نەتەوەیەكگرتوەكان 15 هەزار خانووی تر لە موسڵ نۆژەندەكاتەوە

13/03/2019 عێراق

 

بەرنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەرپێدان 15 هەزار خانوو لە رۆژئاوای موسڵ نۆژەندەكاتەوە، بەوەش كۆی ئەو خانووانەی لەلایەن ئەو رێكخراوەوە نۆژەندەكرێتەوە ژمارەیان دەگاتە 30 هەزار خانوو.
بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمیی نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق (یۆنامی) پڕۆژەكە 29 گەڕەك لە رۆژئاوای موسڵ  دەگرێتەوە، كە زیانی زۆریان پێگەیشتوە لە شەڕی ئازادكردنی شارەكە لەدەستی داعش.
پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەكە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی زیاتر لە 90 هەزار كەس بۆ شارەكەیان، بەتایبەت ناوچەی موسڵی كۆن كە پێشتر داعش خەلافەتیان تیایدا راگەیاندبوو.
محەمەد سدیق مەداوی، سەرۆكی بەرنامەی سەقامگیری لە بەرنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەرپێدان رایگەیاند: ئەو خانوانەی كە پێویستی هەنوكەییان بە نۆژەنكردنەوەیە، بەتایبەت ئەو خانەوادانەی كەوا ئافرەت تیایدا سەرۆك خێزانە، یان گەنجێك بەڕێوبەر‌ی دەبات، یان كەمئەندامن، پێشتر نۆژەن دەكرێنەوە.
وتیشی :"كارەكانی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵەی یەكەم لە خانوەكان لە كۆتایی مانگی ئازاردا تەواو دەبێت، بڕیارە كۆی پڕۆژەكە تا مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ سەرجەمیان تەواو بكرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group