وتەبێژی بانكی ناوەندیی: دۆلار لە ئەمریكاوە دەگاتە بەغدا
3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
مەحموود داغر راوێژكار و وتەبێژی بانكی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا، بارێكی نوێی دراوی دۆلار لە ئەمریكاوە دەگاتە بەغدا كە بڕەكەی یەك ملیار دۆلاری كاشە، ئەم پێشهاتەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهێزبوونی بەهای دیناری عێراقی و پاراستنی سەقامگیریی دارایی دادەنێت.
روونیشیكردەوە، كە ئەم بڕە نوێیەی دۆلار راستەوخۆ دەخرێتە خزمەت پڕۆسەی هاوسەنگكردنی بازاڕی دارایی و پاڵپشتیكردن لە دیناری عێراقی.
مەحموود داغر سەبارەت بە دابەزینی ئەم دوایییەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاریش لە بازاڕە ناوخۆیییەكاندا دەڵێت، كە ئەم گۆڕانكارییە ئەرێنییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە نەختینەیییەی بانكی ناوەندی پەیڕەوی دەكات لە رێگەی زیادكردنی قەبارەی خستنەڕووی دۆلار، هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانكاری و چاكسازییە ئابوورییانەی لە بازاڕدا هاتوونەتە كایەوە.