روسیا منداڵەكانی خۆی لە عیراق دەباتەوە

7 رۆژ پێش ئێستا نەوا

روسیا وەجبەیەكی دیكە لەو منداڵانەی لە عیراقەوە دەباتەوە، كە دایكیان لە ریزی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا كاریان كردوە و لە شەڕەكاندا دەستگیركراون و ئێستا لە گرتوخانەدان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا، كە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، رۆژی یەكشەممە 27 منداڵی روسی لە بەغداوە رەوانەی مۆسكۆ كراونەتەوە.
روسیا لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا رایگەیاند، 30 منداڵی روسی لە بەغداوە وەرگرتوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، باوكی ئەو منداڵانە لە 3 ساڵی شەڕی نێوان رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هێزەكانی عیراقدا كوژراون.
جێی باسە لە سەرەتای كانونی دووەمدا كرملین رایگەیاند، 115 منداڵی روسی، كە تەمەنیان نەگەیشتۆتە 10 ساڵان، 8 منداڵیش كە تەمەنیان لەنێوان 11 و 17 ساڵاندایە، لە عیراقدا ماون.
بەپێی یاسای عیراقی، هەر ژنێكی حوكمدراو منداڵی هەبێت لە دوای تەمەنی 3 ساڵی بۆی نییە لە گرتوخانەدا لەگەڵیدا بمێنێتەوە.
پێشتریش ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لە گوتارێكیدا لە كانونی یەكەمی رابردودا رایگەیاند، كارەكانیان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی لە عیراقدان.
هەروەها لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردودا، (خەیدا ساراتۆڤا) چالاكوانی مەدەنی چیچانی ئاماژەی بەوەكرد، كە زیاتر لە دوو هەزار منداڵی روسی لە سوریا و عیراقدان. وتیشی "نزیكەی 100 ئافرەت و منداڵ گەڕاونەتەوە بۆ روسیا، كە زۆرینەیان خەڵكی ناوچەی قەوقازن".
لەگەڵ دروستبونی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ژمارەیەكی زۆر لە خاوەن باوەڕی جیهادی، لە ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاواوە روویان لە سوریا و عیراق كرد و پەیوەندییان بە رێكخراوەكەوە كرد و بە گوێرەی دەزگای ئاسایشی روسیاش، هەزاران روسی پەیوەندییان بە داعشەوە كردوە و هەندێكیشیان خێزانەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بردوە.
لە چەند مانگی رابردودا، دادگاكانی عیراق بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ زیاتر لە 300 كەس دەركرد، كە پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا هەبوە و نزیكەی 100 كەسیشیان بیانی بوون. سەرەڕای دەركردنی سزای زیندانیكردنی هەتا هەتایی بۆ دەیانی دیكە، كە لە رێكخراوی داعشدا ئەندام بوون.
لەو كەسانەی بەهۆی ئەندامێتییەوە لە ریزی داعشدا سزادراون و بیانین، هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی وەك توركیا و ئاسیا و كۆمارەكانی سۆڤیەتی جارانن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو وەزارەتی دەرەوەی روسیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەتیكردەوە، كە دەسەڵاتدارانی عیراق داوای پارەیان لە روسیا كردبێت لە بەرامبەر رادەستكردنی ئەو منداڵە روسیانەی دایكیان لە گرتوخانەكاندان و سزا دراون.
كەناڵەكانی راگەیاندنی عیراق بڵاویانكردبوەوە كە عیراق داوای پارەی كردوە بۆ رادەستكردنی ئەو منداڵە روسیانە بە مۆسكۆ، بەڵام لە بەیاننامەكەدا هاتوە "ئەو زانیاریانە بە هیچ شێوەیەك راست نین، بەڵكو دەسەڵاتدارانی عیراق لە وەزارەتەكانی دەرەوە، ناوخۆ و داد لەنێویشیاندا باڵیۆزخانەی عیراق لە مۆسكۆ، لە هەموو رویەكەوە پشتیوانیمان دەكەن لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە روسیانە، بۆ ئەوەش دۆخی مرۆیی بە تەواوەتی لەبەرچاو گیراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group