نەوا-
ماڵپەڕە ئەمریكییەكان بڵاویانكردوەتەوە، یاری Grand Theft Auto 6 ئەم پێنجشەممەیە 19-11 بڵاودەكرێتەوەو ئابوریناسان پێشبینی دەكەن كە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بە مەزەندەكردن یەك ملیۆن و 500 هەزار ئەمریكی كارەكانیان بەجێبهێڵن و لە ئەنجامدا یەك ملیار دۆلار زیان بە بەرهەمهێنانی ئەمریكاو ئابورییەكەی بگەیەنێت.
ئاژانسەكانی هەواڵیش لەوبارەیەوە بڵاویانكردۆتەوە، 13 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبونەوەی دوایین یاری Grand Theft Auto و كۆتایی ئەم هەفتەیەش بەشی 6ـی یارییەكە بڵاودەكرێتەوە كە تاوەكو ئێستا ملیۆنان كڕینی پێشوەختەی لەسەرتاسەری جیهان بەدەستهێناوە.
دەگوترێت هەندێك لە رێكخراوەكان رێگایەكی چالاكانە دەگرنەبەر، بۆ نمونە كۆمپانیای لۆجیتێك كە كۆمپانیایەكی تەكنەلۆژیای جیهانییە بڕیاریداوە پشویەك بۆ كارمەندەكانی دروست بكات كە هاوتەریب بێت لەگەڵ بڵاوكردنەوەی یاری GTA 6 بۆئەوەی هەمو كارمەندەكانی بتوانن بەبێ هیچ كێشەیەك لە وادەی دەرچونیدا یارییەكە بكەن. ئەوەش بڵاوكراوەتەوە، یەكەیەكی سوپای ئەمریكا لە جۆرجیا چوار رۆژی پێشكەش بە سەربازەكان كردوە بۆ ئەوەی یارییەكە بە پلەیستەیشن بكەن، بەو مەرجەی ئەگەر گرێبەستی دوبارە وەرگرتنەوەیان بۆ ماوەی 2 بۆ 6 ساڵ واژۆ بكەن.
جێی ئاماژەیە سەبارەت بە یارییەكە دابەزاندنی پێشوەختە دەستیپێكردوە بەڵام تاوەكو وادەی دەرچونەكەی كەس ناتوانیت دەست بە یاریكردن بكات، بۆ ئەو كەسانەی یارییەكەیان كڕیوە كە بە دو نرخی جیاواز بەردەستە كە ئاساییەكەی بە 79.99 دۆلارەو دوەمیشیان بە 99.99 دۆلارە كە كۆمەڵێك تایبەتمەندی زیاتر لەخۆ دەگرێت و لە ئێستادا بۆ هەردو سیستمی پلەیستەیشن 5 و ئێكس بۆكس سیریەسS وX بەردەستە، رەنگە سەرەتای ساڵی داهاتو وەشانی كۆمپیتەریش بڵاوببێتەوە.