"ئەمڕۆ هێزەكانی یەپەشە تێكەڵی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق دەكرێن"

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، ئەمرۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەمی 2026، مەراسیمی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی سەربازیی یەكەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) و تێكەڵكردنیان بە دەزگا فەرمییەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم رێكارانە لە چوارچێوەی بەرنامە و میتۆدی حكوومەتی عێراقدایە بۆ قۆرخكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، بە مەبەستی دامەزراندنی قۆناخێكی نوێ لە بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە قەزای شنگال.
لە بەیاننامەكەدا باس لەوەشكراوە، حكوومەتی عێراق پێزانینی بەرزی هەیە بۆ ئەو قوربانییدانە گەورەیەی رۆڵەكانی پێكهاتەی ئێزدی لە بەرگرییكردن لە عێراق بە گشتی و قەزای شنگال بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی تیرۆردا پێشكەشیان كردووە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونیان بە دەستووری عێراق كردەوە كە دروستكردنی گرووپی چەكدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان قەدەخە دەكات.
هەر لە بەیاننامەكە جەختی كردەوە، حكوومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی دەگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی مافەكانی بەشداربووانی ئێزدی لە شەڕی دژی تیرۆر، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییان و زیانلێكەوتووان، و كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group