"كەرتی تەندروستی نەینەوا پێویستی بە 250 ملیار دینار هەیە"

22/07/2019 نەوا

خزر ئەلیاس سەرۆكی لێژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت "لەكاتێكدا كەرتی تەندروستی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی بكەوێتەوە سەرپێی، پێویستی بە 250 ملیار دینارە، كەچی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەنها 20 ملیار دیناری بۆ ئەم كەرتە تەرخانكردوە".
بڕیاری تەرخانكردنی 20 ملیار دینار بۆ هەر پارێزگایەكی عیراق لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و هاووڵاتیانی پارێزگاكەی نیگەرانكردوە و داوای گوژمەی زیاتر دەكەن.
لەوبارەیەوە خزر ئەلیاس سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەلێدوانێكیدا وتی "دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەین، كە بودجەی تایبەت بۆ كەرتی تەندروستی سەرجەم پارێزگاكان تەرخان دەكات، ئەمە هەنگاوێكی ئەرێنی و باشە، بەڵام بەڕاستی نیگەرانین لەوەی دۆخی پارێزگای نەینەوا بەراورد نەكراوە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی هیچ شەڕێك تیایدا روینەداوە. ئەمە نادادپەروەرییەكی گەورەیە لە بەرانبەر خەڵك و ئیدارەی شارەكە، چونكە لەلایەك موسڵ وێرانەیە و لەلایەكی دیكەش دووەم گەورەترین پارێزگایە".

وتیشی "لە سەردەمی شەڕی داعشدا نەخۆشخانەكانی پارێزگای نەینەوا هاوشێوەی زۆربەی باڵەخانەكانی ئەو شارە گەورەترین زیانیان بەركەوت، نەخۆشخانەی ئیبن سینای 600 قەرەوێڵەیی و نەخۆشخانەی كۆماریی 560 قەرەوێڵەیی و نەخۆشخانەی سەلامی 400 قەرەوێڵەیی و نەخۆشخانەی بەتول -ی 300 قەرەوێڵەیی و دەیان بنكەی تەندروستی دیكە لە سنوری پارێزگای نەینەوا بەهۆی جەنگەوە گەورەترین زیانیان بەركەوت، سەرجەم نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوەیە، ئەم هەموو زیانە گەورەیە بە 20 ملیار دینار قەرەبو ناكرێتەوە، بەڵكو كەرتی تەندروستی پارێزگای نەینەوا پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیار دینار تاوەكو بەشێوەیەكی تەندروست خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتیان بكات".

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات كەرتی تەندروستی پارێزگاكەیان سەرەڕای سەرجەم كەموكوڕییەكان رۆژانە لە خزمەت هاووڵاتیاندایە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای نەینەوا و لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنیش بەردەوام لەهەوڵدان بۆئەوەی زۆرترین كەلوپەل و ئامێر و دەرمانی پزیشكی بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی شاری موسڵ دابین بكەن، هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان توانیویانە لە رێگەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان بەركەوتوەكان چەند ئامێرێكی پزیشكی پێشكەوتو لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا جێگیر بكەن.

خزر ئەلیاس دەشڵێت "لەئایندەیەكی نزیكدا بەشی نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرەی دڵ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا دەچێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group