دەبێتەوە، ئەمەش توانای حكومەت بۆ دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی لاواز دەکات. پاشان بە هاووڵاتیان دەوترێت کە هۆكاری دابەزینی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجامی کورتهێنانی بودجە، یان فشارە دەرەکییەکان هۆكار بوە . لە سەرانسەری جیهاندا چەندین نموونە هەیە کە چۆن گروپە ڕێکخراوەکان گۆڕاون بۆ هێزی زەوتکردنی پارەی ڕەش ، داوای ڕێژەی سەدی قازانج یان پارە لە بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان دەکەن لە بەرامبەر پاراستنیان، یان بۆ ئاسانکردنی ڕێکارەکان یان دوورکەوتنەوە لە لێپرسینەوە. لە ئیتاڵیا، ڕێکخراوە مافیاکان پارە لە خاوەن دوکانەکان و بازرگانەکان وەردەگرن وەكو پارەیەکی بەردەوامی پاراستن کە پەیوەندی بە قەبارەی کارەکانیانەوە هەیە کە وەک گەرەنتییەکی ئەمنی پێشکەش دەکرێت. لە مەکسیک کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان ڕاستەوخۆ پارە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بازرگانی زەوت دەکەن، "باج"ی نافەرمی دەسەپێنن کە بەهاکەیان بەپێی ناوچەکە و قازانجەکان دەگۆڕێت. لە ڕووسیا تۆڕەکانی "پاراستن" سەریان هەڵداوە، داوای ڕێژەی سەدی داهات لە بازرگانییەکان دەکەن لە بەرامبەر بێلایەنکردنی دەزگاکانی چاودێری یان ئاسانکاری بۆ مۆڵەتدان. لە نەیجیریا، کۆمپانیاکانی نەوت و بیناسازی ناچارن بڕە پارە یان ڕێژەی سەدی گرێبەستەکان بدەن بۆ ڕێگریکردن لە تێکدانی دامەزراوەکان یان پچڕانی بەرهەمهێنان. لە بەرازیل میلیشیا ناوخۆییەکان بەشداریکردنی زۆرەملێ بەسەر کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکاندا دەسەپێنن، کە بە ڕێژەی لەسەدی داهاتەکانیان حیسابی بۆ دەکرێت، لە بەرامبەر ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. هەروەها ئەفغانستان و کۆڵۆمبیا لە کاتە جیاوازەکاندا شاهیدی ئەوە بوون کە گروپە چەکدارەکان باجیان بەسەر بازرگانیدا سەپاندووە وەک ڕێژەیەک لە قازانجەکان لە بەرامبەر ڕێگەدان بە کارکردن یان تێپەڕبوونی سەلامەت. لە عێراقدا ئەم پراکتیزانە بە ڕوونی لە زیاتر لە کەرتێکدا دیارە، کە گروپە کاریگەرەکان خەریکی جۆرەها شێوەی زەوتکردنی پارەی ڕەشن، بۆ نمونە لە کەرتی بەڵێندەرایەتی و پڕۆژە حکومییەکان، هەروەها لە دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکان ، كەپارەی جێگیر یان ڕێژەی سەدی بەهای کاڵاکان لەکۆمپانیاکانی هاوردەکردن وەردەگیرێت لە بەرامبەر خێراکردنی ڕێکارەکان یان دوورکەوتنەوە لە ڕاگرتن و دواکەوتنی بە ئەنقەست. لە کەرتی نەوت و گاز و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا، بەڵێندەرانی لاوەكی ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە بۆ ئەوەی پارەی پاراستن بدەن لە بەرامبەر بارودۆخی کارکردنی سەلامەت و دابینکردنی بێ پچڕان، یان پاراستنی ئامێر و کارمەندان. لە مۆڵە بازرگانییە گەورەکان ، بە تایبەت لە هەندێک شاردا، بازرگانان و خاوەن مۆڵەکان لە ژێر پەردەی “هەماهەنگی ناوخۆیی”دا پارەیان لێ وەردەگیرێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرش و تێکدان، یان هاندانی ململانێ. ئەم پارانە زۆرجار وەک ڕێژەی سەدی فرۆشتن یان وەک بەشداریکردنی مانگانەی ناچاری حیسابی بۆ دەکرێت. لە کۆتاییدا، زەوتکردنی پارەی ڕەش لە کۆمپانیا و پڕۆژە و دەوڵەمەندەکان چیتر بابەتی سەرپێچی تاکەکەسی نییە بەڵكو گۆڕاوە بۆ شەڕێکی بێدەنگ کە لە دڵی هەم ئابووری و هەم کۆمەڵگا دەدات. گەشەسەندنی ڕاستەقینە لە ژینگەی ترسدا ناتوانێت گەشە بکات و وەبەرهێنانیش لە غیابی دادپەروەری و سەروەری یاسادا گەشە ناکات. لێرەدا بەرپرسیارێتیەكە دەستەجەمعییە بەرپرسیارێتی حكومەت بە دامەزراوە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریەکانییەوە هەروەها بەرپرسیارێتی کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی لە دژی ئەم بەڵایە بوەستن، بەرگری لە گەشەپێدان و سەقامگیری و داهاتوویەک بکەن . د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.