عێراق چاوەروانی گەیشتنی كاروانێكی نوێی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت، وڵاتەكەی چاوەڕوانی گەیشتنی كاروانێكی نوێیە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، كە چەك، پێداویستییە سەربازییەكان، رادار و سیستەمەكانی مووشەكیی دژەمووشەك و درۆن لەخۆدەگرێت.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق باسی لەوەكرد، بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە بەرگرییە نوێیانە گۆڕانكارییەكی ستراتیجی دەبێت لە پرۆسەی بونیادنانی هێزە چەكدارەكاندا، بە ئامانجی سەپاندنی سەروەری بەسەر تەواوی ئاسمانی عێراق و پاراستنی لە هەر هەڕەشە و پێشێلكارییەك.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەرەكی لەم پرۆژەیە پارێزگاریكردنە لە ژێرخانی نەوتی و ئابووریی وڵات لە بەرامبەر هەر پەلامارێكدا. سەباح نوعمان وتیشی، بە تەواوبوونی ئەم هەنگاوە، عێراق پێویستی بە هیچ جۆرە هاوكارییەكی ئەمنیی دەرەكی نابێت.
ئەو وتەبێژە روونیشیكردەوە، ئەم سیستەمە نوێیانە رێگە لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق و پێشێلكردنی لە ململانێ هەرێمییەكاندا دەگرن، هاوكات رووپۆشێكی بەرگریی بۆ یەكە زەمینی و دەریاییەكان دابین دەكەن لەگەڵ تۆڕێكی چاودێری و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە، كە دەبێتە هۆی دیاریكردنی هەڕەشەكان، بەتایبەت مووشەك و درۆن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەكانیان.