دوو یاریزان هاواریان لە كۆمپانی كردوە شوتەكە لێنەدات!

07/05/2019 وەرزش

نەوا
فینسنت كۆمپانی بەرگریكار و كاپتنی مانچستەر سیتی ئینگلیزی گرنگترین و پڕبایەخترین سێ خاڵ پێشكەش بە یانەكەی دەكات و رەنگە بەهۆیەوە نازناوی ئەم وەرزی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنن.
شەوی رابردو لە خولەكی 70ی روبەڕوبونەوەی مانچستەر سیتی و لیستەر سیتی لە هەفتەی 37ی پرێمەلیگدا، كۆمپانی لەدەرەوەی ناوچەی سزای تیمی میوان تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی تۆڕی كاسپەر شمایكلی گۆڵپارێزی ركابەر كرد و جوانترین گۆڵی تۆماركرد، كە بوەهۆی بەدەستهێنانی 3 خاڵ لە هەفتەی پێش كۆتایی خولەكەدا و كۆی گشتی خاڵەكانیشی گەیاندە 95 و لوتكەی پرێمەرلیگیان پێگرتەوە، كە تەنها 1 خاڵ جیاوازییان لەگەڵ لیڤەرپوڵی ركابەری سەرەكی هەیە.
بەرلەوەی شوتەكەی ئاراستەی گۆڵ بكات، سێرجیۆ ئەگوێرۆ و برناردۆ سیلڤا هاواریان لە كۆمپانی كردوە "لێنەدەیت...لێنەدەیت".
لەوبارەیەوە كۆمپانی دەڵێت "لە تواناكانم دڵنیام. ئەم وەرزە گۆڵم تۆمار نەكردوە، بەڵام لە ساتە یەكلاكەرەوەكاندا هەستی ئەوەم هەیە، كە دەتوانم شتێك بكەم".
وتیشی "بەڕاستی بێئومێدییەكی گەورە هەبوو، گوێم لێبوو دەیانوت شوتەكە لێمەدە. ئەوە نیگەرانی كردم. پێموایە نەگەیشتومەتە ئەو قۆناغەی یاریكردنم، كە یاریزانانی بچوك داوام لێبكەن شوت لێنەدەم".
پاش یارییەكەش، ئەگوێرۆ بە سوعبەتەوە بە كۆمپانی وتوەتەوە "شوتەكە لێنەدەیت". رەحیم ستێرلینگی هاوڕێشیان لە تویتەر نوسیویەتی "من بوم هاوارم دەكرد. نا فینی...بۆ وا دەكەیت؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group