دوایین زانیاری لەسەر ئەو كەسەى لە سلێمانی دوای وەرگرتنی ڤاكسین تووشی شەلەل بوو

11/05/2021

نەوا-
د. رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات: سەبارەت بەو كەسەی لە سلێمانی دوای وەرگرتنی ڤاكسین تووشی شەلەل بووە لێكۆڵینەوەكان تائێستا یەكلایی نەبونەتەوە و شیكارییەكی ماوە كە دەنێردرێت لە دەرەوەی وڵات بكرێت
د. رەهێڵ فەرەیدون لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا وتویەتی: ئێستا هاوڵاتیەكی زۆر بەرەوڕوی وەرگرتنی ڤاكسینە چینیەكە دەڕوات، دەزانێت لە هەموی سەلامەترە هەرچەندە كاریگەریەكەی كەمترە، هەروەها فایزەر و ئەسترازێنیكاش ئەو جیاوازیەیان نییە باس لەوە دەكرێت خەستبونەوەی خوێن دروستدەكەن و بە هەمان رێژە دەیكەن، لە كۆیە كەسێك مرد لە دوای لێدانی ڤاكسینەكە و لە سلێمانیش كەسێك توشی شەلەل بوە، ئەوەش لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوندان تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە.
سەبارەت بەوەی كە ئەو حاڵەتانە پەیوەندییان بە وەگرتنی ڤاكسینەوە هەیە باسی لەوەكردوە: یەكەم ناتوانرێت بوترێت پەیوەندی نییە و ناشتوانرێت دڵنیایی هەبێت كە هۆكارەكەی ئەوەیە، ئەوەی كۆیە ناتوانرێت بسەلمێنرێت چونكە كەسەكە مردوە و هەندێك شیكاری بۆ دەكرێت بەڵام هەندێك شیكاری هەیە بە ئاسانی بەدەست ناگات، هەتا ئێستا لە دنیاشدا دیاریكردنی ئەو بابەتە ئاسان نییە، بۆ خەستبونەوەی خوێنەكەش كە لە بەریتانیا ئەسترازێنیكا چەند كەسێكی كوشت لەوەش ناتوانرێت دڵنیابن.
سەبارەت بەو كەسەشی لە سلێمانی توشی شەلەل بوە وتی: شیكاریەك ماوە بكرێت بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابنەوە كە ئەم هۆكارەیە بۆتە هۆی ئەم شەلەلە، ئێستا داواكراوە شیكاریەكی تری بۆ بكرێت و سامپڵی لێوەرگیرێت و بچێتە دەرەوەی وڵات، لەوێ ئەگەر ئەو شیكاریە بەو ئەنجامە بێتەوە كە چاوەڕوانكراوە ئەوا دەكرێت بلێین، بەڵێ هۆكاری ئەو شەلەلە ئەوەیە بەڵام ناكرێت و ناتوانرێت لە ئێستادا ئەو قسەیە بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group