سێ هاووڵاتی بێسەروشوێن دەكرێن و لە سلێمانی گردبونەوە بۆ دیاریكردنی چارەنوسیان دەكرێت

18/08/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
بەشێك لە خانەوادەی ئەو سێ هاووڵاتیەی دەوترێ رفێندراون، لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و  پەرلەمانتاران لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو داوای ئاشكراكردنی چارەنوسی كەسوكارەكانیان دەكەن.
لەوبارەیەوە نزار محەمەد سەرپەرشتیاری كەمپینەكە لەپرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لەژێر سێبەری حكومڕانی كوردیدا رێگریكردن لە هاووڵاتیان بۆتە دیاردەو بەبێ هیچ هۆكارێك دەڕفێنرێن و سزادەدرێن و قەدەغەی هاتۆچیان لەسەر دادەنرێت.
وتیشی "هەر یەكێك لە راهێن یاسین و بورهان حەسەن ناسراو بە فەقێ هۆشیار و دڵشاد جەباری لە هەولێر و دهۆك دەڕفێنرێن و بێسەرو شوێن دەكرێن، هاووڵاتیان چیتر شارچێتییان لێ قبوڵ ناكات".
لایخۆیشیەوە رێزدار بورهان حەسەن كورە گەورەی فەقێ هۆشیار بە رادیۆ نەوای وت "باوكم لە 26-7 چوو بۆ دهۆك راستە هەموو تەمەنی لەسیاسەتدا بەڕێكردوە، بەڵام هیچ پەیامێكی خراپی بۆ گەلی كورد نەبوە و تائێستا بێسەروشوێنە، داواكارم لە یەكێتی راستە ئێستا لە ریزەكانیاندا نەماوە، بەڵام چەند ساڵە خەباتی لەگەڵ كردون و ناكرێت لەئێستادا پشتی لێ بكەن".
سەبارەت بە رفاندنی راهێن یاسین-یش لەشاری هەولێر و دەركردنی لەو شارە بەهۆی بڵاوكردنەوەی پۆستێكی رەخنەگرانە، یاسین عەبدوڵڵا باوكی راهێن بە رادیۆ نەوای وت "كوڕەكەم پێش دوو مانگ لە هەولێر كاری مەندوبی دەكرد، لەسەر هەڵوێستەكانم لە 5-8-2019 لەبەردەم شوقەكەی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری لاندكرۆزەرو تاهۆی رەش، كە هەشت چەكداریان تێدابوە، بۆ ماوەی سێ كاتژمێر بێسەرو شوێنی دەكەن و پاش ئەشكەنجەدانێكی قورس بە لێدان و كارەبا پێی دەڵێن تۆ كوڕی پیاوێكی قسە بە پێغەمبەرەكەی ئێمە دەڵێیت، نابێت لەم شارە كار بكەیت و بەبێ هۆشی لەبەردەم شوقەكەی فڕێ دەدرێت و داوای لێ دەكەن بە زوترین كات ئەو شارە جێبهێڵێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group