بەهرەمەندەكەی ریاڵ مەدرید هەموانی تووشی شۆك كرد

01/11/2018 وەرزش

نەوا
یانەی ریاڵ مەدرید لەجامی شای ئیسپانیادا بە 4 گۆڵی بێبەرانبەر لە یانەی ملیلیەی بردەوە، ئەو ئاستە نایابەی ڤینیسیوس جۆنیۆری بەڕازیلی و ئەستێرەی لاوی یانەكە پێشكەشی كرد، بۆتە جێی باسی هەموان.
دوای یارییەكە چەندین رۆژنامە و وەرزشەوان و رەخنەگری وەرزشی قسەیان لەسەرئاستی ئەستێرە بەڕازیلییەكە كردو رۆژنامەی "ماركا"ی نزیك لەیانەی ریاڵ مەدرید بەمانشێتێكی گەورە نوسیویەتی "منداڵی ئەستێرە" و لەراپۆرتێكدا باسی لەو ئاستە نایابە كردووە، كە ئەستێرە لاوەكە پێشكەشی كردووەو سەركردایەتی یانەی ریاڵی كرد لەو یاریەدا. دەشڵێت "ڤینیسیوس مەعنەویات بەرزدەكاتەوە و هەر لەخولەكی سەرەتای یارییەكەوە سەركەوتوو بوو لە رفاندنی چاوەكان بەلای خۆیدا".
لەلایەكی دیكەوە، "جات"ی كە رەخنەگر و شیكەرەوەیەكی دیاری وەرزشی ئیسپانیە لەبەرنامەی بەناوبانگی وەرزشی "شرینگیتۆ" وتویەتی "گەورەترین هەڵەی جۆلین لوپیتیگی راهێنەری لەسەر كارلابراوی ریاڵ مەدرید پشت نەبەستنە بە ڤینیسیوس". پێشیوایە ئەگەر یاری پێ بكردایە ئەوە ئەنجامێكی جیاوازتری بەدەستدەهێنا، چونكە ئەو یاریزانە لەیاری رابردوودا بەهرەكانی خۆی پیشاندا.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی نوسیویەتی "ڤینیسیوس پیاوی یاریەكە" و لەراپۆرتێكدا باسی لەتواناكانی ئەو یاریزانە 18 ساڵە كردووەو ئاماژەشی بە وتەكانی سۆلاری راهێنەری یانەی ریاڵ كردووە كە دەڵێت " ڤینیسیوس كارێكی زۆر نایابی كرد و ئەو گەنجێكی بەهرەمەندە لەمامەڵەكردن لەگەڵ تۆپدا".


دێگۆ بلازا راگەیاندنكارو شیكەرەوەش لەبەرنامەی شرینگیتۆ دەڵێت "ڤینیسیوس ئاستێكی نایابی پێشكەش كردو بەتەمەنم یاریزانێكم نەبینیوە تەمەنی 18 ساڵ بێت و ئەوە بكات كە ئەو دەیكات، ئەو كەسێكی سەرنجڕاكێشە".
لەلایەن خۆیەوە ئینیاكی كانۆ شیكەرەوەی وەرزشی هەمان بەرنامە ستایشی تواناكانی ئەو ئەستێرە لاوە دەكات و دەڵێت "ڤینیسیوس شتێكی نایابی هەیە ئەویش ئەوەیە كە رۆژبەڕۆژ پەرە بەتواناكانی دەدات"، هەروەها لۆیس سانچێز شیكەرەوەی بەرنامەكە پێیوایە "بەرپرسانی ریاڵ مەدرید هەست بە پەشیمانی دەكەن كە پشتیان بەو لاوە بەهرەمەندە نەبەستوە و وا هەست دەكەن دوو مانگی تەمەنی ئەو یاریزانەیان دزیوە".
جۆزێپ پیدرۆڵیش لەهەمان بەرنامەدا دەڵێت "تۆپی پێ هەست و نەستە نەك تەنها یاری، داوا لە ڤینیسیوس دەكرێت لەماوەی تەنها چەند مانگێكدا شتێكی ئەستەم ئەنجام بدات".
دوای كۆتاییهاتنی یارییەكەش سیفان میمۆن یاریزانی یانەی ملیلیە ستایشی ڤینیسیوسی كرد و وتی "درێسەكەم لەگەڵ ڤینیسیوس ئاڵوگۆڕكرد و زۆر بەوە خۆشحاڵم، ئەو یاریزانێكە ئاستێكی مەزنی هەیە".

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group