سۆلاری: بەڵێ..ریاڵ مەدرید قەیرانی هەیە

08/01/2019 وەرزش

نەوا
بڕیارە كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی چوارشەممە ریاڵ مەدرید لە یاری چونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیادا روبەڕوی یانەی لیگانیس ببێتەوە، سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەریش دەڵێت "بەوپەڕی گڕوتینەوە روبەڕوی تیمی میوان دەبینەوە".
ئەمڕۆ سۆلاری لە پرێس كۆنفرانسی یارییەكەدا وتی "جامی شا پاڵەوانێتییەكی زۆر جوانە و پێویستە لە خولەكەكانی سەرەتاوە ئاگاداری یارییەكە بین، دەبێت زۆر یەكلاكەرەوە بین و هەموو وزەی خۆمان بۆ بردنەوە تەرخان بكەین".
لەبارەی رەخنەكانی لۆكا مۆدریچ-یش لە پاش دۆڕاندنیان بە ریاڵ سۆسیداد، راهێنەری ریاڵ مەدرید وتی "قسەكانی مۆدریچم گوێ لێبو، ئەو لەناوەوە و دەرەوەی یاریگا زۆر زیرەكە، هەربۆیە تۆپی زێڕینی بردەوە، هەندێك لە وشەكانی دەستكاریكراوە، چونكە ئەو بۆ یەكەمجاری نییە بەو جۆرە قسە بكات، بەڵام قسەكانی لەبارەی زیادكردنی وردی و تەركیز لەسەرەتای یاریدا، راستی وتوە".
هەروەها جەختیكردەوە، كە بەردەوام دەبن لەكاركردن بۆ باشتربونی دۆخیان، وتیشی "ئێستا تۆماركردنی گۆڵ زۆر زەحمەت بوە، كاردەكەین بۆ باشتركردنی خۆمان لەو روەوە".
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group