ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران، ئاشكرایكرد ئامادەباشیی سەربازییان لە بەرزترین ئاستدایە و رایگەیاند: "ئەمریكا و بەرەی زایۆنی ئەم جارەش تامی شكست دەكەن".
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فەرمیی ئیرنا، ئەمیر حاتەمی لە میانی وتارێكدا كە لە چوارچێوەی چالاكییەكدا لە تارانی پایتەخت پێشكەشیكردووە، لەبارەی هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا دواوە.
حاتەمی رایگەیاندووە "ئامادەباشیی ئێران لە رووی بەرگریی و سەربازییەوە لەبەرامبەر هەموو جۆرە هەڕەشەیەكدا لە بەرزترین ئاستدایە".
وەزیری بەرگریی ئێران تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی لەگەڵ شكستهێنانی گرووپە توند ئاژۆكانی لە ناوچەكە لە وڵاتانی هاوشێوەی عێراق و سووریا، پلانەكانی واشنتۆنیش لە ناوچەكە تووشی شكست بوونەتەوەو رایگەیاندووە "دوای ئەوەی كە پیلانە رەشەكانیان لە ناوچەكە تووشی شكست بوو، ئەمریكییەكان روویان لە پەلاماردانی گەلەكەمان لەرێگەی سزای ئابووریی و فرە لایەنەوە كرد".
ئەمیر حاتەمی جەختی لەوەكردووەتەوە كە ئێران هەمیشە پیلانگێڕییەكانی ئەمریكای پووچەڵكردووەتەوە و وتوویەتی: "ئەمریكا و بەرەی زایۆنی ئەم جارەش تامی شكست دەكەن".