عەدنان كەریم باس لە كۆنسێرتەكەی دەكات

11/07/2019 هەمەڕەنگ
هونەرمەند عەدنان كەریم

نەوا-سەعید عەبدوڵا-هەولێر
هونەرمەند عەدنان كەریم رایدەگەیەنێت، ئەگەر هاوكاری نەكرێم، ناتوانم كارەكانم ئەنجامبدەم، داواشی لەهونەرمەند زیاد ئەسعەد كرد بگەڕێتەوە كوردستان، چونكە هونەرمەند لەوڵاتی خۆی سەنگ و قورسایی زۆرترە.
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە هونەرمەند عدنان كەریم سەبارەت بەكۆنسێرتەكەی كە بڕیارە رۆژی هەینی كاتژمێر 7ی ئێوارە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لەشاری هەولێر ئەنجامی بدات، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەگەڵ گروپی میوزیكی مەحوی كۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزیك پێشكەش بەهەوادارن و هونەردۆستان دەكەین، بەشێوەیەكی شارستانی.
وتیشی: "ئەگەر هاوكاری بكرێین ئەوا لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان هەمان كۆنسێرت و بەرهەمی تریش پێشكەش دەكەین، ئەم كۆنسێرتەش هیچ كەسێك هاوكاری نەكردوین جگە لەچەند سپۆنسەرێك، ئەوەی تریش بەشی زۆری بلیتەكان فرۆشراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، كارێكی لەبەردەستە و چاپی دەكەن، یەك گۆرانیەو 42 خولەكە بەرهەمی شیعری هێمنی شاعیرە.
عەدنان كەریم داوای لەزیاد ئەسعەد و هونەرمەندانی دیكەی تاراوگە كرد كە بگەڕێنەوە كوردستان، چونكە وەك ئەو وتی: "هونەرمەند لەوڵاتی خۆی سەنگ و قورسایی زۆرترە، بەدەنگە زۆڵاڵەكانیان گۆرانی بۆ گەنجان بڵێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group