نەوا-
سەرۆكی لوبنان دەڵێت، چەككردنی حزبوڵڵا كارێكی گونجاو و كردەیییە ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسیی راستگۆیانە لەئارادا بێت.
جۆزێف عۆن سەرۆكی لوبنان لەمیانەی سەردانەكەی بۆ واشنتن روونكردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو مەرجانەدا و ئاشكرایكرد، ئەو سێ مەرجە سەرەكییە بریتین لە، كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی ئیسرائیل لە خاكەكانی لوبنان، دەستبەسەرداگرتن و كۆنترۆڵی تەواوەتی هەموو ناوچەكان لەلایەن سوپای لوبنانەوە، لەگەڵ جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی ئاوەدانكردنەوە كە تەنیا لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە بەڕێوەببرێت و دوور بێت لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی.
سەرۆكی لوبنان لە قسەكانیدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكاش تێیدا ئامادە بوون جەختی كردەوە، لوبنان ناتوانێت ئارام و یەكگرتوو بێت، مەگەر كاتێك ببێتە یەك دەوڵەت و خاوەنی یەك سوپا بێت كە بتوانێت بێ جیاوازی پارێزگاری لە تەواوی هاووڵاتیانی وڵاتەكە بكات.
باسی لەوەشكرد، مۆدێلی پێكەوەژیانی لوبنان شایستەی پاراستنە، نەك تەنیا لە پێناو لوبنان خۆیدا، بەڵكو لە پێناو تەواوی ناوچەكەشدا، چونكە لەسەر هەمان ئەو بەها و بنەمایانە دامەزراوە كە ئەمریكای لەسەر بونیاد نراوە، وەك ئازادی، فرەیی و سەروەریی یاسا.
دوپاتیشیكردەوە، سەركەوتنی ئەزموونی لوبنان پەیامێكی هیوا بەخش دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.