"بەهۆی ململانێی ئەمریكاو ئێران، پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دواكەوتووە"

18/12/2018 عێراق

نەوا–سالم سەلیم 
ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەوبڕوایەدایە، "بەهۆی ململانێی و دەستوەردانی ئەمریكاو ئێران، پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دواكەوتوەو سەرۆك وەزیرانی عیراق نەیتوانیوە پرسەكە یەكلایی بكاتەوە، ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر ئەو ململانێیە درێژە بكێشێت، بەدور نازانرێت عادل عەبدولمەهدی دەستلەكار بكێشێتەوەو ئەم پرسە بخاتەوە بازنەیەكی داخراو".
ئەشواق جاف ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی بەرادیۆ نەوای راگەیاند، "هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی بەسەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ رزگاركردنی عیراق بوو لەشەڕی ناوخۆ، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەرەسەندی ململانێی دوو بەرە كە یەكێكیان سەر بە ئەمریكایەو ئەوەی دیكەشیان سەر بە ئێرانە، وایكردووە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دوابكەوێت و بەئاسانی یەكلایی نەكرێتەوە".
وتیشی: "ململانێی توندی ئەو دوو بەرەیە لەسەر پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگرییەو ئەگەر زۆر درێژە بخایەنێت، بەدور نازانرێت عادل عەبدولمەهدی دەست لەكار بكێشێتەوە و ئەو پرسە بخاتەوە بازنەیەكی داخراو".
ئەشواق جاف ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رادیۆی نەوا باسی لەوەشكرد، "گەندەڵی وەكو شێرپەنجە لەدامودەزگاكانی عیراقی بڵاوبووەتەوەو كەڵەكەبووی كێشەی دەیان ساڵی پێشووە، بۆیە ئەگەر هێزو لایەنە سیاسییەكان، پەرلەمان و دادگاكان پشتیوانی لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەكەن، پێناچێت بتوانێت هیچ جۆرە چاكسازییەك بكات لە داهاتوودا و سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group