لیوا زریان: پێشمەرگە نەگەڕێتەوە داعش لە مەخموور كۆتاییی نایەت

16/07/2019

نەوا
چەكدارانی داعش جوڵەكانیان لەسنووری قەزای مەخمور زیاد دەكەن و فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێت، "چەكدارانی داعش هەموویان لەسنووری ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكان كۆبوونەتەوەو تەنیا چارەسەر بۆ لەناوبردنیان گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ سەنگەرەكانی پێشوو".
لەوبارەیەوە لیوا زریان شێخ وەسانی فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: "چەكدارانی داعش لەناوچەكانی حەلوات و رۆژئاوای كەركووكەوە دێنە مەخموور و بەشێوەی مەفرەزە جووڵە دەكەن، هەموو ئەو چەكدارە داعشانەی لە سنووری مەخموور هەن دەكەونە ئەو ناوچانەوە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكاندان، ئەو سنوورەی پێشمەرگەی تێدایە تەنیا یەك چەكداری داعشی تێدا نەماوەو بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵكراوە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پێویستە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بگەنە رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، چونكە ئەگەر هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەكانی پێشوی لەو سنوورانە جووڵەی چەكدارانی داعش نامێنێت، لەبەرئەوە تەنیا چارەسەر بۆ لەناوبردنی داعش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ مەخموور".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group