رووسیا و چین پشتگیریی داواكارییەكەی بەغدایان كرد

18/05/2024 جیهان

نەوا-
رووسیا و چین پشتگیریی داواكارییەكەی بەغدایان كرد بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق.
بەگوێرەی نوسراوێكی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حكوومەتی عێراق داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە تا كۆتایی ساڵی 2025 كۆتایی بە ئەركە سیاسییەكەی بهێنێت لە وڵاتەكە، كە زیاتر لە 20 ساڵە لەو وڵاتە كار دەكات و پێویستی پێ نەماوە، هەروەها جێگری نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان، عەباس كازم عوبەید فەتلاوی، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەو داواكارییەی لەبەردەم ئەنجوومەنەكەدا دووبارە كردەوە و وتی: ئەو ئەركە ئامانجەكانی خۆی بەدی هێناوە.
ڤاسیلی نێبێنزیا، نێردەی ڕووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پشتیوانیی ئەم بۆچوونەی كرد و ڕایگەیاند، عێراقییەكان ئامادەن بەرپرسیارییەتی داهاتووی سیاسیی وڵاتەكەیان لە ئەستۆ بگرن.
ئاماژەی بەوەش كرد، نابێت ئەو كێشانەی كە ماونەتەوە ببنە بیانوو بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان تا كاتێكی نادیار لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group