ئیمباپێ لەگەڵ ماكرۆن و میری قەتەر كۆدەبێتەوە

27/02/2024 وەرزش

نەوا-
كیلیان ئیمباپێ ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك كۆماری فەرەنسا و میری قەتەر لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس كۆدەبێتەوە، ئەمەش ترسی لای بەرپرسان و هاندەرانی ریاڵ مەدرید دروستكردوە.
بەگوێرەی میدیاكانی فەرەنسا، كیلیان ئێمباپێ یەكێك دەبێت لە بانگهێشتكراوەكان بۆ خوانێكی رێزلێنان كە ئەمڕۆ لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا بۆ پێشوازیكردن لە تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر رێكدەخات.
ئەگەرچی هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەم كۆبونەوەیە ترسێكی لای بەرپرسان و هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید دروستكردوە و لەوە دەترسن جارێكی دیكە سەرۆكی فەرەنسا و میری قەتەر بتوانن ئێمباپێ پاشگەز بكەنەوە لە رۆیشتن لە پاریس و بە گرێبەستێكی دیكەی گەورە رازی بكەن لە پاریس بمێنێتەوە، بەڵام رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، كە نزیكە لە ریاڵ مەدرید رایگەیاندووە، ئەمجارە سەرۆكی فەرەنسا و میری قەتەر هەرگیز ناتوانن ئێمباپێ پاشگەزبكەنەوە لە چونە ریزەكانی ریاڵ مەدرید .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group