كاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

12/02/2019

 

پەرلەمانتارێكی پارتی ئاشكرای دەكات، كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكلا كراوەتەوە، هاوكات دەشڵێ، پێش 18ی مانگ، سەرۆكی كاتی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە، بە مەبەستی دانانی بەرنامە بۆ یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی.
ئومێد خۆشناو، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: رۆژی پێنجشەممە 14ی مانگ، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە و بەرنامەی كار بۆ كۆبوونەوەی 18ی مانگ سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی رادەگەیەندرێت.
ناوبراو جەختی لەوەش كردەوە، ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدان كۆبوونەوەكە لە وادەی خۆیدا، كە 18ی ئەم مانگەیە، ئەنجام بدرێت و لەو رێكەوتەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن، هاوكات هەموو فراكسیۆنەكانیش لەوبارەیەوە كۆكن.
خۆشناو، كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرا دەكات، كە ئەو پۆستە بۆ هێمن هەورامی یەكلا بووەتەوە، چاوەڕوانی یەكێتی و فراكسیۆنە توركمانییەكانیش دەكەن، هەریەك لەو لایەنانە كێ كاندید بكەن بۆ سەرۆك و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگی پێ دەدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group