نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە: هەرێمی كوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و رێگریكردن لە هەر جۆرە پشێوییەك،گشت كەناڵەكانی میدیای بینراوو بیستراو ئاگادار دەكەنەوە كە پێویستە لەكاتی روماڵكردنی هێرشە درۆنییەكان و روداوە ئەمنییەكاندا بە تەواوی پابەندی یاساو رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بن.
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیەنراوەكەیدا جەختی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و پابەندبون بە رێكارە پیشەییەكان كردوەتەوە بۆئەوەی روماڵی روداوەكان نەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری و بەدوربن لەبڵاوكردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەكی ناڕاست كە ببێتە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان.
داواشیكردوە، میدیاكان پابەندبن بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە رەسمییەكان و سەقامگیری بازاڕو باری ئابوری بپارێزن.