بەرهەم ساڵح و مایك پۆمپیۆ كۆبوونەوە

09/01/2019 عێراق


بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵاتە تاوتوێ دەكەن و بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، وەزیرە ئەمریكیەكە ئامادەیی ولاتەكەی بۆ بەشداری لە وەبەرهێنان و بینیاتنانەوەی عێراق كردۆتەوە.
نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، بەرهەم ساڵح رۆژی چوار شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە مایك پۆمپیۆ و لە كۆبوونەوەیەكدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان عیراق و ئەمەریكا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
بەپێی ئەو راگەیەنراوە سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە پەیوەندی دوو قۆڵی بەغدا و واشنتۆن ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیوەندیە كرد لە نێوان هەردوو وڵات، هاوكات پەرەپێدان و پێشخستنیشی لە هەموو بوارەكاندا بە پێویست زانی بە تایبەت بەشداریكردنی ئەمەریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابووری و بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵات و باشتركردنی توانای سەربازی.
لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا عێراقی بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی وڵاتەكەی ناوبردووە  لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ئامادەیی واشنتۆنیشی دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عێراق و بەتایبەتیش شارە تازە ئازاد كراوەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group