نەوا-
بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە: لە ماوەی ڕابردودا بۆ چارەسەركردنی سێ پرسی گرنگ ئیمزای پێویستی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان كۆكردەوەو ئاڕاستەی لیژنەی دارایی كراوە تاوەكو لەچوارچێوەی بودجەی گشتیی داهاتودا چارەسەرێكی یاسایی و داراییان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق بە سایتی فەرمی یەكێتی راگەیاندوە: داواكارییەكان بریتین لە دابینكردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانكردنی پلەی تایبەت بۆ ئەو دەرچوانەی كە بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئابوریی ساڵانی رابردوەوە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە، بەتایبەتی لەبەر پێویستیی بەردەوامی نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستییەكان بە پسپۆڕییەكانیان، هاوكات داوایانكردوە ماف و شایستە دارایی و كارگێڕییەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە لە ساڵانی رابردودا بەهۆی كێشە داراییەكانەوە دواخراون بەشێوەیەكی دادپەروەرانە جێبەجێ بكرێن و جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عیراق نەكرێت.
بڕیار رەشید ئاماژەشیكردوە، داواكارییەكی تریان تایبەتە بە پشتیوانی نزیكەی 700 مامۆستای وانەبێژ، كە هەندێكیان بۆ ماوەی 10 بۆ 12 ساڵ خزمەتیان كردوە بەڵام نەكراون بەگرێبەست.