ئاڵدار خەلیل: هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی داعشە

12/12/2018 جیهان

نەوا
لەیەكەم كاردانەوەدا بەرامبەر بە لێدوانەكانی سەرۆكی توركیا بۆ پەلاماردانی خۆرهەڵاتی فورات، سەركردەیەكی رۆژئاوای كوردستان ئەو هەڕەشەیەی بە هەوڵدانێك بۆ رزگاركردنی داعش لە سوریا ناوبرد، بەتایبەتی كە دوا قەڵای ئەو رێكخراوە لە ئان و ساتی كەوتندایە.
ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكراتیك (تەڤدەم) لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز، سەبارەت بە هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی نزیكبونەوەی وادەی هێرشی سوپای ئەو وڵاتە بۆسەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات وتویەتی "ئامانجی سەرەكی ئەردۆغان لەناوبردنی ئەزمونی دیموكراسی باكور و خۆرهەڵاتی سوریایە و ئەو هەڕەشانەمان بە هەند وەرگرتوە و لەئێستادا سەرقاڵی تاووتوێكردنین و رای گشتی لە هەر هەڵوێستێكمان بەرانبەر بەو هەڕەشانە ئاگاداردەكەینەوە".
دەشڵێت "هەڕەشەكان هاوكاتن لەگەڵ چوونەناوەوەی شەڕڤانانی سوریای دیموكراتی بۆ ناو شارۆچكەی هەجین، كە بە دوا قەڵای داعش لە سوریا دادەنرێت، بۆیە وا دەردەكەوێت ئەردۆغان دەیەوێت بەو هەڕەشانە تەمەنی ئەو رێكخراوە لە سوریادا درێژبكاتەوە، لای هەموانیش ئاشكرایە توركیا پاڵپشتی گروپە تیرۆریستیەكانی سوریا و بە تایبەتی داعشە".
ئەو سەركردە باڵایەی رۆژئاوای كوردستان، بە بیریشی هێنایەوە توركیا پێشتر جەرابلۆس، ئەعزاز، باب و عەفرینی داگیركردووە و بە هەڕەشەكانیشی بۆ پەلاماردانی خۆرهەڵاتی فورات دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچەیە و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان نەهێڵێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group