منداڵەكەی مێسی: باوكە بۆچی لە ئەرجەنتین دەیانەوێت بتكوژن؟

30/03/2019 وەرزش

نەوا
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كە بەپێشكەشكردنی ئاستێكی خراپ بۆ هەڵبژاردەكەی تۆمەتبار دەكرێت، ئاشكرایكرد، تیاگۆی كوڕی پێی وتوە "باوكە بۆچی لە ئەرجەنتین دەیانەوێت بتكوژن؟".
مێسی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی ESBNی ئەمریكی سەبارەت بەو رەخنانەی روبەڕوی دەكرێنەوە ئاماژەی بەوەداوە، شتێكی قورسە.. كوڕەكەم بەردەوام چاودێری دەكات و سەیری یوتیوب دەكات و دواتر لێم دەپرسێت، بۆچی دەیانەوێت بتكوژن لە ئەرجەنتین؟ بەڵام دەمەوێت بەردەوام بم و لەگەڵ هەڵبژاردەكەمدا شتێك بەدەستبهێنم و هەموو یاریە گرنگەكان یاری دەكەم، لەجامی جیهانی 2014 تا یاری كۆتایی رۆشتین ئەوەش شتێكی ئاسان نییە، نامەوێت ئەو درۆیانەی دژم دەوترێن وەكو راستیەك پیشان بدرێن من راهێنەری هەڵبژاردەكەم دیاری ناكەم و ئەو بابەتە خراپانەم گوێ لێدەبێت و قورسە بتوانیت لەگەڵیاندا بژیت.
ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر جامی جیهانی بەڕازیلمان بەدەستبهێنایە ئەوە بابەتەكە پێچەوانە دەبوو، بەهۆی چەند وردەكاریەكی بچوكەوە دۆڕاندمان و ئەوەش چەندین شكستی تری بەدواداهات و پێویست بوو راگەیاندنەكان بەشێوەیەكی جیاوازتر مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بابەتە بكردایە.
لیۆنێل مێسی تەئكیدیشی كردووەتەوە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەقۆناغێكی گۆڕانكاریدا تێدەپەڕێت و ئاشكرایە كە سەرجەم جیهان رێزی دەگرن بۆ ئەوەی بەدەستی هێناوەو پێی گەیشتووە بەڵام پێویستە واقعی بین، ئەگەر بمانەوێت ركابەرێكی بەهێز بین پێویستە ئەوە لەناو یاریگادا بكەین و كاری زۆر چاوەڕێمان دەكات كە بیكەین.
لیۆنێل مێسی كە ئێستا تەمەنی لە 32 ساڵا نزیكبووەتەوە بەیەكێك لەباشترین یاریزانەكانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت و هەموو تەمەنی وەرزشی بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی یاری كردووەو نازناو و دەستكەوتێكی زۆری لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەدەستهێناوە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە لەگەڵ هەڵبژاردەكەی شتێكی ئەوتۆ بەدەستبهێت و رای گشتی ئەرجەنتینیش مێسی تۆمەتبار دەكەن كە ئاستی باش لەگەڵ هەڵبژاردەكەی پێشكەش ناكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group