بەرپرسێكی پارتی لەموسڵ: گەورە تیرۆریستێكی داعش دەستگیر كراوە

18/01/2020 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ رایدەگەیەنێت، "دۆخی ئەمنی موسڵ ناجێگیرەو هاووڵاتیان ناوچەكە بەجێدەهێڵن، رۆژی شەممە گەورە تیرۆریستێكی داعش لە موسڵ دەستگیركراوە".
سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ بەرادیۆ نەوای راگەیاند، رەوشی ئەمنی موسڵ ناجێگیرەو رۆژی شەممە گەورە تیرۆریستێكی داعش كە سەرپەرشتی شانە نوستووەكانی لەو پارێزگایە دەكرد بەناوی "نزار عەلی" دەستگیركراوەو جگە لەوەش چەندین گروپی شیعە لە موسڵ بونیان هەیەو سەرجەمیان دژی یەكن و بەناوی حەشدی شەعبی كارەكانیان دەكەن لەو پارێزگایە.
باسی لەوەشكرد، لە گەیارە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ژمارەیەك چەكداری شیعەكان دروستبووەو لەوكاتەشدا تیرۆریستانی داعش سودیان لەو دۆخە وەرگرتووەو هێرشیان كردووەو بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و لە هەردوولا بریندار هەبووە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ وتیشی: "خەڵكی موسڵ لەدۆخیێكی خراپدا ژیان دەكەن و ئەوانەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون ناگەڕێنەوەو ئەوانەشی پێشتر گەڕاونەوتەوە لە ئێستادا دووبارە لە پارێزگاكە هەڵدێن و روودەكەنە هەرێمی كوردستان چونكە رەوشی موسڵ جێگیر نییەو خزمەتگوزاری كەمەو خەڵكیش لە دەستی حەشدی شەعبی بێزاربوون".  


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group