تەندروستی فەلەستین: زۆرینەی قوربانیەكانی هێرشەكانی ئیسرائیل ژن و منداڵن

12/05/2021 جیهان

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بڵاویكردەوە، زۆرینەی قوربانیانی بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە ژن و منداڵن و دانیشتوانەكە روبەڕوی ترس و تۆقاندنێكی گەورە بوونەتەوە.
دكتۆر ئەشرەف قودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، 43%ی ئەو كەسانەی بوونەتە قوربانی بۆردومانەكان ژن و منداڵن و سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست خانوو و ناوچەكانی نیشتەجێبونی هاوڵاتیان دەكاتە ئامانج.
رونیشیكردووەتەوە، بەهۆی بۆردومانی ناوچە قەرەباڵغەكانی نیشتەجێبوون دانیشتوان بەتایبەتی ژنان و منداڵان تووشی ترش و تۆقاندنێكی گەورە بوونەتەوە و كاریگەری لەسەر دەرونیان دروستكردووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی دەنگی تەقینەوەكان و رووخانی خانوو و تەلاری ناوچەكە.
لە شەڕی چەند رۆژەی ئیسرائیل و گروپەكانی كەرتی غەزە، چەندین ناوچەی ئەو كەرتە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە بۆردومان كراون و زیاتر لە هەزار موشەكیش لەلایەن گروپە فەلەستینیەكانەوە ئاڕاستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل و دەوروبەری كراون، تائێستا نزیكەی 50 كەس لە كەرتی غەزە بونە قوربانی كە 13یان منداڵن و نزیكەی 300 كەسیش بریندار بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group